ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.2.27، بە ئامادەبوونى ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردە و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بەیان سامى عەبدولڕەحمان و بەڕیوەبەرى گشتیى پەروەردە و بەرێوەبەرى ناحییەى شەمامک و بەڕێوەبەرانى پەروەردەى دەروبەر و قەیرانەکانى پارێزگا و ژمارەیەکى تر لە مامۆستایان، لە گوندى دوزتەپەى سەر بە ناحییەى شەمامک بەگۆژمەى ( 500 ملیۆن دینار ) لەسەر بودجەى ڕێکخراوى IVYى ژاپۆنى قوتابخانەیەکى 9 پۆلى کرایەوە.
دوای کردنەوەی قوتابخانهكه و بەسەرکردنەوەى ژوور و هۆڵەکانی خوێندنی قوتابیان، پارێزگارى هەولێر، پیرۆزبایی لە دانیشتووانى ناوچەکە و بەڕێوەبەر و مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەکە کرد و ئاماژەى بەوەدا کە کردنەوەى ئەم قوتابخانەیە هەنگاوێکى ترى بە ئاڕاستەى پەرەپێدانى زیاتر بەکەرتى پەروردە و فێرکردن لە سنوورى پارێزگاى هەولێر.
هەروەها سوپاسی ڕێکخراوى IVYى ژاپۆنى بۆ دروستکردنی قوتابخانەکە و، ئومێدیشى خواست پڕۆسەى خوێندن و پەروەردە لە سەرانسەرى هەرێمى کوردستان بە گشتیى و لە هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى سەرکەوتنى زیاتر و دەرەنجام و دەستکەوتى بەرزى زانستى پتر بەدەستبهێنێ.
جێگەى باسە، قوتابخانەی 9 دوزتەپەن پێکهاتووە لە (9) پۆلی خوێندن و نزیکە 500 قوتابی تێدا سوودمەندەبن، بە گووژمەی ( 500 ملیۆن دینار) لەلایەن IVYى ژاپۆنى بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر و بە پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە دروستکراوە.