لەم سەردەمەى ئێستادا سۆشیالمیدیا بووەتە بەشێکى گرینگ لە ژیانى رۆژانەمان بە هۆى ئەو پێشکەوتنە دیجیتاڵییەى کەهەیە بە هۆى بوونى ئەنترنێت، بەکارهێنانى پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەکان لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان وەک (فەیسبووک، ئینستاگرام، تویتەر، تیکتۆک… ) ئەم ئەپلیکەیشنانە تەنها ئامرازێکى پێکەوەبەستن نین بەڵکو بوونەتە بەشێکى دانەبڕاو لە ئامرازە پێویستییەکانى کارى رۆژانە، بۆ پەیوەندىکردن و کاتبەسەربردن و بەیەکگەیشتن، بە هۆى بەربڵاوبوون و بەکارهێنانیان کاریگەرى ئاشکراى کردووەتە سەر ژیانى ڕۆژانە، بەمەش رۆژ لە دواى رۆژ ترسى زیاتر دروست دەکات بە ئالوودەبوون بە سۆشیالمیدیا. لەگەڵ گەشەکردن و پشت بەستن بەم جیهانە دیجیتاڵیانە دەرکەوتووە بەهۆى زۆر بەکارهێنانى سۆشیاڵ میدیا ئەم ئالوودەبوونە بووەتە دیاردەیەکى بەربڵاو و ئاڵۆز، کە کاریگەرى هەیە لەسەر مێشک و جەستە وبارى دەروونى و (ورووژاندنى هەست و سۆز). ناچاریمان لە بەکارهێنانى پلاتفۆرمەکانى سۆشیالمیدیا گەیشتووەتە ئاستێک کاریگەرى هەیە لەسەر ئیش و کارو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، بۆیە بابەتى ئالوودەبوون بە سۆشیالمیدیا تاکودێت زەقتر دەبێت. لەکاتى دەست پێکردن بە بەکارهێنانى چوونە ناو جیهانى سۆشیاڵ میدیا بۆ سەیرکردنى نامەیەکى هاتوو یان سەیرکردنى بابەتێک یان هەواڵێک گەشە دەکات بۆ سووڕێکى دانەبڕاو چەندین کات ژمێر لە تەماشا کردنى بابەتى جۆراوجۆر یان نووسینى کۆمێنت یان لایککردن، هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونى مانەوە لەناو سۆشیالمیدیا مەترسیى کەوتنە ناو تەڵەى ئالوودەبوون زیاد دەکات. مەتەڵى ئالوودەبوون بە سۆشیالمیدیا کێشەیەکى باوى سەردەمى نوێیە لە جیهاندا، رۆژبەڕۆژ ئاشکرا دەبێت. بۆ نموونە کاتێک سەیرى هاوڕێیەکى ناو سۆشیالمیدیا دەکەى هەر بە خێرایى سەرنجت دەچێتە سەر کەسێکى تر و بەدواداچوون و گەڕانى بۆ دەکەى بەمەبەستى ئەنجامدانى لایک و کۆمێنت، ئەم هەڵسوکەوتە لە بەکارهێنان لە زانستى دەروونناسى ناسراوە بە (مڵکەچی و ناچارى) Compulsive useکە بریتیە لە ئارەزوویەکى بێسنوور بۆ مامەڵەکردن بە شێوەیەکى ئۆنلاین، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى کارى رۆژانەمان گۆڕانى بەسەردا بێت، تەنانەت کاریگەرى هەیە لەسەر بەرهەمهێنانى چالاکیەکانى رۆژانە و پەیوەندیە کەسایەتیەکان. شیکردنەوەى ئەو زانستەى کە دەبێتە هۆى ئالوودەبوون بە سۆشیالمیدیا بزوێنەرى ئەو ئالوودەبوونەش دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمى پاداشتکردن لە مێشکدا، کە تیایدا بۆ هەر لایک و کۆمێنتێک دەبێتە هۆى رژانى ماددەى دۆپامین لە مێشک (dopamine) کە بەرپرسیارە لە هاندانى هەستکردن بەخۆشى و پاڵنەرێکى بەهێزە بۆ گەڕان بە دوای بابەتى ترەوە لە سۆشیالمیدیا، لە ئەنجامدا دەبێتە رێگایەک بۆ خۆدزینەوە لە دڵەڕاوکێ و بێزارى.
بێگومان سۆشیالمیدیا ئامرازێکى زۆر بەسوودە بەڵام پێویستە هاوسەنگیەک هەبێت لەنێوان جیهانى دیجیتالى و جیهانى راستەقینەدا. ئەمەش بە دانانى پلان دەکرێت، دەتواندرێت لە کاریگەرە نەرێنیەکانى زۆر بەکارهێنانى سۆشیالمیدیا دوور بکەوینەوە. وەهەروەها پێویستە هۆشیاریی کۆمەڵایەتى زیاد بکرێت و، ئەو کەسانەى ئالوودەن هان بدرێن کاتى بەکارهێنانى خۆیان کەم بکەنەوە خێزان و قوتابخانەکان دەتوانن رۆڵێکى گرنگ ببین لە فێرکردنى شێوازى بەکارهێنانى چوونە ناو سۆشیالمیدیا.
کاریگەریەکانى ئالوودەبوون بە سۆشیالمیدیا
کاریگەرى لەسەر بارى دەروونى :-
بینینى وێنەى پێش وەختە ئامادەکراوەکان بە بەردەوامى لە سۆشیالمیدیا بەشێوازى جوان و رێکوپێک نیشاندانى ژیانى نموونەى خەڵکانێک دەبێتە هۆى هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و دڵتوندى لە لایەن بەکارهێنەرەکان.
مەستبوونى مێشک (Cognitv over load)
خووگرتن بە بەدوا اچوونى خێرا لەنێوان پۆستە جیاوازەکان و پلاتفۆرمە جیاوازەکان دەبێتە هۆى تێکدانى توانایى تێبینیکردنى مێشک و کەمکردنەوەى تواناى وردبوونەوە لەو کارانەى کە بەدەستەوەیە، ئەمەش دەبێتە هۆى مەستبوونى مێشک و پڕبوونى لە زانیاری.
تێکچوونى تەندروستىی جەستە (Physical health issues )
بەکارهێنانى بەردەوامى سۆشیالمیدیا دەبێتە هۆى ماندووکردنى چاو و تێکدانى خەو، دانیشتى زۆر کاریگەرى نەرێنى دەبێت لەسەر تەندروستیی جەستە.
پەیوەندیە مرۆڤایەتیەکان: زۆربەکارهێنانى پلاتفۆرمە دیجیتاڵیەکان لە سۆشیالمیدیا دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى چاوپێکەوتنى ڕووبەڕوو لە نێوان کەسەکاندا و دانیشتنیان لەگەڵ یەکترى، ئەمەش هۆکارێکە بۆ لاوازبوونى پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و خێزانیەکان لەم سەردەمەدا کە ئێستا بە ئاشکرا دەبیندرێت.