بڕیاره له چوارڕیانی سافی، نزیك زانكۆی كوردستان له هه‌ولێری پایته‌خت، په‌رده له‌سه‌ر په‌یكه‌ری هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو (فوئاد ئه‌حمه‌د) لابدرێت.
كاتژمێر 4ی ئێواره‌ی سبه‌ی چوارشه‌ممه 26ی 2ی 2025، له چوارڕیانی سافی، نزیك زانكۆی كوردستان، كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی- مه‌ڵه‌به‌ندی گشتیی هه‌ولێر، به هه‌ماهه‌نگی پارێزگاری هه‌ولێر، له ڕێوره‌سمێكی شایسته‌دا په‌رده له‌سه‌ر په‌یكه‌ری هونه‌رمه‌ندی ناوداری كوردستان و هه‌ولێری پایته‌خت كۆچكردوو‌و (فوئاد ئه‌حمه‌د نانه‌كه‌لی) لاده‌دات.
هونه‌رمه‌ند فوئاد ئه‌حمه‌د ناوی ته‌واوی (فوئاد ئه‌حمه‌د سلێمان)ه، له هۆزی نانه‌كه‌لییه، باوكی هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبوو (ئه‌حمه‌د ته‌بیب) یه‌كێك بووه له كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه و هه‌ولێر به گشتی.
هونه‌رمه‌ند (فوئاد ئه‌حمه‌د) له ساڵی 1932 له گوندی (عه‌وێنه)ی سه‌ر به شاره‌دێی گوێڕ چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه، ساڵی 1940 چووه‌ته قوتابخانه پاشان خانه‌ی مامۆستایانی ته‌واو كردووه، له سه‌ره‌تا له گوندی عاڵڵا و گردعازه‌بان و چه‌ند شوێنێكی دیكه ده‌شتی هه‌ولێر بووه‌ته مامۆستا.
هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبوو له ساڵی 1959 تاكوو 1970 لێپرسراوی جوڵانه‌وه‌ی هونه‌ری بووه، بۆ یه‌كه‌مجار ساڵی 1955 چووه‌ته ئێستگه‌ی به‌غدا، یه‌كه‌م سرودی به‌ناوی (نه‌ورۆز) تۆمار كردووه، له ساڵی 1959 گۆرانی (ئه‌میره‌كه‌م)ی تۆمار كردووه، ئنجا گۆرانی (نامه‌كه‌ت گه‌یشت) و (سروه‌ی به‌یان) و له‌گه‌ڵ چه‌ند گۆرانییه‌كی تر و پاشان درێژه‌ی به كاروانی هونه‌ری داوه.
رۆژی سێشه‌ممه 17ی 8ی 2004، هونه‌رمه‌ند فوئاد ئه‌حمه‌د كۆچی دوایی كرد، پاشان له رێوه‌رسمێكی شكۆداردا له شاری هه‌ولێر به‌خاك سپێردرا.