بەبۆنەى ڕۆژى ژینگەى هەولێر هەزار و 500 دار دەچێنرێت

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە: “ئەمرۆ چوارشەممە 26/2/2025، بەبۆنەى ڕۆژى ژینگەى هەولێر و لە چوارچێوەى هەوڵەکانى زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی و جوانترکردنى شەقامەکانى سەنتەرى شار، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن سەید موراد، بەرێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى هەولێر و کارزان هادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و دلشاد هیرانى، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ژینگەى هەولێر و بەڕێوەبەرانى پارک و باخچەکان و ژینگە پارێزى و پارکى سامى عەبدولڕەحمان و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانى یەکەى ئیدارى و ئەندازیاران و ژینگە دۆستان، فەرمانگەى ژینگەى هەولێر بە هەماهەنگى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، دەستیکرد بە هەڵمەتى چاندنى 1500 دار لەسەر ڕووبەرى 36 هەزار مەتر دووجا و دروستکردنى حەوزێکى گەورەى ئاو بۆ گڵدانەوە و ئاودانى دارەکان، لە سەر شەقامى خەدەمى 120 مەترى خێرا لە نزیک گەڕەکى ڕاستى شارى هەولێر.

ئاماژە بەوەش دراوە: “لە هەڵمەتەکەدا، کە ئەمڕۆ وەک قۆنانى یەکەم دەستکرا بە چاندنى 200 دار و لە ڕۆژانى داهاتووشدا قۆناغەکانى دیکەى دەست پێدەکات، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا، وێڕاى دەستخۆشى لە فەرمانگەى ژینگەى هەولێر و سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و کرێکاران و سەرپەرشتیارانى هەڵمەتەکە، ڕایگەیاند، بە پێویستى دەزانین ئەمڕۆ لەم بۆنەیەدا و بەبۆنەى خانەنشین بوونى، یادى بەڕێز مامۆستا عەبدولڕەحمان سدیق، وەک سەرۆکى فەرمانگەى چاککردن و پاراستنى ژینگەیی هەرێمى کوردستان و ڕۆڵى بەڕێزیان وەک ژینگە پارێز و کەسایەتیەکى دیارى ژینگە دۆست بەرز بنرخێنین.”

ئەوەش خراوەتە روو: “پاشان تیشکیان خستەسەر ئەو پڕۆژە و کار و هەوڵانەى لە پێناو پاراستنى ژینگەى شارى هەولێر لەلایەن پارێزگاى هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکەى پەیوەست بەوپرسە لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە، لەوبارەیەشەوە گوتى، هەمیشە جەنابى سەرۆکى حکومەت ڕایسپاردووین چی پێویست بێت بۆ پاراستن و چاککردنى ژینگە شارەکەمان ئەنجامى بدەین و دەستکراوەى کردووین بۆ ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ سەرپێچى کاران، گوتیشى، “پاراستنى ژینگە لاى ئێمە لەسەرووى هەموو شتێکەوە.”

جەختیش کراوەتەوە: “دواتر ئاماژەى بە هەنگاوەکانى زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی لە شارى هەولێردا و ئاشکراى کرد، هەوڵەکان بۆ ئەوبابەتەش بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەى ڕابردوودا بەردەوام هەڵمەتى جۆرا و جۆر لە شوێنە گشتییەکان و گەڕەکانى شارى هەولێر ئەنجامدراوە و لە ئێستادا دەتوانین بڵێین ڕێژەى سەوزایی لە شارەکەمان بەرەپێشچوونى باشى بەخۆیەوە بینیوە.”

هەروەها ئەوەش لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: “لە بارەى ئەو هەڵمەتەى ئەوڕۆش، جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجامدانى ئەو هەڵمەتانە بەتەنها ئەرکى حکومەت نییە و پێویستە هاوڵاتییانیش هاوکار و بەشداربن بۆئەوە بە هەموولایەک بتوانین رێژه‌ی سه‌وزایی لە شارەکەمان به‌رزببێته‌وه و بەهەموو لایەکمانەوە ژینگەى شارەکەمان ببپارێزین.”

روونیش کراوەتەوە: “پاشان لەلایەن پارێزگارى هەولێر و ئامادەبووان، دەست بە چاندنى 200 دار وەک قۆناغى یەکەم و کرا و لە ڕۆژانى داهاتووشدا قۆناغەکانى دیکەى بەردەوامیان دەبێت.”

جێگەى باسە، رێژەی سەوزایی بەپێی ستانداردی جیهانی، بۆ هەر شار و گوندێک یان هەر شوێنێک کە مرۆڤ تێیدا بژیت دەبێت زیاتر لە 18% بێت، پاراستن و سەوزترکردنی ژینگە و بەرزکردنەوە و گه‌شه‌پێدانی رێژه‌ی سه‌وزاییش، جگه‌ له‌ جوانكاری بۆ ناو شار و شارۆچكه‌كان، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستیى هاوڵاتییان هه‌یه‌، لەوپێناوەشدا، پارێزگاى هەولێر هەوڵەکانى لە ڕێگەى ئەنجامدانى هەڵمەتى بەردەوام خستۆتەگەڕ بۆ سەرسەوزترکردنی ژینگە و بەرزکردنەوەى ڕێژەى سەوزایی لە شار و شارۆچکەکانى سنوورى پارێزگا بۆ سەر ڕێژەى ستانداردى جیهانى.