لە نوێترین داهێناندا، کۆمپانیای ئاڵیف ئێرۆنۆتیکسی ئەمەریکی، ئۆتۆمبێلێکی تەواو کارەبایی دروستکردووە، لەتوانایدایە بفڕێت، ئەم ئۆتۆمبێلە بۆ ئەوە دروستکراوە شۆفێر بە ئاسانی و سەلامەت، خۆی لە قەرەباڵغی و جەنجاڵیی شەقام ڕزگار بکات. نرخی ئەم ئۆتۆمبێلەش 300 هەزار دۆلارە، واتە 30 دەفتەر. ئۆتۆمبێلەکە بە سەرکەوتوویی تاقیکراوەتەوە، لە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای 2026، دەست بە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی دەکرێت.
جیم دوخۆڤنی، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاڵیف گوتی: “ئێمە ئەم مۆدێلەمان دروستکرد، سوودەکەشی ئەوەیە دەتوانیت بە یاسایی بفڕێت و لە دەرەوەی وڵاتیش دەفرۆشرێت. لەکاتێکدا دەڵێین، ئەمە هەنگاوێکە بۆ داهاتوو، هەوڵدەدەین لە داهاتوو، ئۆتۆمبێلەکە سووکتر و بەهێزتری بکەین، لەبەر ئەوەی ئەم تۆتۆمبێلە توانای فڕینی هەیە، کەواتە هەر کیلۆیەکیش بۆ ئێمە گرنگە، هەربۆیەش ڕۆژانە کاردەکەین تاوەکو سووکتر و سەلامەتتر بێت.”
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ئۆتۆمبێلە بەشێوەیەکی مۆدێرن دیزاینکراوە، دوو سەرنشین هەڵدەگرێت، لەکاتی فڕینیشدا بە ئاسۆیی دەفڕێت تاوەکو سەرنشینەکان ئاسوودەبن. نرخی ئەم ئۆتۆمبێلە 300 هەزار دۆلارە، پێشوەختەش زیاتر لە 3 هەزار دانەی لێ داواکراوە.
جیم دوخۆڤنی، باسی لەوەش کرد، “ئەگەر هەموو شتێک بە باشی بڕوات، تەواوی ئەو سەرچاوانەی پێویستمانن هەمانبێت، لە پلانمانە کۆتایی ساڵی 2025 یان سەرەتای 2026 دەست بە بەرهەمهێنان بکەین.”
دەشڵێت، ئەم ئۆتۆمبێلە دۆستی ژینگەیە و تەواو کارەباییە، زۆرترین خێرایی ئۆتۆمبێلەکە بە فڕیوی و لەسەر زەوی 160 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، بە یەکجار شەحنکردنەوە، لە توانایدایە 177 کیلۆمەتر بە ئاسماندا بفڕێت، یاخود نزیکەی 322 کیلۆمەتر ڕێگەی وشکانی ببڕێت.