محەمەد عوسمان، یه‌كێك له یاریزان و وه‌رزشوانه دێرینەكانی هه‌ولێر و كوردستانه، به هۆی به‌هێزیی كه‌سایه‌تی و ره‌وشتبه‌رزییه‌كه‌یه‌وه لای زۆربه‌ی خه‌ڵكی خۆشه‌ویست بووه، ته‌نانه‌ت لای به‌رپرسه باڵاكانی كوردستان و عێراق رێزی تایبه‌تی لێ گیراوه، له كاتی كێشەكان گوێی لێ گیراوه و قسه‌كانی ئه‌ویان به گرنگ و راست
وه‌رگرتووه.
وه‌فا و خۆشه‌وه‌یستی ئه‌و بۆ هاوڕێ یاریزانه‌كانی ته‌نیا به قسه نه‌بووه، به‌ڵكوو ئه‌و هه‌موو كات به كرده‌وه بۆی سه‌لماندوون و له كاتی ته‌نگانه‌و لێقه‌ومانا به هانایانه‌وه چووه، دوای شه‌هید بوونی مورسه‌ل، كه دۆست و هاوڕێی گیانی بە گیانی یاریزان و شەهیدى سەنگەر (شه‌هید موڕسەل) بووه، محه‌مه‌د عوسمان كوڕێكی بەناوی ئەو یاریزانە شەهیدەوه دەكات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی ماڵئاوایی له ژیان ده‌كات، مورسه‌ل هه‌ر له‌گه‌ڵی بمینێت و له یادی نه‌كات، كه‌من ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌مجۆره به‌رانبه‌ر به هاوڕێ و هاوپیشهكامی به وه‌فا و دڵسۆبێ بۆی، به‌ڵام هەستی وەفا و خۆشەویستی له گیانی حاجی محه‌مه‌د زیاتر له هه‌موو كه‌س به‌هێزتر و تووندتر بوو، ئەمەش ببووه هه‌وێنی خۆشویستنی ئه‌و كه‌سه له لایه‌ن كه‌سانی ده‌وروبه‌رییه‌وه.
یاریزانی دێرینی شاری هەولێر بووه، له ده‌سته‌ی سه‌ره‌كی دامه‌زراندنی یانه‌ی هه‌ولێر بووه، بۆ چەندین یانەى شاره‌كه یاری كردووە و پاشان دەبێتە راهێنەری زۆربەی یانەكانی هەولێر، ته‌نانه‌ت له جیهانی كارگێڕیش لێزان و كارزان بووه، كارگێڕى و سەرپەرشتیار بۆ خولەكانی كوردستان و عێراق كردووه، دوو ساڵ به‌ر له مردنی به‌رده‌وامى به‌خزمه‌تى بوارى وه‌رزش ده‌دا ، دواتر نه‌خۆشی رێگه‌ی پێندا به‌رده‌وام بێت و له دنیای وه‌رزش دوورده‌كه‌وێته‌وه.
محەمەد عوسمان ئەحمەد، ساڵی 1947 لەشاری هەولێر لەدایك بووە، دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە، ساڵانی 1959 و 1960 لەهەڵبژاردەی پەروەردەی هەولێر یاری تۆپی پێی كردووە، لەدەستەی دامەزرێنەری یانەكانی (هەولێر و برایەتی و هێرش و ئاڵا) بووە، زیاتر لەنیو سەدە وەك یاریزان و راهێنەرێكی بەئەزموون خزمەتی تۆپی پێی كوردستانی كردووە، لەسەرەتای شەستەكاندا تێكڕای چالاكییەكانی شاری هەولێر بۆ رۆژنامە وەرزشییەكانی (مەلعەب و جمهور ریازی) رووماڵ دەكات، ماوەیەكی زۆر خزمەتی بواری رۆژنامەنووسی وەرزشی كوردی كردووە و خاوەن كتێبێكى ئاماده‌كراوە لەسەر یاری تۆپی پێ به‌زمانى عه‌ره‌بى و به‌ناونیشانى (التدریب فی كره القدم).
رۆژی یەكشەممە 16/8/2020 ئەستێرە درەوشاوەكهی وەرزشی كوردستان، محه‌مه‌د عوسمان دواى زیاتر له‌دوو ساڵ نه‌خۆشكه‌وتنى لەتەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و جیهانه‌ی مورسه‌لی هاوڕێی پێشووتر بۆی گهڕابووەوە.