مەنسوور جیهانی – حه‌فتاوپێنجه‌مین جەژنەفیلمە نێونه‌ته‌وه‌ییەکەی “بەرلیناله” به پیشاندانی فیلمی سینەمایی “تیشک” Das Licht له ده‌رهێنانی “تۆم تایکوێر” Tom Tykwer له شاری به‌رلین ده‌ستی پێ‌کرد.
له ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی جەژنەفیلمە نێونه‌ته‌وه‌ییەکەی “بەرلیناله” Berlinale که به پێشکه‌شکاری “دزیره نۆسبۆش” Désirée Nosbusch ئه‌کته‌ر، پێشکه‌شکار، ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری ناوداری لۆکسمبۆرگی له کاتژمێر ٥ی ئێوارێی ڕۆژی پێنجشه‌مه ١٣ی شووباتی ٢٠٢٥ له “بەرلیناله پالاست” Berlinale Palast ـی شاری به‌رلین له وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه چوو؛ “کلۆدیا راس” Claudia Roth وه‌زیری کو‌لتوور و میدیای ئه‌ڵمانیا، “کای وێگنێر” Kai Wegner شاره‌وانی به‌رلین و خاتوو “تیلدا سوینتۆن” Tilda Swinton ئه‌کته‌ری ناودار و براوه‌ی خه‌ڵاتی (فه‌خری)ـی “ورچی زێڕین” Golden Bear له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵ، چوونه سه‌ر مافووره‌ی سووری ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه.
له درێژه‌ی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی”، لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “ڕوانینه‌کان”، لێژنه‌ی دادوه‌رانی خه‌ڵاتی بەڵگەفیلم و لێژنه‌ی دادوه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی “کورتەفیلم” له به‌رانبه‌ر کامێڕای فۆتۆگرافه‌ره‌کان، وێنه‌گران و په‌یامنێرانی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی جیهان، له لایه‌ن به‌رپرسانی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالهوه له‌سه‌ر مافووره‌ی سوور پێشوازییان لێ‌کرا.
پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاتی “ورچی زێڕین” به “تیلدا سوینتۆن”
له ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی ئه‌م فێستیڤاڵه‌دا، به ئاماده‌بوونی “ئێدواڕد بێرگێر” Edward Berger ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووسی ناوداری ئه‌ڵمانی؛ خه‌ڵاتی فه‌خری “ورچی زێڕین” به بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنه گرینگه سینه‌ماییه‌کان و ته‌مه‌نێک ده‌ستکه‌وتی هونه‌ریی به خاتوو “تیلدا سوینتۆن” Tilda Swinton ئه‌کته‌ری به‌ناوبانگی به‌ریتانی و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی ئۆسکار، خه‌ڵاتی “شیڕی زێڕین”ی جەژنەفیلمە نێونه‌ته‌وه‌ییەکەی “ڤێنیز”، خه‌ڵاتی جەژنەفیلمە
نێونه‌ته‌وه‌ییەکەی “له‌نده‌ن”، خه‌ڵاتی “به‌فتا” BAFTA ئاکادیمیای فیلمی به‌یتانیا، خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری خه‌ڵاته‌کانی فیلمی ئه‌ورووپا و هتد پێشکه‌ش کرا.
