پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستی پێ کرد

بەگوێرەی زانیارییەکان پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، لیستی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە و ئێستا لە پرۆسەی وردبینیکردندایە.

چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لیستی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەغدا کرا.

بەگوێرەی زانیارییەکان لیستی مووچەی مانگی شوبات، بە دوو لیست کە یەکێکیان تایبەتە بە خانەنشینان و ئەوەی تریان تایبەتە بە فەرمانبەران و پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکان، ڕەوانەی بەغدا کراوە، کە دەبێت تاوەکوو سبەینێ کاتژمێر 8:00ـی بەیانی هەردوو لیستەکە بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق.