بە فەرمی داوای زیادکردنی پشکی کوردستان لە بودجەی عێراق کرا

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند: دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، ژمارە و ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە عێراقدا بە دیار كەوت، کە ڕێژەکە نزیکەی %15ـی دانیشتووانی وڵاتەکە پێک دەهێنێت و پێویستە پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق زیاد بکرێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستووەتەڕوو : عێراق لە یاسای بودجەدا پشكی هەرێمی کوردستانی بە 12.67% دیاریی کردووە، بۆیە بە پێویستی دەزانین داوای زیادکردنی ئەو ڕێژەیە بکەین.
دەشڵێت : نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق کرد و داوامان كردووە پشكی هەرێم لە خشتەكانی بودجە بۆ ساڵی 2025، پشت بە ئەنجامی سەرژمێری گشتی ببەستێت، ئەمەش پاڵپشت بە بڕگەی سێیەمی ماددەی 121ـە لە دەستووری عێراق.
یاسای بودجەی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سێ ساڵ نووسرا و پەسند کرا و بە پێی هەڵوێستی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە کاتی خۆی لە وەڵامی ڕەخنە و گازندەکانی کورددا بڵاو کرایەوە، دەرەنجامی سەرژمێری دەبێتە بنەما بۆ پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق.
بەپێی دەرەنجامەکە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و پێنجسەد و سێ هەزار کەسە و ئەگەر بە کۆی ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەراورد بکرێت ئەوا چواردە پۆینت دە دەستەبەر دەبێت. ژمارەی دانیشتووانی عێراق چل و شەش ملیۆن و سەد و هەژدە هەزار و حەوتسەد و نەوەد و سێ کەسە.