كارزان گلی – ههولێر
دوای چوار مانگ لە كردنەوەی دەرگای ئیمرالی و سێ جار چوونی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، ئۆجەلان لە پەیامێكی مێژووییدا داوای لە قەندیل كرد، كۆنگرەیەك ببەستن و لەوێدا پەكەكە هەڵوەشێننەوە. پەیامەكەی ئۆجەلان، فەرمانە و پێشنیار نییە، بۆیە چاوەكان لەسەر قەندیلن و بزانن ئاخۆ داوای رێبەرەكەیان جێبەجێ دەكەن؟ شرۆڤەكارانی سیاسەتیش پێیان وایە، دەبێت چاوەڕێی هەنگاوی دەوڵەتی توركیاش بین و بزانین ئەوان چی دەكەن بۆ چارەسەری پرسی كورد.
عەبدولقار سەلفی، رۆژنامەنووسی زۆر نزیكی رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە وتارێكدا دەڵێت، هەڵوەشاندەنەوەی پەكەكە لەلایەن ئۆجەلانەوە بەبێ مەرج بووە، هیچ مەرجێكی بۆ دەوڵەتی توركیا تێدا نییە، تەنانەت لە بەرامبەر ئەو پەیامەدا ئۆجەلان بۆ خۆیشی ئازاد ناكرێت.
سەلفی دەڵێت ”وەكوو ئەوەی پێشتر ئەردۆغان گوتی، لێبوردن و مێبوردن نییە“.
پەیامەكەی ئۆجەلان، بەشێكی زۆری كوردی نیگەران كرد، پێیان وایە نەدەبوایە ئەو پەیامە بدات، چونكە چەك دانان بەبێ مەرج و بەرامبەر، زیانێكی گەورە لە پرسی كورد دەدات. بەڵام بەشێكیش پێیان وایە نەخێر لەم ساتە مێژووییەدا چەكهەڵگرتن هیچ مانایەكی نییە و ئۆجەلان بەم پەیامەی، توركیا ناچار دەكات پەلاماری رۆژئاوای كوردستان و باشوور نەدات، هەروەها دەبێت پرسی كوردیش لە توركیا چارەسەر بكات.
مەسعوود یەغان، نووسەر و لێكۆڵەر، پێی وایە ئەو پەیامەی ئۆجەلان، رێگەی بۆ پەكەكە كردەوە كە ئیدی كاتی گۆڕانكارییە و كۆتایی بەخۆیان بهێنن. ئەو قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”پەیامەكە روونە و داوا دەكات پەكەكە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، لە هەمان كاتدا دەڵێت هەر داوایەكی كورد، وەكوو فیدراڵی یان خۆسەر و حوكمی زاتی، باش نییە و نامانەوێت، ئەمەش ئەمەمان پێ دەڵێت، پەیامەكە بەدڵی دەوڵەتی توركیا بووە، تەنانەت زۆر زیاتر لە چاوەڕوانی دەوڵەت بووە. ئۆجەلان پەیامێكی بڵاو كردەوە، هیچ ناڕوونییەكی تێدا نییە.“
چەند شرۆڤەكارێكی تر پێیان وایە، پێشتر هەر پەیامێكی ئۆجەلان فەرمان نەبووە، بەڵكوو لە چوارچێوەی پێشنیار بووە، بەڵام ئەمجارەیان بەشێوەیەكی راستەوخۆ داوا دەكات پەكەكە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و خەباتی چەكداری باوی نەما.
رەها روحاڤیئۆغڵو، شارەزا لە سیاسەتی كورد لە باكووری كوردستان، دەڵێت پەیامەكەی ئۆجەلان فەرمانە و پەكەكە جێبەجێی دەكات.
رەها پێی وایە، پەیامەكەی ئۆجەلان ئەرێنییە، بەتایبەت كاتێك بە پەكەكە دەڵێت چەك دابنێن و ئیدی خۆتان هەڵوەشێننەوە، بەڵام هەندێك لەو نووسەرانی باكووری كوردستان، داوا لە قەندیل دەكەن بەهیچ شێوەیەك نەیەنە ژێر باری ئەو بڕیارەی ئۆجەلان، چونكە ئۆجەلان لە زیندانە و، كەسێكیش لە زینداندا بێت، فەرمانی لێ وەرناگیرێت، چونكە ئیرادەی لە دەستی خۆیدا نییە.