نواندنی “تیلدا سوینتۆن” سه‌رسووڕهێنه‌ره
لە راگه‌یاندراوی به‌رپرسانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەرلین”دا سەبارەت بەم ئه‌کته‌ره ناوداره‌ی سینەمای جیهاندا هاتووە: درێژه‌ی کاره‌کان و هه‌روه‌ها نواندنی “تیلدا سوینتۆن” سه‌رسووڕهێنه‌ره. ئه‌و مرۆڤایه‌تی، له‌خۆبردویی، زه‌ین، قسه‌خۆشیی و شێوازه جۆراوجۆره‌کانی نواندنی بۆ سینه‌ما به دیاریی بۆ هێناوین و به به‌رهه‌مه‌کانی ئایدیای ئێمه‌ی سه‌باره‌ت به جیهان به‌ربڵاوتر کردووه. تیلدا یه‌کێکه له سینه‌ماکاره مۆدێڕنه‌کانی سه‌رده‌می ئێمه و هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر، به‌شێک له بنه‌ماڵه‌ی به‌رلیناله بووه. ئه‌م ئه‌کته‌ره هه‌ڵگره‌ی خه‌ڵاتی ئۆسکار، ساڵانێکه له‌گه‌ڵ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەرلین”، په‌یوه‌ندییه‌کی گه‌رم و گوڕ و خۆشه‌ویستانه‌ی بووه؛ له ساڵی ٢٠٠٩ وه‌کوو سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی” ئاماده بووه و له ٢٦ فیلم له به‌شه جۆراوجۆره‌كان وه‌کوو ئه‌کته‌ر، هونه‌ریی خۆی خوڵقاندووه، له‌وانه؛ ”کاراڤاجیۆ” Caravaggio که ساڵی ١٩٨٦ فیلمی براوه‌ی خه‌ڵاتی “ورچی زیوین” به‌رلیناله بوو تا نواندن له فیلمه‌کانی “که‌ناراو” Beach له ساڵی ٢٠٠٠، “دێرێک جارمه‌ن” Derek Jarman له ساڵی ٢٠٠٨، “باغ” The Garden له ساڵی ١٩٩١ و “دوایین و یه‌که‌مین پیاوه‌کان” Last and First Men له ساڵی ٢٠٢٠.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی” له‌م ڕووداوه گرینگ و پله یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان بریتین له: “تۆد هینز” Todd Haynes سیناریۆنووس و ده‌رهێنه‌ر – سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، “نه‌بیل عه‌یووش” Nabil Ayouch ده‌رهێنه‌ری مه‌غریبی و دانیشتووی وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، خاتوو “فه‌ن بینگ‌بینگ” Fan Bingbing ئه‌کته‌ر له وڵاتی چین، خاتوو “بینا دیگلێر” Bina Daigeler دیزاینه‌ری جلووبه‌رگ له وڵاتی ئه‌ڵمانیا، “ڕۆدریگۆ مۆرێنۆ” Rodrigo Moreno ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌ڕژه‌نتین، خاتوو “ئێمی بیکلسۆن” Amy Nicholson ڕه‌خنه‌گری فیلم له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا و هه‌روه‌ها خاتوو “ماریا شرێدێر” Maria Schrader ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌ڵمانیا.
خه‌ڵاته‌کانی “ورچی زێڕین” و “ورچی زیوین” به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی
ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی که له لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی” به براوه‌کانی ئه‌م به‌شه ده‌به‌خشرێن، بریتین له؛ خه‌ڵاتی “ورچی زێڕین”ی باشترین فیلم، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی “ورچی زیوین” لێژنه‌ی دادوه‌ران، خه‌ڵاتی “ورچی زیوین” لێژنه‌ی دادوه‌ران، خه‌ڵاتی “ورچی زیوین” باشترین ده‌رهێنان، خه‌ڵاتی “ورچی زیوین” باشترین ئه‌کته‌ریی داهێنه‌ر و پێشڕه‌ویی ڕۆڵی یه‌که‌م، خه‌ڵاتی “ورچی زیوین” باشترین ئه‌کته‌ریی ڕۆڵی ته‌واوکه‌ر، خه‌ڵاتی “ورچی زیوین” باشترین سیناریۆ و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی “ورچی زیوین” بۆ باشترین هاوبه‌شی هونه‌ریی به‌رچاو.
بەشە جۆراوجۆره‌کانی فێستیڤاڵی فیلمی “بەرلیناله”
حەفتاوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
“بەرلین” به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خاتوو “تریشیا تۆتێل” Tricia Tuttle لە چەندین بەشی ڕکابه‌ری و کێبڕکێدا، لەوانە؛ بەشی کێبڕکێی و ڕکابه‌ریی “سەرەکی”، به‌شی پێشبڕکێی تازه‌ی “ڕوانینه‌کان” Perspectives، بەشی کێبڕکێی “ڕووبەڕووبوونەوەکان” Encounters، بەشی کێبڕکێی “نەوەکان” Generations، بەشی کێبڕکێی “فۆرۆم” واته “مەکۆ” Forum، بەشی “کورتەفیلم”، بەشی فیلمی بەڵگەنامەیی و چەندین بەشی ده‌ره‌وه‌ی ڕکابەری لەوانە؛ بەشی “پانۆراما”، بەشی تایبەتی “گاڵا”، بەشی تایبەتی “به‌رلیناله”، بەشی “نمایش‌کردنی سینەمای کلاسیک” و هتد لە رۆژانی ١٣ تا ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥ له سینه‌ماکانی شاری بەرلین له وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە ده‌چێت.
وێنەکان: مەنسوور جیهانی