زیاتر لە چوار مانگە هەڵبژاردن کراوە و حکوومەتی نوێ دانەمەزراوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سەرووی چوار مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا نەتوانراوە حکوومەت دابمەزرێنرێت و دواین ئاماژەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت ئەوەیە کە کۆبوونەوەکانی نێوانی شاندەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە دوو حزبی سەرەکیی هەرێمی کوردستان دادەنرێن سەرکەوتوو بوون و دانوستانەکانیان بۆ پێکهێنانی حکوومەت خەریکە بە ئاکام دەگات.

شاندەکانی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارەیەک کۆبونەوەیان لە ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوو گرێ داوە و لە دواین کۆبوونەوەشیان کە ڕۆژی شەممە بەڕێوەچوو وێڕای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ئەرێنی لە گفتوگۆکانیان باسیان لە پێویستیی بەردەوامیدان بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکان کرد بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو کە خزمەتی هەرێمی کوردستان بکات.
کۆبوونەوەی دەستپێکی ئەم هەفتەیەی پارتی و یەکێتی تایبەت بوو بەخستنەڕوو و گفتوگۆکردنی ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی هەردوولا کە بریتی بوو لە تێڕوانینی سیاسی و کارگێڕی و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تر.
ڕاستە ئەنجامەکان ئەرێنین بەڵام تا ئەم ساتە دیار نییە کەی کۆبوونەوەی لووتکە دەکرێ و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت و بە پراکتیکی ئەو کەسەی ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی کابینە دەست بە کار دەبێت بۆ ئەوەی لە ماوەی یاساییدا وەزیرەکانی بە پەرلەمان بناسێنێت.
ئەوەی جێی تێڕامانە بریتییە لەوەی کۆمەڵێک کێشە و قەیرانی پێوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەن هەن کە چارەسەرکردنیان بە دامەزراندنی کابینەیەکی نوێ گرێ دراوە
بەدەر لەمە چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە ئاستی ناوخۆیی چاوەکان زیاتر لە سەر ئەو دوو پارتە سەرەکییەن تا ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوبەش و تۆکمەدا بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان، کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن.
هەموو ئەو شاند و دیپلۆماتکارانەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و پەیامی وڵاتانیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنن یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانیان بریتییە لە پەلەکردن لە دامەزرانندی حکوومەت کە دەیسەلمێنەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە پێکنەهاتنی حکوومەت نیگەرانە و بە بایەخەوە لە داهاتووی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و حەز دەکات وەک فاکتەرێکی بەهێزتر لە هاوکێشەکانی ناوچەکە دەربکەوێت.
بۆ نموونە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی شوبات لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کە هاوکات کونسوڵی وڵاتەکە لە هەولێریش ئامادەی بوو، باس لە گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو کرا کە پارتی سی و نۆ کورسی و یەکێتی بیست و سێ کورسی بەدەست هێنا و بەپێی یاسا پەنجا و یەک کورسیی پەرلەمان بۆی هەیە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دیاری بکات.
ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش ساغ ببنەوە ئەوا ڕازیکردنی لایەنەکانی تر کە لە هەڵبژاردن کورسییان بردووەتەوە زۆر ئاسانترە و جگە لەمە هیچ بەربەستێکی یاسایی بۆ پێکهێنانی کابینە نامێنێت و ئەگەر لایەنێکیش ویستی بەشداری نەکات ئەوا دەتوانێت وەک ئۆپۆزسیۆن کە یاسا ڕێگەی پێداوە، درێژە بە خەباتی خۆی بدات.
جێی باسە لە کابینەی نۆدا پارتی و یەکێتی زۆرترین ناکۆکییان لەگەڵ یەکتردا هەبوو و دەرهاویشتەکانی ئەو ناکۆکییانە هێشتا سێبەریان بەسەر هەرێمی کوردستانەوەیە. تێپەڕینی نزیک بە سەد ڕۆژ لە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ودرێژەکێشانی گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوو حزبە پێدەچێت هەر لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە بگرێ و ئامانجەکەیان ئەوە بێت کابینەیەکی بەهێزتر و دوور لە کێشە و ململانێ دابمەزرێنن .