یانەی بەرشلۆنە، بەربەستی سەختی دێتە پێش لە واژۆكردنی بۆند لەگەڵ یەكێك لە ئەستێرەكانی پرێمەر لیگ، كە پلانی داناوە لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵدا بكات.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە ئەلێكسەندەر ئیزاكی هێرشبەری یانەی نیوكاسڵ یونایتد، یەكێكە لەو یاریزانانەی لە مانگی یەكی ڕابردوو (ماوەی گواستنەوەی زستانە) لەلایەن یانەی بەرشلۆنەوە بە ئامانج گیرابوو، گرێبەستی ئەو یاریزانە بۆ هاوین، نیمچەمەحاڵ دەبێت.
یانەی بەرشلۆنە بە دوای ڕێگەچارەیەكدا دەگەڕێ بۆ باشتركردن و بەهێزتركردنی هێڵی پێشەوە (هێرشبەری ڕم)، لەگەڵ نزیكبوونەوەی تەمەنی ئەستێرە پۆڵەندییەكەی (ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی) بۆ تەمەن 37 ساڵان، كە لە ئابی دادێ دەگاتە ئەو تەمەنە.
بەو هۆیەوەی چەندان یانەی ئەورووپا كە ئاستی داراییان لە بەرشلۆنە باشترە، تەمایان لەو یاریزانە ناوە، بۆیە بۆ بەرشلۆنە نیمچەمەحاڵە بتوانێ ئەو بۆندە بە سەركەوتوویی لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلا بكاتەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، كە ئاستی نایابی ئیزاك، سەرنجی هەریەك لە یانەكانی ئارسناڵ، لیڤەرپوول و مانچستەر یونایتدی ڕاكێشاوە.
ڕوونیشی كردووەتەوە، كە ئەلێكسەندەر ئیزاكی 25 ساڵان، لەلایەن یانەكانی پاریس سان جێرمان و بایرن میونشنیشەوە بایەخی زۆری پێ دەدرێ.
هاوكات، هەر یانەیەك بیەوێ بۆند لەگەڵ ئیزاكی سوێدیدا واژۆ بكا، دەبێ بڕەپارەیەكی زۆر بە نیوكاسڵ بدا، بەو هۆیەی گرێبەستی یاریزانە سوێدییەكە لەگەڵ ئەو یانەیەدا تا ساڵی 2028ـە، بۆیە هەر یانەیەك بیەوێ گفتوگۆی گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانەدا بكا، دەبێ بزانێ ڕووبەڕووی زەحمەتی و زۆریی ئەو بڕەپارەیە دەبێتەوە كە نیوكاسڵ لە بەرانبەر دەستبەرداربوونیدا داوای دەكات.
خۆ ئەگەر نیوكاسڵ، شكست بێنێ لە گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەكان، بۆی سەخت دەبێ بتوانێ پارێزڤانیی لە مانەوەی ئیزاك بكا، بەو پێیەی ئەو یاریزانە حەز و خواستێكی زۆری بۆ بەشداریكردن لەو پاڵەوانیەتییەدا هەیە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ باسی لەوە كردووە، كە یانەی نیوكاسڵ، 90 ملیۆن یۆرۆی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی دیكە بۆ دەستخستنی ئیزاك داوە، خۆ ئەگەر بڕیاری دەستبەردابوون لێی بدا، داوای زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەكا، تا بڕەقازانجێكیشی لێ بكات.
مووچەی ئێستەی ئیزاك دەگاتە 18 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە، خۆ ئەگەر بچێتە یانەیەكی دیكە، مووچەكەی بەرز دەبێتەوە.
مێدیاكە باسی لەوە كردووە، كە لە رووی داراییەوە، ئەو بۆندە بۆ بەرشلۆنە بە ئاڵۆز دادەنرێ، كە پێویستە هاوسەنگیی لەنێوان داهاتەكەی و یاساكانی یاریی پاكدا ڕابگرێ.
دووپاتیشی كردووەتەوە: لەپێناو دەستخستین ئیزاكدا، بەرشلۆنە دەبێ چەند یاریزانێكی بفرۆشێ بەپێی یاسای 1-1 بۆ تەواوكردنی ڕێكاری تۆماركردنی یاریزان و بۆندی نوێ.