خەڵاتێک سەنگین چەشنی ناوی هەژاری شاعیر

بۆ یەکەمجار توێژینگەی کوردستان ناسی، زانکۆی کوردستان لە سنە خەڵاتی قەڵەمی هەژار ڕادەگەیەنێت. خەڵاتەکە لەسەر ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکرێت وچەند بوارێکی جیاواز لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە (نووسین، ئاوازدانان، وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە و بوارە جیاوازەکانی وەک ئەدەبی کوردی، لێکۆڵینەوەی زمانەوانی و ئەدەبی، و توێژینەوەی ئایینی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی) دەگرێتەوە. لیژنەی سەرپەشتیاری خەڵاتەکە چەند ڕێوشوێنێکی ئاسانکارییان بۆ بەشداران گرتووەتە بەر و لەو چوارچێوەیەدا لەڕێی سایتی تایبەتەوە ئاگانامەکان بڵاو دەکەنەوە.

بۆ خولی یەکەمی ئەم خەڵاتە کە هەر بە ڕاگەیاندنی خەڵاتەکە پێشوازی و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، دەستەی ئامادەکاریی خەڵاتەکە چەند مەرج و ڕێنماییەکیان بڵاو کردەوە کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینییەوە:
١. بۆ خولی یەکەمی خەڵاتی قەڵەمی هەژار، مەرجی کاتی لەچاپدران بۆ بەرهەمەکان دیاری نەکراوە.
٢. تەنیا زمانی نووسینی ئەو بەرهەمانەی کە بۆ بەشی (ئه‌لف) ی بانگەواز (ئەدەبی کوردی: ڕۆمان، شیعر، شانۆنامە، ئەدەبی منداڵ و مێرمنداڵ، کۆمەڵە چیرۆک) دەنێردرێت، دەبێت زمانی کوردی بێت (هەموو جۆرە زار و زاراوەکان).
٣. زمانی ئەو بەرهەمانەی کە بۆ بەشی (ب) (توێژینەوەی زمانناسی و ئەدەبی) و (پ) (بوارە هاوبەشەکان) دەنێردرێن مەرج نییە کوردی بێت. بۆیە ئەو بەرهەمانەی کە بە زمانی فارسی یان زمانەکانی دیکە لەو بوارانەدا نووسراون، مافی بەشداریکردن لە خەڵاتی قەڵەمی هەژاریان هەیە. جێگای وەبیرهێنانه‌وه‌یه کە وێڕای وه‌رگرتنی بەرهەمی توێژینه‌وه به زمانی جیاواز، ناوەڕۆکی بەرهەمە پێشکەشکراوەکان تەرخان بکرێت بەو بابەتانەی کە بەشی (ب) و (پ) ی بانگەوازەکە دەیانگرێتەوە و هاوتەریب بن لەگەڵ توێژینەوەی کوردی.
٤. سەبارەت بەو بەرهەمانەی کە پێشکەش دەکرێن بۆ پێشبڕکێ لە بەشی وەرگێڕانی ئەدەبی (تەوەری (ئه‌لف)ی بانگەوازەکە)، جێگای ئاماژه‌یه کە یەکێک لە زمانەکانی ژێدەر یان مەبەستی وەرگێڕانەکە دەبێت کوردی بێت. بۆیە وەرگێڕانی هەر زمانێک بۆ سەر زمانی کوردی، یان وەرگێڕانی دەقی کوردی بۆ زمانەکانی­تر قبووڵ دەکرێت. پێویستە داواکاران بۆ بەشداریکردن لە بەشی وەرگێڕان کۆپییەکی بەرهەمەکە بە زمانی ژێدەر لەگەڵ به‌رهه‌می وەرگێڕدراو بنێرن.
٥. لە بەشی فەرهەنگ نووسیدا، فەرهەنگی تاکە زمان و دوو زمان یان فرە زمان قەبووڵ دەکرێت. لە فەرهەنگە دوو زمانە یان فرە زمانەکاندا، دەبێ یەکێک لە زمانەکانی سەرچاوە یان مەبەست، کوردی بێت (بۆ نموونە کوردی-فارسی یان فارسی-کوردی).
٦. ئەو خوازیارانەی لە ناوخۆی وڵاتدا دەژین، پێویستە بەرهەمەکانیان بە شێوەی چاپکراو و لە ڕیگەی پۆست بۆ نووسینگەی خەڵاتەکە بنێرن. پێویستە لە بەرهەمە چاپ­کراوە یەک­ بەرگییەکان سێ نوسخە، بەرهەمە دوو بەرگییەکان دوو نوسخە و بەرهەمە چەند بەرگییەکان یەک نوسخە بۆ نووسینگەی خەڵات بنێردرێت.
٧. ئەو خوازیارانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین دەتوانن بەرهەمەکانیان بە شێوەی وەشانی ئەلیکترۆنیکی (pdf) لەگەڵ نامەی بڵاوگه‌ی به‌رهه‌مه‌که‌دا بۆ نووسینگەی خەڵاتەکە لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە بەناونیشانی info.ksi@uok.ac.ir بنێرن.
لیژنەی ئامادەکاری خەڵاتە دوای ئەوەشیان ڕاگەیاند کە بەپێی پێشوازیی بێ‌وێنه و بەربڵاوی توێژەران و نووسەران لە خەڵاتی قەڵەمی هەژار، و هەروەها داواکاریی زۆر و زه‌وه‌ند بۆ درێژکردنەوەی دواوادەی پێشکەشکردنی بەرهەم، نووسینگەی خەڵات بەمەبەستی ڕێزگرتن لە داخوازیی ئەو ئازیزانە، لێرەوە ئاگادارتان ده‌کاتەوە کە دوامه‌ودای پێشکەشکردنی بەرهەم بۆ خولی یەکەمی خەڵاتی قەڵەمی هەژار تا 10ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٤٠٣ی هه‌تاوی، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥ی زایینی درێژ ده‌کرێتەوە.
هەروەها بە مەبەستی ئاسانکاری لە پرۆسەی ناونووسی، ئاگاداری ئەو داواکارانە ده‌کەینەوە کە بە هەر هۆکارێک پێیان ناکرێت لە ماڵپەڕی خەڵاتەکە (hajar.uok.ac.ir) ناونیشانی خۆیان تۆمار بکەن، ده‌توانن ناو و پاشناو، ناوی کتێب، ژمارەی پەیوەندیکردن، و ناونیشانیان، بە نووسراو، لەگەڵ بەرهەمەکەیان بۆ نووسینگەی خەڵات بنێرن. هەروەها بۆیان هه‌یه ئه‌و زانیارییانە لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە بۆ نووسینگەی خەڵات بە ناونیشانی info.ksi@uok.ac.ir. به‌ڕێ بکه‌ن.
جێگای ئاماژه‌یه کە داواکارانی نیشتەجێی وڵاتی ئێران پێویسته بەرهەمەکانیان بە شێوەی چاپکراو و لە ڕێگەی پۆستەوە بۆ نووسینگەی خەڵات بنێرن. ئەو داواکارانەی کە نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتن ده‌توانن بەرهەمەکانیان بە شێوەی ئەله‌کترۆنی (pdf) بۆ نووسینگەی خەڵات لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە info.ksi@uok.ac.ir به‌ڕێ بکه‌ن.
وەک یەکەم خولی ئەم خەڵاتە هاوزمانان چاوەڕوانییەکی زۆریان هەیە کە خەڵاتەکە و سەنگینی بەها مەعنەوەییەکەی لە ئاستی گەورەیی و ناوەکەی (هەژاری شاعیر) دا بێت.