دوێنێ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداريی لە كۆڕبەندی هەولێردا كرد كە ناوهندى لێكۆڵينهوهى ڕووداو له هۆتێلى ڕۆتانا بۆ ماوهى سێ ڕۆژ بهڕێوهى دهبات. تیایدا هەریەك لە د. لەتیف ڕەشید سەرۆكی كۆماری عێراقى فيدراڵ و د. مەحموود ئهلمەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقى فيدراڵ و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی كوردستان، پسپۆڕان و ميوانان له ژمارهيهكى زۆرى وڵاتانى جيهانهوه، بهشدار بوون.
سەرۆكی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەشداريی لە پانێڵێكى كۆڕبهكهدا كرد و تیایدا دهربارهى چەند بابەتێكی گرنگی پەیوەست بە دۆخی گشتیی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستانەوە قسهى كرد.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی كە ئایا كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەی پێك دێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : ئێستا كە ئێمە لێرە دانیشتووین هەر لە هەولێر شاندی یەكێتی و پارتی خەریكی گفتوگۆیەكی جددین لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەوانەیە پرسیار لەوە بكرێت كە ئەم پرسە تۆزێك درێژ بوو، بەڵام پێمان وایە كە پێویستە كاتێكی باشتری بدەینێ، ئێستا یەكێتی و پارتی لە پرۆسەیەكی گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەو بنەمایانەی كە جێی بایەخی هەردوولان لە ڕێككەوتنێكدا جێگیری بكەن كە ببێتە بنەمایەك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئەمە لەلایەك، لە لایەكی ترهوه هەرێمی كوردستان ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنێكی زۆر سەركەوتووانەی بەڕێكرد و ڕێژەی بەشداریی خەڵكی كوردستان لە هەڵبژاردنەكان 72% بوو، ئەوە بە ڕاستی جێی شانازی و سوپاسكردنی گەلی كوردستانە كە بە شێوەیەك بە بەرپرسیارییەوە ڕەفتاریان كرد بەرامبەر بە هەڵبژدارنەكان، لە هەمان كاتیشدا بەرپرسیارێتییەكە بۆ یەكێتی و پارتی، بەرپرسیارێتییەك دەخاتە سەر شانی بەتایبەتی یەكێتی و پارتی وەك دوو حزبی براوە، حزبی یەكەم و حزبی دووەم و پێویستە لەچاو ئەو چاوەڕوانییەدا بن كە خەڵك لێیانی هەیە، هەوڵێكی جددی بدەن و حكوومەتێكی كارا دروست بكەن، حكوومەتێك دروست بكەن كە جێی متمانە و جێی هیوا و ئومێدی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بێت، ئەم گفتوگۆیانە ئەگەر درێژەیش بكێشن، بەڵام لە ئەنجامدا شاهێدی ئەوە بین كە حكوومەتێك دروست بێت لەسەر بنەمایەك بێت جێی متمانە بێت بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، پێموایە دەكرێ بەرگەی ئەو درهنگكهوتنهش بگرين”.
سەبارەت بە كاریگەریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق كە مانگی 10ی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت لەسەر گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێزیان ڕایگەیاند: “بە دیدی من پێویست نییە ئەم دوو شتانە تێكەڵ بە یەكتری بكەین، ئەو هەڵبژاردنەی لە هەرێمی كوردستان ئەنجاممان دا، بە ڕاستی جێی خۆیەتی لێرەوه دیسانەوە سوپاسی هاوكاری و پشتگیریی تەواوی بەغدا بكەم، سوپاسی سەرۆك وەزیران بكەین، سوپاسی سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانی عێراق بكەین، سوپاسی دادگای فیدراڵیی عێراق بكەین، هەروەها ئەنجومەنی دادوەری و بەڕێز سەرۆككۆماری عێراق، ئەمانە هەموویان یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی بتوانین هەڵبژاردنێكی سەركەوتووانە ئەنجام بدەین، ئەم دوو بابەتە دەبێت لە یەكتری جیا بكرێنەوە و پێموایە خەڵكی كوردستان چاوەڕێی ئەوەیە كە ئەم حكوومەتە زۆر زووتر لەوە پێكبهێنرێت و هیوادارم ئەوە بە جددی وەرگرین چونكە وەك باسم كرد ئەو 72%ی بەشداریكردنە و ئەو دەنگانە و ئەو متمانەیەی كە گەلی كوردستان بەم حزبانەی داوە، هەر ئەوەش وا دەكات كە ئەم حزبانە پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكوومەت”.
