کەمئاسنی لە جەستەدا دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لە ئاستی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، چونکە ئاسن بە شێوەیەکی سەرەکی بەشدارە لە دروستبوونی هیمۆگلۆبین کە پرۆتینێکی گرنگە و دەچێتە ناو پێکهاتەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن.
کەمئاسنی یەکێکە لەو کێشە تەندوستیانەی کە زۆر باوە، کەمئاسنی لە جەستەدا جگە لەوەی دەبێتە هۆی کەمخوێنی چەند کێشەیەک دەنێتەوە بۆ لەش.
د. بەختیار سادق تۆفیق پسپۆڕی وردی کۆئەندامی هەرس و جگەر و نازوری کۆڵۆن و گەدە نیشانەکانی کەمئاسنی لە چەند خاڵێكدا دەخاتە ڕوو:
1. ماندیەتی و شەکەتی نائاسایی کە ئەمەش بەهۆی نەبوونی بڕی پێویست لە خڕۆکەی سووری تەندروستە كە یەکێکە لە باوترین نیشانەکان.
2. بێڕەنگداگەڕانی پێست و زەرد هەڵگەڕان بە تایبەت لە: پووک، ناوچەی ناوەوەی لێو و پێڵوی چاو، یان تەنانەت نینۆکەکانیش.
3. بێهێزی و ناڕێکی لە لێدانی دڵدا.
4. هەست کردن بە هەناسە تووندی تەنانەت لە ئەنجامدانی کارێکی ئاسانیش کە ئەمەش بەهۆی کەمداگەڕانی ڕێژەی ئۆکسجینەوەیە.
5. لاوازکەوتنی سیستمی بەرگری لەش و زووزوو نەخۆشکەوتن.
6. کەم بوونەوەی توانای تەرکیز کردن .
7. ئاوسانی پەلەکانی سەرەوەو خوارەوەی جەستە.
8. تەزینی دەست و لاق و دەستەلەرزە.
9. هەڵوەرینی قژ.
10. تێکچوونی خەو.
11. تێکچوونی گەشە لە منداڵاندا.
د. بەختیار سادق تۆفیق دەشڵێت: لە حاڵەتی توندی نەخۆشییەکەدا دەبێتە هۆی تێکچونی سووڕی خوێن و پەککەوتنی دڵ، بەکارهێنانی خۆراکی تەندروست یەکێکە لە چارەسەرەکان، پێویستە گرنگی بدرێت بە خواردنی گۆشت و مریشک و پاقلەمەنییەکان و میوەی وشک و ڤیتامین سی هەروەها بەکارهینانی حەبی ئاسن لەژێر چاودێریی پزیشکدا.