چەند یارییەکی بەهێز لە خولی نایابی کوردستان بەڕێوە دەچن

ئەمڕۆ سێشەممە، چەند یارییەکی گرنگ و بەهێز لە گەڕی 20 خولی نایابی کوردستان ئەنجام دەدرێن، یانەکان هەوڵی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی ئەم وەرزەیان دەدەن، یانەی رزگاری دەیەوێت لەگەڵ یەکەم وەرز ئەنجامێکی مێژوویی لە خولی نایابی کوردستان تۆمار بکات، یانەکانی چوارقوڕنە و شەقڵاوە، جەنگی مانەوە لە خولی نایابی کوردستان دەکەن، هەموو گەڕێک رۆژنامەی هەولێر شەن و کەوی یارییەکان دەکات و دوایین زنیاریی دەخاتەڕوو.

رزگاری – چوارقوڕنە

یانەی رزگاری لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی چوارقوڕنە دەکات، رزگاری لەگەڵ ئەوەی یەکەم وەرزیەتی لە خولی نایابی کوردستان، بەڵام بە ئاستێکی نایاب دەردەکەوێت، بە تایبەت لە یاریگەی خۆی تائێستا هیچ دۆڕانێکی نییە، بۆیە ئەمە بۆ تیپی میوان زەحمەترین یاریی چوارقوڕنە دەبێت، بەڵام بۆ هاندەرانی رزگاری بەدەستهێنانی سێ خاڵ دەبێت، رزگاری بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ لە خانەی پێنجەم دێت.

یانەی چوارقوڕنە ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی پێچەوانەی پلان و ئامانجەکانی تیپەکەیە، ئەوان خەونی بردنەوەی نازناوەکەیان هەبوو، کەچی ئێستا جەنگ لەسەر مانەوە دەکەن، تیپەکە هەموو هەوڵێک دەدات ئەم وەرزە لە دابەزین رزگاری بێت، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو ئامانجەی بێنێتە دی، بە 18 خاڵ لە خانەی سێزدەمی ریزبەندی دێت.

رانیە – سیروانی نوێ

یانەی رانیە لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی سیروانی نوێ دەکات، تیپەکەی دەروازەی راپەرین، هەموو ئامانجیان مانەوەیە لە خولی نایابی کوردستان، بەڵام تا ئێستا لە دۆخێکی خراپدان و ئەو  ئامانجەیان نەهێناوەتە دی کە لەسەرتای وەرز پلانیان بۆ داڕشتبوو، دوای ئەنجامدانی 19 یاریی 29 گۆڵیان لێ تۆمارکراوە، ئەمە لاوازیی هێڵی بەرگریی تیپەکە دەردەخات، تەنیا 20 گۆڵیان کردووە، کە دەکاتە گۆڵێک بۆ هەر یارییەک، ئەمەش لایەنی لاوازی هێرشبەرانی تیپەکە دەردەخات، بە کۆکردنەوەی 20 خاڵ لە خانەی دوازدەیەمی ریزبەندی دێن، هەوڵ دەدەن یارییەكەیان بەرانبەر یانەی سیروانی نوێ، بکەنە وێستگەی مانەوە لە خولی نایابی کوردستان.

یانەی سیروانی نوێ، كە تاکە یانەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چوار وەرز بەر لە ئێستا نازناوی خولی نایابیان بەدەست هێنابێت، بەڵام چەند وەرزێکە تیپەکە تەنیا بە یاریزانی لاو یاری دەکەن و تەنیا دەیانەوێت لە ریزی نایابەکان بەردەوام بن، ئەوان بە فشاری بەرز و بەرگریی بەکۆمەڵ، پارێزگاری لە گۆڵی خۆیان دەکەن، بە هێرشی پێچەوانە و تۆپی جێگیر هەوڵی گۆڵ تۆمارکردن دەدەن، 17 گۆڵیان تۆمارکردووە، کە رێژیەکی کەمە تا ئێستا یانەکە بەدەستی هێنابێ، یانەی سیروانی نوێ دوای 19 گەڕ تەنیا 23 خاڵیان لە هەگبەدایە و لە خانەی هەشتەمی ریزبەندی دێت.

دەربەندیخان – شەقڵاوە

یانەی دەربەندیخان لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی شەقڵاوە دەکات، دەربەندیخان خاوەن 30 گۆڵن، کە دووم تیپن لە رووی تۆمارکردنی گۆڵەوە، فەرحان شوکر بە 16 گۆڵ تا ئێستا گۆڵکاری خولەکەیە، کوڕانی دەربەند هەوڵ دەدەن لەنێو یاریگەی خۆیان ئەنجامێکی باش بەدەست بێنن، چونکە ئەم وەرزە چەند گەڕێک لەنێو یاریگەی خۆیان ئەنجامی خراپیان تۆمار کرد، بۆیە دەیانەوێت نێوانی خۆیان لەگەڵ هاندەرانی تیپەکە ئاشت بکەنەوە، 22 خاڵیان هەیە و لە خانەی دەیەم دێن، یا ئێستا مانەوەیان لە خولی نایابی کوردستان مسۆگەر نەکردووە.

یانەی شەقڵاوە ئەم وەرزە بە خراپترین دۆخی خۆی تێدەپەڕێت، یانەکە تا ئێستا سێ راهێنەری گۆڕیوە، بەڵام یانەکە نەیتوانیوە ئەنجامەکانی تیپەکەی باش بکات، دوای سێ مانگ ئینجا مووچەیان وەرگرت، دواتر راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاستی تیپەکە هەبوو، لەنێو یاریگەی خۆیان بە دوو گۆڵ لەگەڵ شێروانەی پێشەنگی خولەکە یەکسابوون، دەیانەوێت وێستگەی دەربەندیخان بکەن بە هانگاوی هەڵسانەوە و مانەوە لە خولی نایابی کوردستان، 31 گۆڵیان لێ تۆمارکراوە، کە زیاتر لە هەموو تیپەکانی دیکە گۆڵیان لێکراوە، 15 خاڵیان هەیە و لە خانەی چواردەیەمی ریزبەندی دێن.