دوای تێپەڕبوونی نۆزدە گەڕ بەسەر یارییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە، ٥٨٧ کارتی زەرد و ٣٦ کارتی سوور بە ڕووی یاریزاناندا بەرز کراوەتەوە

دوای یارییەکانی گەڕی نۆزدەمی خولی نایابی کوردستان، ژمارەی کارتە زەرد و سوورەکان کە بە ڕووی یاریزانان بەرزدەکرێنەوە لە زیاد بووندایە، ڕۆژنامەی هەولێر هەموو وەرزێک هەفتانە ئامار و زانیارییەکانی خولەکە بڵاو دەکاتەوە.

کۆمەڵێک ئامار لەسەر خولەکە

دوای تێپەڕبوونی ١٩ گەڕ شێروانە زۆرترین یاری بردۆتەوە کە ١١ یاریە، چوارقوڕنە لە کۆی ١٧ یاری کە ئەنجامی داوە ٩ یاری یەکسان بووە کە زۆرترینە، شێروانە و زاخۆ زۆرترین گۆڵیان تۆمارکردووە کە ٣٥ گۆڵە، سەیدسادق زۆرترین گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە کە ٣٦ گۆڵە.

تا ئێستا ٣٨ لێدانی سزا بۆ یانەکان هەژمار کراون، لەو ژمارەیە ٣٢ لێدانیان گۆڵیان پێ تۆمار كراوە و  شەش لێدانیان بەفیڕۆ دراون.

رکەبەری گۆڵکاری خولەکە بەهێزە، تا ئێستا فەرحان شکور بە تۆمارکردنی پازدە گۆڵ گۆڵکاری خولەکەیە، بەڵێن فایەق یاریزانی چوارقوڕنە بە ١٠ گۆڵ لە پلەی دووەم دێت و عومەر بیبۆ لە زاخۆ و محەمەد خەلیل لە برایەتی ٩ گۆڵی هەیەو لە پلەی سێیەم دێن و محەمەد والح لە شەقڵاوە ٨ گۆڵی هەیە و لە پلەی چوارەم دێت، گێلێرمی سانتۆس و جۆرجی لویس لە یانەی زاخۆ و بیلال سالح لە یانەی شێروانە ٧ گۆڵیان هەیە و لە پلەی پێنجەم دێن، فراسنسیس دادزی لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر و نیعمەت عارف لە یانەی پیشەسازی و گەیلان بورهان لە چوارقوڕنە بە ٦ گۆڵ پلەی شەشەمی ڕیزبەندی گۆڵکارانیان گرتووە.

ژمارەی کارتە زەرد و سوورەکان

تا ئێستا لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان لە ١٣٣ یاری کە ئەنجامدراوە، ٣٣٦ گۆڵ تۆمار کراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک ٢،٥ گۆڵە، لەو ژمارەیە ١١٢٠ گۆڵیان لە نیوەی یەکەم و ٢١٦ گۆڵیان لە نیوەی دوومدا تۆمار کراون، گەڕی یەکەمی خولەکە زۆرترین گۆڵی تێدا تۆمارکراوە کە ٢٤ گۆڵە، ڕێژەی کارتە ڕەنگاو ڕەنگەکان لەبەرزبونەوەدایە و ٥٨٧ کارتی زەرد بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە و لە کۆی ئەو ١٣٣ یاریەدا ٣٦ کارتی سوور بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە، گەڕی شازدەمی خولەکە زۆرترین ژمارەی کارتی تێدا بەرزکراوەتەوە کە ٤٣ کارتی زەرد و ٣ کارتی سوورە.

ڕیزبەندی کلین شیت

دوای تێپەڕبوونی ١٩ گەڕ بەسەر یارییەکاندا ژمارەیەک گۆڵپارێز ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەکانیان پێشکەش دەکەن و توانویانە زۆرترین جار پارێزگاری لە گۆڵی تیپەکانیان بکەن، ڕیزیبەندی زۆرترین کلین شیتیش تا ئێستا بەمشێوەیە:

١- گەیلان سادق– یانەی هەندرێن  ٧ کلین شیت

٢- ڕەوەند عجیل – یانەی هەولێر  ٦ کلین شیت

٣- عەباس یابر – یانەی ئاکرێ  ٦ کلین شیت

٤- نیما عەزیز – یانەی دەربەندیخان، چوارقوڕنە  ٦ کلین شیت

٥- هۆگر عەلی – یانەی زاخۆ ٥ کلین شیت