نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە هادی عامری دەکات

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کرد.

لە دیدارێکدا باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و رەوشی گشتیی وڵات کرد، هەروەها پرسە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی نیشتمانی دەستەبەر بکات، خسته‌ به‌ر باس.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنە عێراقییەکاندا و کاری هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی وڵات و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە ڕۆحی هاوکاری و هاوبەشیی نیشتمانی کردەوە. هەروەها هەردوولا باسیان لە دۆخی وڵات و گرنگیی پارێزگاریکردن لە یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچه‌یی و نێودەوڵەتییەکان کرد.

نێچیرڤان بارزانی گرنگیدانی هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان لە عێراق دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانی کە لە بەرژەوەندیی ته‌واوی وڵاتدایه‌.