ڤۆلۆدمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا شەممە ڕایگەیاند: پشتیوانییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ ئۆکرانیا بە زۆر دەنرخێنن، ئەو قسانەی زێلینسکی دوای دیدارەکەی دوێنێی بوو لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ.
شەممە 1ـی ئاداری 2025، لە ژمارەیەک پەیامی(ئێکس)، ڤۆلۆدمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند: زۆر گرنگە پشتیوانی دۆناڵد ترەمپ بەدەستبهێنین، چونکە ئەو هەوڵی کۆتاییهێنانی جەنگ دەدات، کەسیش وەکو ئێمە ئاشتی ناخوازێت.
سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: پشتیوانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا هەر لە سەرەتای جەنگ، بەرز دەنرخێنین، ئاماژەشی بە فگتوگۆ توندەکان کرد لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی فانس، ئەو کاتەی پرسیاری ئەوەی کردووە ئۆکرانیا چۆن دڵنیابێت لە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا، دەڵێت: ئێمە زۆر سوپاسی ئەمەریکا دەکەین بۆ هاوکاریی و پشتیوانییەکانی و سوپاسی دۆناڵد ترەمپ و کۆنگرێس و گەلی ئەمەریکا دەکەین، گەلی ئۆکرانیا ئەو پشتگیرییە لەبیر ناکات.
دەڵێت: ئەو گفتگۆ توندەی لەنێوان خۆی و بەرپرسانی ئەمەریکا ڕوویدا ڕۆژی هەینی، واتای ئەوە نییە پەیوەندییەکانمان پاشەکشەی کردووە، دووپاتی کردەوە لەوەی، ئۆکرانیا و ئەمەریکا وەک دوو هاوبەشی ستراتیژی دەمێننەوە.