رۆحت شاد (دیا جوان) سیمبۆڵی کوردایەتی و وڵاتپارێزی

نووسینی : زیلان سارمەمی

هەواڵی کۆچی دوایی هۆزانڤان و وڵاتپارێزو کوردپەروەر (دیا جوان) لە رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٢٦ / ٢ / ٢٠٢٥، مایەی خەم و دڵتەنگی بوو بۆ هەموو ئەوانەی کەوا ئەم تێکۆشەرە خۆڕاگرو کوردپەروەرەیان ناسیبێت، بەتایبەت بۆ من ئەم هەواڵە زۆر خەمبارو دڵتەنگی کردم، لەبەر ئەوەی بەشێکی تەمەنم لەگەڵ ئەم کەسایەتییە جوانە بەسەربردووە، هەر کات دیا جوان بهاتبووایە هەولێر ماڵی ئێمە ماڵی دووەمی دیا جوان بوو، هەموو جاریش دەیوت تەنها لای ئێوە هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەکەم و وادەزانم لە ماڵی خۆمم، هەمیشە بەهاتنی ماڵەکەمانی ئاوەدان و رووناک دەکردەوە، زۆر بەداخەوە بۆ کوژانەوەی ئەم چرا گەشەی رێگەی رۆشنبیری و وڵاتپارێزی و کوردایەتی.

خاتوو (دیا جوان) ؛ ئافرەتێکی بە ویقار، مرۆڤێکی نموونەیی، کەسایەتییەک پڕاو پڕ لە جوانی، شێرە ژن، کوردپەروەر، وڵاتپارێز، هۆزانڤان، فەرهەنگێک تژی لە قسەی شیرین و نەستەق و بەسەرهات و چیرۆک و وانەی خۆڕاگری و خۆشویستنی نیشتمان و کوردپەروەری، دیرۆکێک لە بزاڤی کلتوری و کۆمەڵایەتی کوردانی شام، شۆڕشێک لەپێناو پاراستنی کلتوری کوردی، بەڵێ (دیا جوان) واتە وێنەیەکی جوانی هەڵوێست و کوردایەتی و ئەڤینداری وڵات.
لە دوا گەشتم بۆ پارێزگای دهۆک، بە پێویستم زانی وەک وەفایەک سەردانی (دیا جوان) و بکەم لە هەواڵی بپرسم، (دیا جوان) بۆ من زۆر شت دەگەیەنێت ؛ (دیا جوان) بۆ من واتە سۆزو میهرو وەفا، پەیوەندیم لەگەڵ دیا جوان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە تەمەنم یەک ساڵان بووەو خۆم لە باوەشی گەرمی (دیا جوان)دا بینیوەتەوە، هەموو ئەو کاتانەی کەوا لەگەڵ دایک باوکم گەشتی شامم کردبێت بێ بینین و سەردانی دیا جوان نەگەڕاوینەتەوە، هەر کاتێ (دیا جوان) هاتبێتە هەولێر یەکەم قۆناغ و دواقۆناغی ماڵی ئێمە بووە، بۆیە کۆچی دوایی دیا جوان بۆمن زیانێکی گەورەیە و قەرەبوو ناکرێتەوە.
ئەو کاتانەی کەوا لەگەڵ (دیا جوان) لە ماڵەوە دەبووین، زۆر شەوان تا درەنگ پێکەوە دانیشتووین و دەیان چیرۆک و بەسەرهاتی خۆش و قسەی نەستەقی بۆ گێڕاومەتەوەو زۆر شتی گرنگی لێوە فێربووم، لەم ساڵانەی دواییشدا کەوا لە پارێزگای دهۆک دەژیا؛ بەهەمان سۆزو ئەڤینەوە سەردانم کردووەو باوەشی گەرمی بۆ کردوومەتەوەو لە ئامێزی گرتووم.
(دیا جوان) ؛ کەسایەتییەکی مەزن و سەرمایەیەکی کلتوری گرنگی نەتەوەکەمان بوو، کۆچی دوایی دیا جوان زیانێکی گەورەیە بۆ سەرجەم بزاڤی کلتوری و سیاسی و کوردایەتی لەسەر ئاستی کوردستانی مەزن و قەرەبوو ناکرێتەوە.
رۆحی دیا جوان شادو ئاسوودە بێت و، سەبرو ئارامی بۆ ماڵباتی دیا جوان و هەموو لایەکمان.