عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
ڤارین سەربەست، كچە شێوەكارێكی گەنجە و یەكەم پێشانگای شێوەكاری تایبەتی كردەوە كە ماوەی پێنح ساڵە سەرقاڵی وێنەكێشانی ئەم تابلۆیانەی بووە.
لە هۆڵی گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی، یەكەم پێشانگای تایبەتی كچە شێوەكار، ڤارین سەربەست كرایەوە كە 27 تابلۆی جیاوازی نمایشكردبوو، پێشانگاكە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.
ئەم كچە شێوەكارە بە هەولێری راگەیاند، كە لە منداڵییەوە خەونی شێوەكاری هەبووە و خەونیشی ئەوە بووە رۆژێك لە رۆژان ببێتە خاوەن پێشانگای تایبەتی خۆی، دواجاریش توانی بەو خەونەی بگات.
هەولێر: ئەمڕۆ یەكەم پێشانگات كردەوە، ئەمڕۆت بەلاوە چۆنە؟
ڤارین سەربەست: خۆم پێشتر بەشداریم لە دوو پێشانگای دیكەی هاوبەش كردووە، بەڵام بەڕاستی كردنەوەی ئەم پێشانگایە بۆ من وەك خەونێك بوو هاتەدی كە توانیم 27 تابلۆی تێدا نمایش بكەم.
هەولێر: تابلۆكانت گشتگیرن، واتە خۆت بە بوارێكەوە نەبەستۆتەوە؟
ڤارین سەربەست: خۆم حەزم لە رەنگرشتن و بڵاوكردنەوەی رەنگە لەسەر تابلۆ، بۆیە لەو رووەشەوە زیاتر حەزم لە ستایڵی ئەبستراكتە، بەڵام هەندێك لە تابلۆكان زیاتر خەیاڵی خۆمن.
هەولێر: تا چەندێك توانیوتە ئەكادیمیبوون لە كارەكانت رەنگ بداتەوە؟
ڤارین سەربەست: دوو ساڵ لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی ناحكومی خوێندوومە و ماوەی پێنج ساڵیشە خەریكی ئەم تابلۆیانەم بۆ ئەم پێشانگایەم.
هەولێر: بینیمان لە چەند تابلۆیەكت نووسراوە فرۆشراون، چۆنە خێرا تابلۆت فرۆشتووە؟
ڤارین سەربەست: لە یەكەم رۆژدا چەند تابلۆیەكم فرۆشران كە زۆر دڵخۆشیان كردم، نرخیشیان هەیە بە 100 دۆلار فرۆشتوومە.
هەولێر: بە گشتی هاتنی خەڵكت پێ چۆنە؟
ڤارین سەربەست: هەرچەندە یەكەم رۆژە، بەڵام هاتنی خەڵك باشە و بە هاتنیشیان زۆر دڵخۆش و سەرسام دەبم.