ڕائیب جادر – هەولێر
لە شاری مووسڵ گەورەترین ناعەداڵەتی بەرانبەر بە پێکھاتە و نەتەوەکان دەکرێت، ژیان و گوزەرانیان باش نییە و بەردەوام ھەڕەشەیان لەسەرە. کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا نایانەوێت بگەڕێنەوە، ھۆکارەکەش بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامی و ھەبوونی گرووپی چەکدار لە ناوچەکانیان دەگەڕێنەوە. ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکھاتەکان، دەڵێت: کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا ژیان و گوزەرانیان باش نییە و بەردەوام ھەڕەشەیان لێ دەکرێت.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە ھۆکارەکانی ناسەقامگیری دۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق و شەڕی تائیفی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٨ و دواتر شەڕی داعش و پاشان مامەڵەی ھەندێک گرووپی چەکداری شیعە ھۆکاری کۆچکردنی کریستیانەکان بوون بۆ دەرەوەی عێراق.
ھەرێمی کوردستان بە دەیان ساڵە پەناگە و شوێنی ئارامی کریستیانەکان بووە، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا زۆربەی ئەو کریستیانانەی ناوچەکانیان کەوتە بەر ھێرشی داعش ڕوویان لە ھەولێر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان کردووە، ئەوەش پێگە و شوێنێکی تایبەتی لای کریستیانەکان دانا.
ھەرێمی کوردستان پڕە لە ئایین و ئایینزا و نوێنەریان لە وەزارەتی ئەوقاف ھەیە و ڕێوڕەسم و جەژنە ئایینییەکانیان بە ئازادانە دەکەنەوە، لە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پاراستنی مافی پێکھاتەکان، باسی پێکھاتەکان کراوە تورکمان، کلد، ئاشووریی و سریانی، ھەروەھا پێکھاتە ئایینییەکانیش بریتین لە مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، فەیلی، زەردەشتی، بەھائی و سابیئە، لە ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورە ھەیە بۆ پاراستنی مافی پێکھاتەکان، ئەو پاڵپشتییەش لە پراکتیکدا ڕەنگی داوەتەوە.
سەرۆک بارزانی نەک تەنیا بۆ کریستیانەکان، بگرە بۆ ھەموو ئایینەکانی تر پاڵپشت و پشتیوان بووە و بەردەوام دەڵێ، ھەرێمی کوردستان جێگای ھەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە. بەپێی بڕیاری ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ ی پەرلەمانی کوردستان ٨ پێکھاتەی ئایینی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ئەو پێکھاتانە لە ھەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراون، ھەر یەک لەو پێکھاتانە مومارسەی خۆیان دەکەن، پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان بە ئازادانە کاری خۆیان دەکەن و پەیوەندییەکی نیشتمانی زۆر بەھێز لە نێوان ئایینەکان ھەیە، جگە لەوەی ھەموو خزمەت دەکرێن، دەرفەتی کاریان پێ دەدرێت، مەراسیمە ئاینییەکانیان بە ڕێکوپێکی جێبەجێ دەکەن و بەشداری لە بۆنەکانی یەکدی دەکەن.
پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتە ئایینییەکان یەکێک لەو سەروەریانەی ھەرێمی کوردستان تۆماریکردووە، تاوەکو ئێستا ھیچ توندوتیژییەک لە نێوان پێکھاتە ئایینییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕووینەداوە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە تایبەت کریستیانەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، ھەر ئەوەش وای کردووە بەشێکی زۆریان ڕوویان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەپێی ئەو ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی ھەرێمی کوردستان، ٢٢٧ کەنیسە، دێر و مەزار لە ھەرێمی کوردستان ھەن.
سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێک بەسەر دەرکردنی داعش لە ناوچەکانیان تێپەڕیوە، بەڵام ھێشتا کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا ئاوارەنە و نەگەڕاونەتەوە، ڕێکخراوەکان و خودی کریسیتانەکانیش دەڵێن، ھۆکاری سەرەکی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئارامییە لەو ناوچانە، لەدوای ساڵی ٢٠١٤وە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کریستیان لە دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکە بەرەو ھەرێمی کوردستان ھەڵاتن و ئاوارەبوون، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان گەڕاونەتەوە. جۆزیڤ کەساب، سەرۆکی پەیمانگەی داکۆکیکردن و گەشەپێدانی کریستیانەکانی عێراق، دەڵێت: ھۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردنی کریستییانەکان لە عێراق بریتین لەو جیاکارییە ئایینییەی لە عێراق ھەیە، تا ئێستاش بەردەوامە، جگە لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەتایبەت لە ناوچەی دەشتی نەینەوا بەگشتی گۆڕینێکی زۆری دیمۆگرافی ھەیە لەلایەن چەند توێژ و ئەو میلیشیانەوە دەکرێت کە نامۆن بۆ خەڵکی ناوچەکە، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر موڵکەکان ھەیە و ئەو موڵکانە لە کریستیانەکانەوە بۆ ئەو کەسانە دەگوێزرێتەوە، بەشێکیان بە زۆر پێیان دەکرێت و بەشێکیشیان موڵکەکانیان بە نرخی زۆر ھەرزان لێوەردەگرن.
وەحیدە یاقو ھورمز، نوێنەری پێشووی کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکرای کرد، عێراق پشتی لە مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا کردووە، بەپێچەوانەوە ھەرێمی کوردستان لەخۆی گرتوونە، حکوومەتی ھەرێم، خەڵکی کوردستان، یارمەتی کریستیانەکانی داوە، چ پێش ھاتنی داعش، چ دوای ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کریستیان ڕوویان لە کوردستان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە بەغدا بەردەوام دەرگای لەسەر ئەوان داخستووە.
ڕوونیشیکردەوە، سەرۆک بارزانی، حکوومەتی ھەرێم نەک تەنیا پشتگیریان لە کریستیانەکان کردووە، بەڵکو پارێزگاریان لە مافی ھەموو پێکھاتەکان کردووە، ھەر ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە ھەموو پێکھاتەکان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن و بە ماڵی خۆیان بزانن، بۆیە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە، کە تا ئێستاش لە ھەندێک ناوچەی عێراق توندوتیژی بەرامبەر بە پێکھاتەکان دەکرێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی حەشدی شەعبی دەستەڵاتدارە.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکھاتەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەوانەی لە ناوچەکانی عێراق کۆچ دەکەن ھۆکارەکەی سیاسییە، تورکمان و کریستیان، کاکەیی و ئێزدی لە سنووری نەینەوا مەترسییان لەسەرە و گرووپە چەکدارەکان ھەڕەشەیان لێدەکەن.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، دەشڵێ: ئەو دەستەڵاتەی کە لە عێراق ھەیە غەدر لە پێکھاتەکان دەکات، زۆر گرنگی بە پێکھاتەکان نادات، پێویست دەکات لە عێراقیش گرنگی بە پێکەوەژیان بدرێت.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، ڕوونیکردەوە: زۆر پێکھاتە و نەتەوە لە مووسڵ دەژین، پێویستە لە مووسڵ پێکەوەژیانێکی بەھێز ھەبێت، بەڵام بەداخەوە لە شاری مووسڵ گەورەترین ناعەداڵەتی بەرانبەر بە پێکھاتە و نەتەوەکان دەکرێت، بەردەوام چاودێری ڕەوشی پێکھاتەکان لە دەشتی نەینەوا دەکەین، بەڵام ژیان و گوزەرانیان باش نییە و بەردەوام ھەڕەشەیان لەسەرە و بە دەیان گرووپی چەکدار لە دەرەوەی یاسا لەو شوێنانە ھەن، بەتایبەتی پەکەکە و داعش و چەند گرووپێکی دیکە، ئەوانەش بەردەوام ھەڕەشەنە لەسەر خەڵکی ناوچەکە، ئێزدییەکان پێکھاتەیەکی سەرەکی پارێزگای مووسڵن، تا ئێستا لەبەر ئەو گرووپە چەکدارانە نەیان توانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە زۆر گرنگە حکوومەتی عێراق زۆر گرنگی بە پێکھاتەکانی مووسڵ بدات و ھەموو ئەوانەی ئاوارە بوونە بگەڕێنێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بە ئاسوودەیی و دوور لە توندوتیژی وەکو ھەر خەڵکێکی دیکە بژین.