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا كە ئایا ڤێرژنێكی دیكەی ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەدا دروست دەبێت، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: “گەر سەیری ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان یەكێتی و پارتی بكەین، لە قۆناغی ئەو ڕێككەوتنەی كە هەمانبووە و پێماندەگوت ڕێككەوتنی ستراتیژی، شاهدی قۆناغێكی زۆرى ئاوەدانی و پێشكەوتنی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان بووین لە سایەی ئەو ڕێككەوتنەی كە لەگەڵ یەكێتی ئەنجاممان دا و پێمانگوت ڕێككەوتنی ستراتیژی، لەوانەیە ئەوەی ئێستا بە تەواوەتی ناوی ناهێنین و ناڵێین ڕێككەوتنی ستراتیژی، بەڵام بنەمایەكی دروستی ئیداری و سیاسییە بۆ ئەوەی چۆن حكومڕانی لەناو كوردستاندا چاره بكەین و ئەو كێشانەی كە لە ڕێگەماندان چ لەڕووی ئیداری یان سیاسییەوە هەوڵ بدەین لەناو ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا لەگەڵ یەكێتی دەیكەین، چارەسەریان بكەین و جێگیرییان بكەین”.
دەربارەی دۆخی ناوچەكە و دوا گۆڕانكاری و كاریگەرییەكانی لەسەر دۆخی كورد بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و گفتوگۆی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان سەبارەت بەو گۆڕانكارییانە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: “لەگەڵ هەموو لایەنەكان قسەمان هەیە و لەوانەیە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشمان نەكردووە و بڵێین كۆبوونەوەیەك بكەین و لەناو ئەو كۆبوونەوەیە ئەو شتانە باس بكەین، بەڵام ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامین لەگەڵ هەموو حزبەكان و قسەشمان هەیە لەمبارەیەوە و ئەم حزبانەی كە لە كوردستانیشن هەموویان بە خەمخۆرییەوە ئەم پرسە دەخەنە بەر باس و لێكۆڵینەوە و بەردەوام ئاگامان لە یەكتری هەیە”.
دەربارەی دوا سەردانی بۆ بەغدا و باسكردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە لەگەڵ ئهلسوودانی و ئامادەكارییەكان لەمبارەیەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: “ئەوەی كە پەیوەنديی بە توركیاوە هەیە، توركیا بەردەوام ڕایگەیاندووە كە ئەوان ئامادەن و كێشەی نەبووە لەوەی كە هەرێمی كوردستان نەوت هەناردەی دەرەوە بكات، یەكەم شت ئەم پرسی نەوتە چەند جارێكی دیكەش دووپاتم كردۆتەوە، بۆچوونی ئێمە ئەوەیە كە نەوت كاڵایەكی بازرگانییە و بە سیاسی سەیری ناكەین. فەرموون لە ئەنجامی ئەوەی كە عێراق بەتایبەتی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق كە تا ئێستا دەنگیان بۆ ئەوە نەداوە، نزیكهی نۆزدە بۆ بیست ملیارد دۆلار زیان بەر عێراق كەوتووە، ئەمە پارەیەكی یەكجار زۆرە بۆ عێراق، خۆشبەختانە سەرۆك وەزیران كە قسەمان لەگەڵ كرد، بە سوپاسیشەوە بۆ جەنابی سەرۆكی پەرلەمان كە ئەمڕۆ لێرە تەشریفی هێناوە و دانیشتووە، ئەویش پێداگیرییەكی زۆری كرد كە دەبێت دەستبەجێ هەمواری یاساكە جێبەجێ بكرێت، ئێستا بەشی تەكنیكی لە بابەتەكەدا ماوەتەوە و هەموو شتێك ئامادەیە و توركیا ئامادهيه، لایەنی عێراقیش ئامادەن و هەندێك پرسی تەكنیكی هەیە وەك پارەی كۆمپانیاكان چۆن وەربگیرێت و بە چ شێوەیەك بێت، ئەمانە شتی تەكنیكین بەڵام پرهنسيپهكه بڕیاری لەسەر دراوە و چاوەڕێی ئەوە دەكەین لە ماوەیەكی نزیكدا نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی بەندەری جیهان و دەرەوە بكرێت”.
