لە یادی ماڵئاوایی بارزانیی نەمردا

فازڵ میرانی*
کاتێک لە یەکەمین ڕۆژی مانگی ئاداری ساڵی ١٩٧٩دا، ڕادیۆ ھەرە بەناوبانگ و جیھانییەکانی ئەو سەردەمە، ھەواڵی کۆچی دوایی (مستەفا بارزانی)یان بە بایەخ و بە ڕاپۆرتی چڕ و پوخت لە بارەی ژیان و خەباتی ئەو بڵاو کردەوە، کورد لە سەرانسەری جیھان تووشی خەمناکییەکی زۆر ھات. مستەفا بارزانی گەورەترین سەرکردە و ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان بوو لە سەدەی بیستەم و لە مێژووی دوو سەدەی تێکۆشانی نەتەوەیی کورددا، ئەو ناونیشان و ھێمای خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیەک بوو لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا. ھەر بۆیە لە ھەر ناوەندێکی سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەری و نێونەتەوەییدا، ناوی کورد و کوردستان ئاوێتەی ناوی بارزانی ببوو.
لە یەکی ئاداری ھەموو ساڵێکدا، ھاوکات لەگەڵ بەیەکجاری ماڵئاواییکردنی مەلا مستەفا بارزانیدا، زۆر گرنگە ئێمە بۆ ژیننامە و کاروانی پڕ لە شکۆ و کۆڵنەدان و بەرخودانی ئەفسانەییانەی ئەو بگەڕێینەوە، بۆ ئەوەی توێشووی تێکۆشانی نەبڕاوە و پشوودرێژی دەستەبەر بکەین. لە ھەمان کاتدا کۆڕی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی گەلەکەمان، بەو جۆرەی لەگەڵ خەباتی مەدەنی و سیاسی و یاسایی و دیپلۆماسی و ئاواکاریی ئەم سەردەمەدا دەگونجێت، بەرەو پێش ببەین، کە بە دڵنیاییەوە ھەر گەڕانەوە و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ خەباتی بارزانی، ڕۆشنایی و بەرچاوڕوونیی زیاترمان پێ دەدات، بۆ تۆکمەکردنی ھەوڵ و تێکۆشانمان، متمانە و بڕوایەکی ھەردەم بەتینیشمان پێ دەدات، کە ئیدی خەباتی نەتەوەیەکی کۆڵنەدەر، ھەر بە ئامانج دەگات.
ڕێڕەوی ژیان و خەباتی مستەفا بارزانی نەک ھەر بۆ کورد نەخشەڕێی کار و تێکۆشانە، بەڵکوو ژیان و خەباتی ئەو وەک میراتێکی فرە بەھاداری مرۆڤایەتییە، کە سەرکردەیەک و نەتەوەکەی لە پێناو پرسێکی ڕەوای مرۆڤانەدا خەباتیان کرد و ئێستاش بەردەوامن. بە دڵنیاییەوە لە ئاستی نێونەتەوەییدا، بە دەگمەن کەسایەتیی وا بەھێز و دانا و دووربین و لە ئاستێکی بەرزی مرۆڤایەتیدا ھەڵدەکەوێت، بۆیە وەک لە ڕابردوو و ئەمڕۆ و لە داھاتووشدا، کورد مافی خۆیەتی شانازی بە کەسایەتیی (مستەفا بارزانی)یەوە بکات. ئەو لەو جۆرە سەرکردانە بوو کە مێژوو دروست دەکەن، بۆیە مێژووی مرۆڤایەتی بە شانازییەوە ناوی ئەو لە لاپەڕەی زێڕینی خۆیدا تۆمار دەکات.
ئەمڕۆ با ھەموومان، لەبەر ڕۆشنایی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، کار بۆ ئامانجی پیرۆزی وڵات و نەتەوەکەمان بکەین، کە خۆی لە ئازادی و پێشکەوتندا بەرجەستە دەکات.
بارزانیی نەمر لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتۆن کۆچی دوایی کرد. ئەو تا دوا ھەناسەی ژیانی خەباتی بۆ مافی گەلەکەی کرد و ھەرگیز دەستبەرداری ئامانجەکانی نەبوو. کاریگەری و میراتی بارزانی لە سەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد تا ئێستاش بەردەوامە و وەک سیمبولێکی نەتەوەیی و نیشتمانی دەمێنێتەوە. ئەو بوو بە ھێمای خۆڕاگری و بەرخۆدان بۆ نەوەکانی داھاتوو و ناوی لە مێژووی کورددا بە زێڕینی تۆمار کراوە و،بەرزراگرتنی ئەو مێژووە و بەردەوامبوونی ئەرکێکی ھەرەسەرەکی پارتیمانە بەسەرۆکایەتی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی.

بژی کورد
بژی کوردستان
*بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی