لە سەرەتای مانگی فێبریوەری (شوبات) ڕاگەیێنرا. دەوڵەتی ئەمریكا لێخۆشبوونەكانی هاوردەكردنی كارەبا و گازی ئێرانی بۆ عێراق هەڵوەشاندووەتەوە، هەنگاوێك كە وەك بەشێك لە گەمارۆ نوێیەكانی سەر ئێران هەژمار دەكرێت.
ئەم بڕیارە سەرەڕای پاڵەپەستۆخستنە سەر ئێران، دەوڵەتی عێراقیش لە كورتمەودا تووشی دۆخێكی نەخوازراو و قورس دەكات، چونكە عێراق شوێنگرەوەیەكی خێرای بۆ گازی ئێران نییە و ڕەنگە ڕووبەڕووی قەیرانی كەمی كارەبا ببێتەوە.
محەمەد شیاع سودانی ـ سەرۆكوەزیرانی عێراق، داوای لە ئەمریكا كردووە تا دۆزینەوەی جێگرەوە، بەردەوام بێت لەسەر ئەم لێخۆشبوونانە. سوودانی ڕایگەیاندووە عێراق تا ساڵی 2028، لەبواری وزە دەگاتە خۆبژێوی، بەڵام بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم لێخۆشبوونە، عێراق لە ماوەیەكی كەم و بۆ كورتمەودا چارەیەكی دیكەی نییە جگە لە ئێران، لە كاتێكدا ئێستا وڵاتانی كەنداویش كەوتوونەتە جموجۆڵن بۆ دابینكردنی وزە.
ئابووریی عێراق و ئێران و بەرچاوگەی ئایندە
عێراق زیاتر لە دە ساڵە پشتی بە هاوردەكردنی گاز لە ئێرانەوە بەستووە و بەتایبەت كەمی كارەبا بە هۆی كەمی هاوردەكردنی گاز لە هاوینان، ناڕەزایەتی خەڵكی لێ كەوتووەتەوە، بەڵام بە هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەكانی تایبەت بە وزە و پاڵەپەستۆكانی واشنتۆن، بەغدای ناچار كردووە بە دوای دابینكردنی وزەوە بێت. خەریكە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و توركمەنستان و ئوردن بۆ دەستكەوتنی وزە زیاتر دەكات و هەوڵ دەدات ئەم پێوەبەستراوییەی لەگەڵ ئێران كەم بكاتەوە.
ئێران لە تەنیشت توركیا و چینەوە، یەكێكە لە سێ هاوبەشە بازرگانییەكەی عێراق. عێراق لەم ساڵانەی دوایی، یەكێك لە سەرەكیترین هاوردەكارانی كاڵای ئێرانی بووە و لە ساڵی 2021 نزیكەی 9 ملیار دۆلار كاڵای لە ئێران كڕیوە كە نزیكەی نیوەی پەیوەندی بە هاوردەكردنی گازەوە بووە. ئەم پەیوەندییە ئابوورییە لە دۆخێكدا دروست بوو كە گەمارۆكانی ڕۆژئاوا بازرگانیی ئێرانی سنووردار كردبوو و عێراق وەك بازاڕێكی گرنگی لێهاتبوو بۆ نەكەوتنی دۆخی ئابووریی لە ئێران.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێوەبەستراویی عێراق بە ئێران، دوولایەنەیە. لە كاتێكدا عێراق بۆ دابینكردنی نیوەی كارەباكەی پشت بە گازی ئێران دەبەستێت، ئێرانیش بۆ دابینكردنی دراوی بیانی پشت بە عێراق دەبەستێت. ئێران بۆ خۆدزینەوە و دەرچوون لە گەمارۆكان، سوودی لە سیستەمی ماڵی عێراق وەرگرتووە و هەوڵ دەدات سوود لە دۆلارەكانی فرۆشی نەوتی عێراق وەربگرێت، بەڵام بە هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەكانی ئەمریكا، ئیتر ئەم ڕێگەیەشی لێ دادەخرێت.
یەكێك لە گرنگترین هەرەمەكانی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ عێراق، هەناردەكردنی گازە. لەگەڵ ئەوەشدا عێراق هەروا دەست و سپی دانەنیشتووە و خەریكی دۆزینەوەی جێگرەوەی گازی ئێرانە. پێكەوەبەستنی تۆڕی كارەبای عێراق بە وڵاتانی كەنداو، ڕێككەوتنە نوێییەكانی لەگەڵ توركمەنستان و هاوكارییەكانی لەگەڵ ئوردن، هەموویان نیشانەن بۆ گۆڕینی ڕوانگە و خواستی بەغدا. هەروەها عێراق بۆ زیادكردنی بەرهەمی گازی نێوخۆیی بەرنامەگەلێكی هەیە كە ئەگەر تیایاندا سەركەوتوو بێت، دەتوانێت ئێران لەم بازاڕە گرنگ و گەورەیە وەدەرنێت و بێبەشی بكات.
دۆلار و كێشەی ئاڵوگۆڕی دراویی نێوان ئێران و عێراق
یەكێك لە گرنگترین پرسە ئابوورییەكانی ئێران و عێراق، چۆنیەتی دانی پارەی گاز و كارەبای ئێرانە. عێراق لە ڕێگەی بانكی بازرگانی عێراق (TBI)یەوە پارەی هاوردەكردنی گاز دەداتە ئێران، بەڵام ئێران بە هۆی گەمارۆكانی ئەمریكا ڕاستەوخۆ ناتوانێت ئەم پارەیە دەركێشێت. تاران چەندین جار هەوڵی داوە بەغدا ناچار بكات ئەم دۆلارانە ڕاستەوخۆ بداتە بانكە ئێرانییەكان، بەڵام بەرپرسانی عێراقی لە ترسی گەمارۆكانی ئەمریكا، تا ئێستا خۆیان نەداوە بە دەست ئەم داواكارییەی ئێرانەوە.
ئەم بابەتەش چەندین جار بووەتە پرس و باسی میدیاكان. هەندێك میدیا دەڵێن، عێراق قەرزەكەی خۆی نەداوەتەوە ئێران، لە كاتێكدایە عێراق بە ڕێكوپێكی پارەی گازە كڕدراوەكەی داوەتەوە ئێران، بەڵام ئێران بە هۆی گەمارۆكانی ناتوانێت پارەكە لە بانكەكە ڕابكێشێت. ئەم كێشەیە یەكێكە لە هۆكارەكان كە بووەتە هۆی ئەوەی عێراق بە دوای شوێنگرەوەی گازی ئێران بێت.
ئێران لە لێواری لەدەستدانی عێراق
ئێران چەندین ساڵ هەوڵی داوە ڕۆڵێكی گرنگ لە ئابووری عێراق بگێڕێت و بۆ هەڵاتن لە گەمارۆ ئابوورییەكانی ڕۆژئاوا و ئەمریكا سوودی لێوەربگرێت، بەڵام بە گۆڕانی سیاسەتەكانی ئەمریكا و هەوڵەكانی عێراق بۆ وابەستەنەبوون و پشتنەبەستن بە ئێران، واپێدەچێت بە زوویی ئێران یەكێك لە گرنگترین بازاڕەكانی خۆی لەدەست دەدات.
ئێران هەوڵیشی داوە تا لە ڕێگەی بازاڕی دراوی عێراقەوە، دۆلار بۆ خۆی كۆوەكات. لەم ساڵانەی دوایی، سوودی لە جیاوازیی بەهای دراو لە نێوان دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمریكی وەرگرتووە و لە ڕێگەی كڕین و فرۆشی قاچاخ و نافەرمیی دۆلار و پارەسپیكردنەوە لە عێراق، بەشێك لە سەرچاوەی داراییەكانی خۆی دابین كردووە، بەڵام ئەمریكا لە كۆتاییەكانی ساڵی 2022 و بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بردنی دۆلار لە عێراق، یاسایەكی قورسی داناوە كە ئێرانی لەم ڕێگەیەش بێبەش كردووە.
هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی هاوردەكردنی وزە لە ئێرانەوە بۆ عێراق، خاڵێكی وەرچەرخانە لە پەیوەندیی ئابووریی هەردوو وڵات. عێراق كە پێویستییەكی زۆری بە گازی ئێران هەیە، ئێستا بە دوای شوێنگرەوە دەگەڕێت. ئەمە لە كاتێكدایە ئێرانیش بۆ دابینكردنی دراوی بیانی و هەناردەكردنی گاز و ساخكردنەوەی كاڵاكانی، بە تەواوی پێویستی بە عێراقە.
پەلەكردنی عێراق بۆ دەستكەوتنی وزە لە سەرچاوەگەلی جیاواز، ڕەنگە بە زوویی لەدەستدانی یەكێك لە گرنگترین بازاڕەكانی ئێرانی بەدواوە بێت. ئەم گۆڕانكارییانە نە تەنیا كاریگەریی ئابووری كە ڕەهەندی جیۆپۆلۆتیكیی گرنگی لە ناوچەكە هەیە، بەڵكو كاریگەریی گەورەی سیاسیش بخاتە سەر هاوسەنگیی دەسەڵات و هێزی ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو لە ناوچەكە.
سەرچاوە:
ئیندیپێندێنتی فارسی ـ