مۆدریچ پێشوەختە چارەنووسی خۆی یەكلا دەكاتەوە

یاریزانی كرواتیی یانەی ریاڵ مەردید لۆكا مۆدریچ، بڕیاری خۆی لەسەر چارەنووس و مانەوە یان بەردەوامبوونی لە یانەكەی دا.

یانەی ریاڵ مەدرید لە گەڕی ڕابردووی لا لیگادا، بە ئەنجامی 2-0 گۆڵ لە یانەی جیرۆنای بردەوە، لەو یارییەدا لۆكا مۆدریچ گۆڵێكی نایابی تۆمار كرد، كە لێدانێكی یەكجار بەهێزی لە دەرەوەی هێڵی سزا ئاڕاستەی گۆڵ كرد و گۆڵی یەكەمی یانەكەی تۆمار كرد.

سەرەڕای كەمبوونەوەی خولەكەكانی بەشداریكردنی لە یارییەكانی یانەكەی لەم وەرزە، بەڵام مێدیاكانی ئیسپانیا پێیان وایە، مانەوەی لە سەركردایەتیی ریاڵ مەدرید، یەكلاكەرەوەیە و زۆر پێویستیشە بۆ تیمەكەی كارلۆ ئەنچیلۆتی.

ئەو یاریزانە 39 ساڵانە، جێی ڕێزی هەموو ئەندام و یاریزانانی یانەكەدایە.

بەپێی تۆڕی هەواڵی ریلیڤۆی ئیسپانی، مۆدریچ پێشوەختە بڕیاری خۆی دەدا، كە بۆندێكی نوێ بكا و لە كاتێكی زووتردا بكا، بەراورد بە بڕیارەكانی لە وەرزەكانی ڕابردوودا.

دوای یارییەكەی ڕابردووشیان، كارلۆ ئەنچیلۆتی ئاماژەی بە ئاستی مۆدریچ كرد و وتی: مۆدریچ دیارییەكە بۆ تۆپی پێ، پێویستە لەگەڵمان بەردەوام بێ بۆ زۆرترین ماوە.

گوتیشی: ئەو ئەفسانەیەكی ڕاستەقینەیە، هێشتا ئاستێكی باش بە جوانترین شێوە پێشكەش دەكا، زۆر بە پیشەگەرانەش دەجووڵێتەوە و یاری دەكا.