ئەگەر پێشتر چاوی دنیا و رای گشتی كورد و تورك لە ئیمرالی بوایە، بەوەی ئاخۆ پەیامەكەی ئۆجەلان چی دەبێت؟ ئێستا چاوەكان لەسەر قەندیلن، ئاخۆ كەی كۆنگرە دەبەستن و چۆن وەڵامی ئۆجەلان دەدەنەوە؟
پێشتر ئۆجەلان، بەر لەوەی زیندانی بكرێت گوتبووی، ئەگەر رۆژێك لە رۆژان داوام كرد پەكەكە هەڵوەشێتەوە، بەگوێم مەكەن و ئەوە من نیم وام گوتووە، بۆیە ئەو گوتەیەی ئۆجەلان لە سۆشیال میدیا بە چڕی بڵاوبووەتەوە و دەڵێن، ئەمە روونە كە قەندیل بە گوێی ئۆجەلان ناكات، بەڵام كەمیش نین ئەوانەی لەگەڵ ئەو بۆچوونەن كە پەكەكە یەك رێبەری هەیە ئەویش ئۆجەلانە، بۆیە ئەو چی فەرمانێك بدات دەبێت فەرمانەكانی جێبەجێ بكرێت.
وای دابنێن پەكەكە خۆی هەڵوەشاندەوە بەگوێی رێبەرەكەیان كرد، ئەی چارەنووسی ئەو هەموو گەریلایە چی لێ دێت؟ ئەو سەركردانەی پەكەكە بەرەو كوێ دەچن و كام وڵات وەریاندەگرێت؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری تری جیدی هاتووەتە بەرباس و پرسیارەكانیش وەڵامەكەی لەلای دەوڵەتی توركیایە، ئاخۆ لەناو پەرلەمانی توركیا لێبوردنی گشتی بۆ چەكدارانی پەكەكە و سەركردەكانی دەردەكەن؟ ئاخۆ هەنگاو بۆ ئەوە دەهاوێن كە زمان و نەتەوەی كورد بە فەرمی بناسێنن؟
مراد قەرەیلان، سەركردەی باڵای پەكەكە، پێشتر لە دیمانەیەكدا گوتبووی: “باشە وای دابنێن پەكەكە چەكی فڕێ دا و خۆی هەڵوەشاندەوە، ئەی دوای ئەوە چی دەبێت؟ ئایا ئەو هەموو شەهیدە و ئەو هەموو بریندار و خەباتە بۆ كوێ دەچێت؟ ئایا هەمووی دەبێت بە مێژوو و بەفیڕۆ دەچێت؟ ئەمە هەرگیز نابێت و مومكین نییە.“
بۆچوونێك هەیە، چەكدارانی پەكەكە بە سەركردەكانیانەوە بچنە رۆژئاوای كوردستان و لەگەڵ یەپەگەدا یەك بگرن و سیاسەت بكەن، بەڵام ئایا توركیا بەمە رازی دەبێت؟ ئایا هەڵوەشانەوەی پەكەكە تینوویەتیی توركیا دەشكێنێت، یان داوا دەكات پەكەكە لە سووریاش كۆتایی پێ بێت، بەبێ هیچ بەرامبەرێك. ئەگەر سەیری لێدوانەكانی بەرپرسە باڵاكانی توركیا، وەكوو راوێژكاری سەركۆمار و چەند وەزیرێك و سەلفی بكەین، دەڵێن بەبێ مەرج پەكەكە چەك دادەنێت و توركیا هیچ مەرجێكی پەكەكەی قبووڵ نییە، كەواتە هیچ مامەڵەیەك و دانوستانێك نەكراوە، تەنیا یەكلایەنە پەكەكە چەك فڕێ دەدات و توركیاش دەستخۆشی لێ دەكات.
سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ لای ئۆجەلان، دوای ئەوەی پەیامەكەی ئۆجەلان خوێندرایەوە، دێڕێكی زیاد كرد و گوتی ئەمەش هەر بۆچوونی ئۆجەلانە، بەڵام لە مەتنەكەدا نییە، كە بەم شێوەیەیە ”لە خستنەڕووی ئەم روانگەیەدا، بێ دوودڵی دەبێت پەكەكە چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام لە چوارچێوەی سیاسیەتێكی دیموكراتی و یاساییدا ئەمە بكرێت“.
ئەمەش هەر ئۆجەلان گوتوویەتی، بەڵام لەناو پەیامەكەدا نییە، رەنگە دەوڵەت رازی نەبووبێت ئەو دێڕەی پێ زیاد بكرێت. ئایا ئەو دێڕە قبووڵكراوە و حیسابی بۆ دەكرێت، یان تەنیا ئەوەی لەناو مەتنی پەیامەكەدا هەیە قبووڵكراوە و وەردەگیرێت؟
لە كۆنگرەی پەكەكەدا، وەڵامی ئەو پرسیارنە دەدرێتەوە و كۆدەكانی ئۆجەلان شیكردنەوەیەکی تەواوی لەسەر دەكرێت.