لە ڕێوڕەسمێکدا بەڵگە فیلمی “کەرکووک تەعریبی بەردەوام” نمایش کرا

 

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 25ـی 2ـی 2025 لە هوڵی ڕاگەیاندنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، مەحموود محەممەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی (پ.د.ک) و د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د.شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نینۆس نەمرود سەرپەرشتیاری تۆڕی میدیایی کوردستان و, یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر و نووسەران لە ڕێوڕەسمێکدا بەڵگە فیلمی “کەرکووک تەعریبی بەردەوام” نمایش کرا.

دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە مارشی ئەی ڕەقیب و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریس)ی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.

لە گوتارێکدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، ئاماژەی بەوەکرد؛ دەکرێت لە ڕێگەی ئەم بەڵگە فیلمەوە، بە دنیا بڵیین ئەمە زامەکانی میللەتی ئێمە و هەروەها ئەمەش چارەسەرییەکانە، ئەم بەڵگە فیلمە خەم و ناسۆری گەلێکی ئاشتیخواز نیشاندەدات بۆیە زۆر جێگەی بایەخە.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، وێڕای دەستخۆشیی لە محەممەد حاجی قادر بەرهەمهێنەری فیلمەکە، گوتی: هیوادارین نموونەی زیاتر بێت، تاوەکوو حەقیقەتەکانی تەعریب و داگیرکاری وەک خۆی بگاتە هەموو دنیا.

دواتر، محەممەد حاجی قادر بەرهەمهێنەری فیلم، تیشکی خستە سەر قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی فیلمەکە و ئامانجەکانی ئەم فیلمەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

دواتر، بەڵگە فیلمی (کەرکووک تەعریبی بەردەوام) لە ئامادەکردنی تۆڕی میدیایی کوردستان بەسەرپەرشتی محمد حاجی قادر نمایش کرا، تیایدا لەماوەی یەک کاتژمێری فیلمەکە چەندین ڕێگە و قۆناغی جیاواز بۆ تەعریبی کەرکووک لە فیلمەکەدا نمایش کرا، بەرهەمهێنەری فیلم لەم فیلمەدا گەشتێکی درێژخایەنی بۆ شاری کەرکووک کردووە، سەردانی بەشێکی زۆری قەزا و ناحیە و گوندەکانی کەرکووکی کردووە، لە نزیکەوە ڕێکار و هەنگاوەکانی پرۆسەی تەعریبی لە شارەکە تۆمارکردووە، وێڕای ئەوەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ هاووڵاتیانی ناوچەکە ئەنجامداوە.