عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندی شێوەكاری بەئەزموون مامۆستا عەلی جۆڵا زیاتر لە 50 ساڵە كاری سەرقاڵی كاری هونەرییە و شارەزایانی ئەو بوارەش دەڵێن، مامۆستا عەلی جۆڵا، گەوهەری دنیای شێوەكارییە.
رۆژی پێنجشەممە لقی سلێمانی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بە هاوبەشیی رێكخراوی (رێد ئیڤێنت پلانەر) مەراسیمێكیان بۆ هونەرمەندی بەئەزموونی شێوەكار مامۆستا عەلی جۆڵا رێك خست كە تیایدا پسپۆڕانی بواری شێوەكار، گفتوگۆیان لەسەر كارە هونەرییەكانی مامۆستا جۆڵا كرد. د. رۆژڤار كەمال، سەرۆكی لقی سلێمانیی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بە (هەولێر)ی راگەیاند، هونەرمەندێكی وەك مامۆستا عەلی جۆڵا، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی بۆ دنیای شێوەكاران، قوتابخانەیەكن بۆ شێوەكارانی ئێستا، چونكە مامۆستا جۆڵا زیاتر لە نیو سەدەیە كاری بەرزی هونەری دەكات، بۆیە زۆر گرنگە ئەم جۆرە پانێڵانەیان بۆ ساز بكرێت تا كارەكانیان لە هزری خەڵكدا بمێننەوە و رێباز و رێچكەكەیان بەردەوام بێت. د.رۆژگار كەمال وتی “مامۆستا عەلی لە هەموو رێبازەكانی شێوەكاریدا كاریكردووە و جگە لەوەش، توانا و دەستێكی باڵای لە دامەزراندنی بەشی شێوەكاری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی و بەشی شێوەكاری كۆلێجی هونەرە جوانەكان هەبوو”.
هەروەها د. رێبوار سەعید، شێوەكاری ناسراو و مامۆستای زانكۆ بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەوەی لە كارەكانی مامۆستا عەلی زۆر گرنگ و جێی سەرسامییە، زیاتر لە نیو سەدەیە بەبێ دابڕان، كارەكانی بەردەوام بووە، بەو پێیەی ساڵانێكی زۆریشە لە دامەزرێنەرانی بەشەكانی شێوەكارییە لە زانكۆ و پەیمانگا، بۆیە لەڕووی ئەكادیمی زیاتر قووڵ بۆتەوە و بە بەردەوامی لەگەڵ خوێندكار و مامۆستا بووە، بەجۆرێك بەیانیان زوو لە زانكۆش خەریكی كاری هونەری بوو.
د. رێبوار وتی “ناوەرۆكی كارەكانی مامۆستا عەلی دوو بەش بووە؛ خەمی نیشتمان و كولتوور. هەروەها لە ڕێگەی رەنگەوە باسی خۆشییەكانی ژیانیشی كردووە”.
د. رێبوار دەڵێت، گەنجی ئێستا دەكرێت سوودی باش لە ئەزموونەكانی هونەرمەندانی وەك مامۆستا عەلی وەربگرن، چونكە تایبەتمەندییەكی مامۆستا ئەوە بووە بەشێك لە كارەكانی لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە كە ئەوەش جۆرێك لە داهێنانی ئەم هونەرمەندە.
مامۆستا عەلی جۆڵا، لە وتەیەكدا سوپاسی رێكخەرانی ئەو دیدارەی كرد و رایگەیاند، بەلایەوە شانازییە دوای زیاتر لە 50 ساڵ، ئەم كارەی بۆ كراوە و وتی “سوپاسی هونەرمەندانی بەشدار دەكەم كە بەو شێوەیە باسیان لە ناوەرۆكی كارەكانم كرد و هیوادارم توانیبێتم خزمەتێكی بچووكی دنیای شێوەكاری بكەم”.