دەربارەی كاریگەریی هەناردەكردنەوەی نەوت لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان و چۆنیەتيی گارانتیكردنی لەلایەن ئهلسوودانییەوە، سەرۆكی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ڕایگەیاند: “پرسی مووچە، جەنابی سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبوونەوەیەك دانیشتبووین لە هاوپەیمانیی دەوڵەت و سەرۆكی پەرلەمانیش چۆن ئێستا ڕاشكاوانە بوو لە قسەكانی، لەوێش هەر بەو ڕاشكاوییە گوتی كێشەی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەن، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵيی عێراقیش ڕوونە، دادگای فیدراڵی دەڵێ دەبێ مووچە لەو كێشانە جیا بكرێتەوە كە لەگەڵ بەغدا هەمانە. كۆبوونەوەیەكمان كرد، پێكەوە بەندە لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی و سەرۆك وەزیران هەرسێكمان، لەوێدا سەرۆكی دادگا زۆر ڕوون بوو كە دەبێت مووچە جیا بكرێتەوە. بە ڕاستی سەرۆك وەزیرانیش ئەوەی كە پێیكراوە بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لاى خۆیەوە كەمتەرخەمیی نەكردووە، هەندێك پابەندییش حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێ جێبەجێی بكات. وەك بۆچوونی خۆم وەك سەرۆكی هەرێم، پێموایە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەوپەڕی شەفافییەتەوە لەو نێوەندەدا مامەڵەی لەگەڵ بەغدا كردووە. هیواخوازین پرسی بودجە نەبێتە بابەتی سەرەكیی پەیوەندییەكانی نێوان ئێمە و بەغدا. ئێمە تەواوكەری یەكترین لە عێراق، لە هەندێك بواردا یارمەتيی ئەوان دەدەین و لە هەندێك بواردا ئەوان یارمەتیی ئێمە دەدەن. پرسی دیكەمان هەیە، ماددەی 140مان هەیە، پرسی پێشمەرگەمان هەیە و زۆر شتی دیكە هەیە و ناكرێت ئەمە هەمووی لە پرسی بودجە و مووچەدا چڕ بكرێتەوە. مووچە مافی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانه، سەرۆكوەزیران و دادگای فیدراڵی و پەرلەمانی عێراق بەپێی دەستوور دەبێت ئەو مافە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق جێبەجێ بكهن و ئەمە مافێكی دەستوورییە، هەموو هەوڵی ئێمەش ئەوەیە بگەینە خاڵێك بابەتی مووچە لە هەواڵ و هەواڵی بەپەلە، دەربچێت”.
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی جەنابیان لەمبارەیەوە و ئومێدی سەركەوتنی پرۆسەكە و بانگەوازە چاوەڕوانكراوەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: “دەتوانم بڵێم كە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەكی جددییە و زۆر بە جددی لە توركیا دەستی پێكردووە، خۆشتان بینیتان ئەوەی كە زۆر پێداگیری لەسەر جێبەجێكردنی ئەم پرۆسەیە دەكرد دەولەت باخچەلی بوو كە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و گوتم دەبێت ئێمە هەموومان دوعای بۆ بكەین پەنا بەخوا تەندروستیی باش بێت. پێموایە پرۆسەكە پرۆسەیەكی جددیە و ئەمە پرۆسەیەك نییە بە شێوەیەكی تاكتیكی ڕێكخرابێت، ڕۆڵی ئێمە ڕۆڵی یارمەتیدەرە و دەست ناخهینە ناو كاروباری ناوخۆی توركیا و ڕۆڵی ئێمە ئەوەیە چۆن بتوانین یارمەتیدەر بین ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەوەی كە بەلای ئێمەوە دیارە، ئەم كێشەیە بە چەك چارەسەر ناكرێت. بانگەوازی سەرۆك ئۆجەلان نەخشەڕێگەیەك دەبێت بۆ ئەوەی چۆن ئەم كێشەیە بە شێوەیەكی دروست چارەسەر بكرێت و بە دیدی من زۆر كاتی دەوێت و پێشبینی ئەوە نییە ئەم كێشەیە بە ئاسانی و بە شەو و ڕۆژێك چارەسەر دەبێت.
هەر لەبارەی ئاشتييهوه له توركیا و سەردانی شاندی دەمپارتی بۆ هەرێمی كوردستان و دیداریان لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی و بەڕێزیان و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێنانی پەیامی ئۆجەلان، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: “ئەوان گوتیان سەرۆك ئۆجەلان داوای كردووە كە بێن بۆ هەرێمی كوردستان و ئەم پەیامە كە پەیامی ئاشتییە بگهيهنن، هەر ئەوەندە بووە، ئەو وەختە و زیاتر لەوە نەبوو كە پەیامی ئاشتییە و دەیەوێ زوو ڕایگەیەنێت و بانگەوازەكەی وا دەبێت داوا لە پەكەكە دەكات كە چەك دابنێت و بكەونە پرۆسەیەكی سیاسی، ئێمەش پێشوازیمان لێ كرد و پێمان گوتن ئامادەین وەك هەرێمی كوردستان پشتگیريی ئەو بابەتە بكەین و هەرچی بە ئێمە بكرێت لەو چوارچێوەیەدا ئامادەین، پەیامەكەیان ئەوە بوو زیاتر”.