رۆژنامەی ھەولێر

بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر .. کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە هاتنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان ئەنجامدرا

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.2.27، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، سەبارەت بەهاتنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و نرخى کەل و پەل و کاڵا و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و سەرۆکى شارەوانى و بەرپرسانى دیکەى لایەنى پەیوەندیدار ئامادەى بوون، دواى گفتوگۆکردن لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان، پارێزگارى هەولێر، جەختى لە توندکردنى چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە هەموو شوێنەکان کردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە ئەو بڕیارانەى دا:-

– لیژنەی قائیمقامیەتەکان، بازرگانى، شارەوانى، تەندروستى، و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار، بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان.

– نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدرێت، مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویستی لە سەر هاوڵاتییان گران بکات.

– ڕێکارى یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە بگیرێتەبەر کە یارى بەبازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن.

– لە پێناو پاراستن و سەلامەتى گیانى هاوڵاتیان و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه‌ بەسەرچوو و بێ کوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى خۆراک ، درمان ، مۆڵ، مارکێت و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لەناو شار و دەرەوەى شار بەردەوام بێت.

– لە بازگەکان چاودێرى تووند بکرێت و ڕێگە نەدرێت خۆراک و کەل و پەلى ماوە بەسەر چوو هاوردەى سنوورى پارێزگاى هەولێر بکرێت.

– تیمەکانى شارەوانى لە ڕێکخستنى بازاڕ و چاودێریکردنى شوێنە گشتیەکان و پاککردنەوەى بەردەوامى نێو بازاڕ و شوێنە گشتیەکان بەردەوام بن.

– ڕێکخستنى خشتەى مۆلیدە ئەهلییەکان و کارەباى نیشتیمانى، دەبێت لە کاتى بەربانگ و پارشیوان دا کارەبا بدرێت بە هاوڵاتییان.

– کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و فێتەرنەرى بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو ساڵان ڕێو شوێنى پێویست بگرنەبەر.

– ئامادەباشی هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و گرتنەبەرى ڕێکارێکى پێویست لە شوینە گشتییەکان بە تایبەتى لە شەوانى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، لە پێناو پاراستنى ئارامى و ئاسایشى شار و سەر و ماڵى هاوڵاتییان.

– کردنەوەى بازاڕى شەوانى ڕەمەزان لە سەنتەرى شار لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، لەڕووى ڕێکخستن و ڕێکارەکانى بە باشى وبەبێ کەم و کوڕى بەڕێوەببرێت.

– تەنها لە (10) شەوە كۆتاییەكانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تا نوێژی بەیانی، تەنها پێش نوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوتیش بۆیان هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و تەراویح ئەنجام بدەن، بەپێچەوانەوە هیچ كەسێكى تر بۆی نیە چالاكی ئەنجام بدات.

– لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان دەوامی فەرمی لە دام و دەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەم بكرێتەوە.

لە کۆتای کۆبوونەوەکەشدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە دواى گفتووگۆ و خستنە ڕووى چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بە بابەتى سەرەکى کۆبوونەوە، کۆبوونەوە چەند بڕیار و ڕێوشوێنێکى دیکەى پێویستى وەرگرت.