ڕاسپاردەکانی یەکەمین دیداری هەژار موکریانی

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی 22ـی 2ـی 2025 لە شاری هەولێر و لە هۆڵی ڕاگەیاندن، لەلایەن بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، یەکەمین دیداری هەژار موکریانی (هەژار و زمان) بەڕێوەچوو.

لە یەکەمین دیداری هەژار موکریانی، لەلایەن لیژنەی ڕاسپاردەوە، چەندین ڕاسپاردە کۆکرانەوە کە بریتی بوون لەو ڕاسپاردانەی پێشتر لیژنەی ئامادەکاری دیدار پانێڵیستانی ڕاسپاردبوو جگە لە بوونی بابەتی سەرەکییان، ڕاسپاردەشیان هەبێ. هەروا تەواوی ڕاسپاردەی میوانانیش وەرگیران و دوای خوێندنەوەی ڕاسپاردەکانیش هەموو سەرنج و تێبیینییەکی ئامادەبووان ڕەچاوکراو و بەهەند وەرگیرا.

ئەمانەی خوارەوەی پوختەی ڕاسپاردەکانە:

یەکەم: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمیی و لە ئاستی باڵادا پتر بایەخ بە زمانی کوردی و نووسینی کوردی بدات.

دووەم: سوود لە زمانی دەوڵەمەندی فرە دیالێکتیی هەژار موکریانی وەربگیردرێ بۆ بوارەکانی پەروەردە و خوێندن و کاروباری کۆمەڵایەتی و کارگێڕی و سیاسی.

سێیەم: قورئانی پیرۆز- وەرگێڕانی هەژار، ببێتە وانەی سەرەکیی خوێندنی ناوەندەکانی خوێندنی ئایینی و مزگەوت و حوجرەکان.

چوارەم: بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان و ئەکادیمیای کوردی، گشت دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەزگایەکی فەرمی لە کوردستان دابمەزرێ بۆ بایەخدان بە زمان و کاری فەرهەنگسازی و مێژووی زمان و بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکانی زمانی کوردی وەک ڕێنووس و گرفتە ڕێزمانییەکان بە نوێترین پێداویستییە تەکنەلۆژییەکانی سەردەم و تاقیگەی دەنگی.
پێنجەم: پەیکەرێکی مەزن و تایبەت، لە ئاستێکی بەرزی هونەریدا لە هەولێری پایتەخت بۆ هەژار موکریانی دروست بکرێ.

شەشەم: ساڵانە لە سات و کاتی خۆیدا “دیداری هەژار موکریانی” بەڕێوەبچێت و هەر جارەی بۆ ژانرێک تەرخان بکرێ.

حەفتەم: ڕاگەیاندنی خوێندراو و بیستراو و بینراوی کوردی بەشێوەیەکی فەرمیی پابەند بکرێت بە زمان و ڕێنووسی پاراو و یەکگرتووی کوردی، نەک ئەو پاشاگەردانیی و وێرانەییەی ئێستا لە میدیای کوردی هەیە.

هەشتەم: پێویستە زمانی کوردی لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و لە سەردەمی بەدیجیتاڵکردن و ژیریی دەستکرد دا هاوشان و هاوتەریب بێت.

نۆیەم: زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لەسەردەمی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد دا، گرنگیی سەردەمیانە بە زمانی کوردی بدەن بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی هەموو بابەتە زمانەوانی و ئەدەبیی و کەلتوورییەکان، بە بوونی تاقیگەی هەمەجۆری ئەلیکترۆنی بۆ دەنگ و ئاخاوتن و گۆڕینی ئاخاوتن بۆ نووسین.

دەیەم: دامەزراندنی ناوەندێکی سەربەخۆ، یا ڕێکخراوێک بۆ زمانزانانی کوردستان کە گرنگی بە زمان و پرسەکانی بدات. پێویستە ئەو ناوەندە لە کەسانی پسپۆڕی هەر چوار پارچەی کوردستان و ئاشنا بە دیالێکتەکانی زمانی کوردی پێکهاتبن.

یازدەم: بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجوومەنێکی باڵای زمانی کوردی دابمەزرێ. ئەم ئەنجوومەنە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەموو زارەکانی زمانی کوردی پێکهاتبن و کاری سەرەکی ئەم ئەنجوومەنە

 

 

گەشە و هەمەگیریی زمانێک بێ بۆ دروست کردن و پاراستنی بنەما نەتەوەییەکان.

دوازدەم: هەوڵ بدرێ، هەردوو شێوەزاری کرمانجی سەروو و خواروو لە حاڵی حازردا پێیان دەنووسرێت، تەواو لەیەکتری نزیکبکرێنەوە.

سێزدەم: لە ئەکادیمیای کوردی دەزگەیەک تایبەت بە فەرهەنگ دابمەزرێ زمانزانی هەرچوار پارچەی کوردستان کاری تێدا بکەن.

چواردەم: دابینکردنی سێرڤەری تایبەت بە ژیریی دەستکرد بۆ ئەوکەس و گرووپ و لایەنانەی کە دەیانەوێ بێ بەرانبەر خزمەتگوزارییەکانی ژیریی دەستکرد بۆ زمانی کوردی بەردەستبخەن.

پازدەم: دابینکردنی داتای پەیوەست بە زمان (بە شێوەی تێکست و دەنگ)، بە ڕاوێژ لەگەڵ پسپۆرانی ژیریی دەستکرد، بۆ زمانی کوردی و بۆ ئەو زار و شێوەزارانەی هیچ سەرچاوەیەکی ئەوتۆیان لە بواری بەدیجیتاڵیکردنی زماندا نییە، بەتایبەت

هەورامی، کوردی خواروو و لەکی.

شازدەم: پەرەپێدانی ئەرکەکانی زمانی کوردی بەتایبەت بۆ بوارە جیاجیاکانی زانست و پشتگیری ئەو پڕۆژانەی کە خزمەت بەو ئامانجە دەکەن، بۆ نموونە: پەرەپێدانی ئینسایکلۆپیدیا وەکوو ویکیپیدیا. هەوڵدان بۆ بە کوردیکردنی بەشە زانستییەکەی لە قۆناغی بەکەلۆریۆسدا بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشەنگی ئەو بوارە.

حەڤدەم: هەوڵ بدرێ بەرهەمەکانی هەژار موکریانی بکرێـنە کتێبی دەنگی.

هەژدەم : هەموو بەرهەمەکانی هەژار موکریانی بکرێنە دیجیتاڵی.

نۆزدەم: بە جیهانیکردن و ناساندنی زێتری هەژار موکریانی و بەرهەمەکانی لە ناوەندە ئەکادیمی و ئەدەبییەکان.

یەکەمین دیداری هەژار موکریانی.
٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