نمرە نابێتە پێوەری زیرەکی

بەكر كەریم حەسەن
(كۆنفۆشیۆس) فەیلەسووفە بەناوبانگەکەی چین، دەڵێ “ویژدان بریتیە لە ڕووناكی ژیری بۆ جوداكردنەوەی چاكە لە خراپە”.
قوتابی كە دێتە قوتابخانە و لە هەر پۆلێك دەخوێنێت و هەوڵ دەدات و تاقیكردنەوەی بۆ دیاری دەكرێت و مامۆستاكەی نمرەی بۆ دادەنێت بە پێی وەڵامەكان. تا ئێرە سروشتییە و هەروا كراوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت لێرە و لەوێ لە هەندێك قوتابخانە و بگرە لە هەندێ كۆلێژ، بەشێك لە مامۆستایان وا بە توندی هەوڵسوكەوت لەگەڵ نمرە دەكەن وا دەزانن تەنها نمرەی بابەتی ئەوان پێوەری سەرەكی بنەڕەتییە بۆ زیرەكی و دەرچوونی قوتابیە، نەخێر هەرگیز نابێت نمرە ببێتە تاكە پێوەر بۆ بەزیرەكزانینی قوتابی یانیش بۆ دەرچوون تێپەڕاندنی پۆڵ و قوتابخانەكە، چونكە نمرە پێوەری زیرەكی ژیری قوتابیەكان نییە، وە لەهەمان كاتدا تاكە پێوەر نابێت بۆ دەستكەوت و بەرهەمی زانستی و پەروەدەیی قوتابی، دەتوانین بڵێن ئەو نمرانەی كە هەندێك مامۆستا بە ڕەشبینی و بە توندی هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكەن. ڕێگایەكی نموونەیی و یەكلاكەرەوە نییە بۆ دیاری كردنی ڕادەی تێگەیشتنی قوتابی لە بابەتەکە و هەروەها بۆ هەڵسەنگاندن و تێپەڕاندنی قوتابی لە قۆناغی خوێندن، بۆیە گرنگە مامۆستایانی بەرێز بە گەشبینیەوە ڕەفتار لەگەڵ نمرەی قوتابیەكانیان بكەن.
هەر لە یەكەم تاقیكردنەوە و یەكەم وەرز سێدارەیان بۆ هەڵنەدەن، بەڵكو مامۆستای پەروەردەیی هەمیشە هاندەری قوتابی دەبێت كۆمەڵێك لایەنی تر ڕەچاو دەكات بۆ قوتابی نەك هەر ئەزموون و نمرەهێنان.
ئەوەی گرنگە لە بەر چاو بگیرێ و مامۆستا نمرەی لەسەر دابنێت هانی قوتابی بۆ قوتابخانە و ئامادە بوونی لە پۆڵ و پابەندی و گوێڕایەڵی بە ڕێنماییەكان و ڕێزگرتنی مامۆستا و بابەتەكە و ئەو هەموو كات و خەرجییەی لە قوتابخانە و پێدوایستیەكانی قوتابخانە خەرج دەكات هەموو پێویستە نمرەی هاندان و پابەندی لەسەر بێت كە دڵنیام مامۆستایانی پەروەردەیی خاوەن ویژدان و خاوەن ڕوئیا ڕەچاوی دەكەن. قوتابیەك دەگێڕێتەوە كە لە ووڵاتی ڕووسیا قوتابی بووە و دەڵێ “لە ڕووسیا زۆربەی تاقیكردنەوەكان لەسەر (5) نمرە بوون، هەر قوتابیەك وەڵامی هیچ پرسیارێكی نەداوەتەوە و كاغەزی سپی بداتە مامۆستا ئەوا نمرەی (2 لە5) وەردەگرێت لە یەكەم ڕۆژی دەوامكردنم لە زانكۆی ڕووسیا ئەوەم نەدەزانی زانیاریم نەبوو كە سیستەمەكەیان بەم شێوەیە سەر سوڕما. پرسیارم لە دكتۆر (سیودور میدراییڤ) كرد و پێم گوت ئایا گونجاوە و دەكرێ قوتابیەك هیچ نەزانێ و هیچ وەڵامی پرسیار نەداتەوە و نمرەی (2) وەربگرێ لە (5)نمرە بۆ سفری نادەنێ؟ ئەقڵیش وا ناڵێ؟
وەڵامی دامەوە و گوتی” چۆن سفر بدەینە بوونەوەرێكی ئادەمیزاد، چۆن سفری پێ بدەین كەچی ئەو كاتژمێر (7)ی بەیانی زوو لە خەو هەستاوە و بۆ ئەوەی ئامادە بێت لە وانەكان، چۆن سفر دەدەینە كەسێك كەوا بەو سەرمایە و كەشوهەوا ساردە لە ماڵ دەرچووە و بە پاس و ئۆتۆمبێل و بە پیادە هاتۆتە زانكۆ و ئامادە بووە لە هۆڵی تاقیكردنەوە لە كاتی دیاریكراو و هەوڵی شیكاركردنی پرسیارەكانی داوە. چۆن سفر دەدەینە كەسێك كەوا شەونخوونیی كردووە و وانەكانی خوێندووە و خەرج و مەسرووفاتی كردوە لە پێنووس و دەفتەر و بژمێر و پێداویستیەكانی تری خوێندنی زانكۆی كڕیوە و پارەی خۆی لێ خەرج كردووە. چۆن سفری بدەینێ‌ كە ئەو وازی لە زۆر تایبەتەمەندییەكانی ژیانی خۆی هێناوە لە پێناو خوێندن و زانكۆ! لێرەدا كوڕم نابێت سفر بدرێتە قوتابیەك تەنها وەڵامی پرسیارەكانی نەزانێ. ئێمە بە لایەنی كەم رێزی دەگرین و نرخی بۆ دادەنێین كە مرۆڤە و ژیرە و بیر دەكاتەوە و هەوڵ دەدات و توانا دەبەخشێت. ئەو نمرەیە تەنها نمرەی تاقیكردنەوە نییە، بەڵكو ئەو نمرەیە بە لایەنی كەمەوە نرخ و بەها و رێزە بۆ مرۆڤ كە پابەندە و هەوڵ دەدات، خۆزگە بەشێك لەم مامۆستایانەی خۆمان هێندە قەڵس و توند نابن و نمرە تەنها بۆ تاقیكردنەوە نییە بە چاوێكی پەروەردەییانە و فراوانتر تەماشای هەوڵ و ماندووبوونی كچ و كوڕانی خۆمان بكەن زوو زوو پەتی سێدارەیان بۆ هەڵ نەدەین.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی