مەشخەڵ كەوڵۆسی
ئەگەرچی لەئاستی میدیاییدا، زۆرێك لەناوەندە هەواڵییەكان و كەسایەتییە گرنگەكان لەمیمبەرەكانی خۆیانەوە باس لەوە دەكەن كە ئەمریكا لەسۆنگەی ئەوەیە سزای زیاتر بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، هەروەها لەلێكدانەوەی دۆخەكەشدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەتایبەتی لەبواری مووچە و هەناردەكردنەوەی نەوت” بەمەرجەكانی عێراقەوە” دەرهاویشتەی گوشارەكانی ئەمریكایە لەسەر عێراق. هەندێك وای دەبینن ئەوە فێڵێكی عێراقە بۆ خۆلادان لەسزا چاوەڕوانكراوەكانی ئیدارەی ترامپ بەسەر عێراقدا.
وێڕای ئەو ئەگەرانە، بەڵام گۆشەیەكی تریش هەیە كە پێم وایە كەمتر باس دەكرێت و، ڕەنگە لەڕاستی دوورنەكەومەوە ئەگەر بڵێم: ئەو گۆشەیەمان فەرامۆشكردووەو، لەوانەیە ببێتە بەڵایەكی ناگەهان بۆمان.
دەمەوێت بڵێم: ئەگەرچی سەپاندنی سزا و لاوازكردنی عێراق ئەگەرێكی بەهێزە، بەڵام ئەگەرێكی بەهێزی تریش هەیە و، ئێستا مەترسییەك سەری هەڵداوە كە بریتییە لە ئەگەری مۆركردنی ڕێككەوتنێكی نوێی ئەمنی لەنێوان عێراق و ئەمریكادا. ئەگەر ئەم ئەگەرە بێتە ڕاستی ” وەك زۆرێك چاوەڕوانی دەكەن و باسی لێوەدەكەن” ئەوكاتە مەترسی ڕاستەقینە ڕوو لەهەرێمی كوردستان دەكات، بەتایبەتی ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری سەرجەم قۆناغەكانی وتوێژو مۆركردنی ڕێككەوتنە ئەمنییەكە نەبێت.
دەبێ كورد لەئێستاوە بزانێت، مەرجەكانی ئەو ڕێككەوتنە ئەمنییە چین؟ لایەنە بەشدارەكانی كێن؟ سنورەكانی؟ ماوەی جێبەجێكردنی؟ دەستپێكردن و كۆتاییهاتن و بەدیلەكانی؟ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان؟ ئەو قورسایی و كاریگەرییانەی دەكەونە سەر هەرێم لەئێستاو ئایندەدا؟ پێناسەی تیرۆر لەناو دەقی ڕێككەوتنەكەدا چی دەبێت؟ ڕۆڵی سوپا و دەزگا ئەمنییەكانی عێراق؟ لێكەوتەكانی لەسەر ئابووری و هاوپەیمانێتییەكان؟…هتد.
هەر لەم چركەیەدا، كوردەكانی ڕۆژئاڤاش، لەبەردەم ئاڵنگارییەكی گەورەدان، چونكە هەوڵێكی جیدی هەیە بۆ دوورخستنەوەیان لەهەموو كایەیەكی سیاسی” ئەوەش هۆكاری خودی و بابەتیی هەیە” لەم میانەیەدا مەترسیدارترین لێدوان، ئەو قسەیەی حەسەن دەغیم، وتەبێژی لیژنەی ئامادەكاری دیالۆگی نیشتمانی سوریا بوو كە گوتی: هەسەدە بانگ نەكراوە بۆ گفتوگۆ، چونكە گفتوگۆی كۆمەڵگاییە و تایبەت نیە بە ڕێكخراوە سەربازییەكان” .
سەیر لەوەدایە هیچ لایەنێكی كوردی بانگهێشتنەكراوە، كورد وەكو پێكهاتەیەك پەراوێزخراوە، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە، پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و مافەكانی بخەیتە چوارچێوەی پێناسەیەكی تەكسی جەبرییەوەو، كورد لە سروشتی خۆی و لەداخوازییە نەتەوەییەكانی دابڕنیت.
ئەو لێدوانە هاوكاتە لەگەڵ هەڵوێستی نافەرمی ئیسرائیلییەكانیش كە لەمیدیاكانەوە دەڵێت: كوردەكانی سوریا لەبواری دیپلۆماسیدا زۆر لاوازن و ناتوانن ئامانجەكانیان بەدەستبهێنن.
یانی: دوورنیە دەستەڵاتی تازەی سوریا، لەبەرانبەر ڕازی بوونی بە دەستهەڵگرتن لەدۆسیەی دروزەكانی باشور بۆ ئیسرائیل، دۆسیەی كوردی لەدەستی خۆی توند كردبێت.
ئەگەرچی قبوڵكردنی ئەم سیناریۆی موقایەزەیە، كەمێك سەختە بۆ كوردێك كە نەشوەی سەركەوتنی هەیە و ئەزمونی لەیارییەكاندا نیە، بەڵام ئەگەرێكی جدییە و، بەبڕوای زۆرێك لەچاودێران، كورد ناتوانێت تەنها بەگرەوكردن لەسەر هەڵوێستی فەرەنسا، لەكایەكە بێخەم بێت، لەكاتێكدا سوریا بووەتە مەیدانی تەراتێنی دەوڵەتە هەرێمایەتی و زلهێزەكان.
پێویستە كوردی باشور و ڕۆژئاڤا، ئەو دوو سیناریۆیە بەهەند وەربگرن و، زووبەزوو لەهەولێر كۆببنەوە بۆ ئەوەی نەخشەڕێگەیەك بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە و گەیشتن بە دڵنیایی بەرانبەر مافەكانی كورد، دابڕێژن.