شەپۆڵێکی دیکەی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕێژەی بارینی بەفر و باران لەم ساڵدا پێشبینی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی کانیاو و ڕووبارەکان دەکرێت، بەشی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران، بڵاوی کردۆتەوە، ڕێژەی ھاتنی باران لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زۆر کەمترە. شارەزایانی بواری کەشناسی، دەڵێن، شەپۆڵێکی دیکەی بەفر و باران ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەفر و بارانێکی زۆر لە سنووری ئیدارەی سۆران، بەتایبەتی لە چیا بەرزەکان باریوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ڕێژەی بەفر و باران زۆر کەمترە لەچاو ساڵی ڕابردوو، کەمبوونەوەی ئاوی بێخاڵ و سەرچاوەکانی دیکەی ئاو لە ئیدارەی سۆران کاریگەری لەسەر ئاوی خواردنەوە دەبێت. جووتیارا و ئاژەڵداران، دەڵێن، ھاتنی بەفر و باران لە چەند ڕۆژی داھاتوودا وا دەکات کە ئاوی کانیاو و ڕووبارەکان زیاد بن، ئەوەش بە دڵی ئێمە دەبێت. بەرپرسی بەشی کەشناسی ئیدارەی سۆران، مەقبیلا فایەق، بەرپرسی بەشی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەمساڵ ڕێژەی بارینی باران و بەفر زۆر کەمترە لەگەڵ ساڵی ڕابردوو تێکڕای باران بارینی ئەمساڵ ٢٥٠ تا ٣٠٠ ملم بارانە، ساڵی پار تا ئەمڕۆ تێکڕای باران بارین ٦٥٠ بۆ ٧٠٠ ملم بوو.
سالار حاجی عەلی، شارەزا لە بواری کەشناسی، ڕاگەیاند: لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی مانگی سێ، بەدیاریکراوی لەدوای ٥ی ٣، ئەگەری زۆر ھەیە بارستە ھەوایەکی ساردی جەمسەری باکوور بەسەر ئاسیا و ئەوروپا بۆ سەر حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست دابەزێتە خوارێ.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: بەھۆی ئەو شەپۆلەوە، ئەگەری دڵخۆشکەر ھەیە بۆ ھاتنی شەپۆلێکی بەفر و بارانی زۆر چڕ بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، کە سەرچاوەکەی دەریای سپیی ناوەڕاست و دەریای سوور دەبێت.