لە هەولێر پیشانگایەکی هەلی کار کرایەوە

دوێنێ، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و تەیب کەژۆ، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە پسپۆڕ و شارەزا و مامۆستایانی زانکۆ و قوتابیان، بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی هەولێر بە هەماهەنگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پیشانگایەکی هەلی کار کرایەوە و سمینارێکی لە ژێرناونیشانی ( داهێنانی پیشەسازی بۆ بەردەوام بوون ) ئەنجامدا.

لە سەرەتای سیمینارەکەدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە پیشانگایەکی تایبەت بە هەلی کار و بەروبوومی خۆراکی و کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی و ئۆتۆمبێل و پیشەسازی بە بەشدارین چەندین کۆمپانیایی ناوخۆیی و خۆماڵی کرایەوە، پاشان لەلایەن مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕان، پرسی گەشەپێدانی پیشەسازی و پرۆسەی پەرەپێدان و باشترکردنی ژێرخانی پیشەسازی و بەرهەمهێنان و هاندانی وەبەرهێنان لە کەرتی پیشەسازیدا لە هەرێمی کوردستان و دابینکردنی پاڵپشتی و فراوانکردنی چالاکییەکانی ئەم کەرتە بە ئامانجی هاندان و دروستکردنی هەلی کار تاوتوێکرا. هەروەها تیشک خرایەسەر ئەوەی بایەخدان بە کەرتی پیشەسازی کە شادەماری ئابوورییە، دەبێتە هۆی پێشکەوتنی وڵات.
جێگەی باسە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام جەخت لە گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی کردۆتەوە، کە یەکێکە لە کەرتە سەرەکییەکان و بە گرنگیەوە لێی دەڕوانێت، لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا سەرەڕای ئاستەنگ و کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی کە ڕووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە، بەڵام کەرتی پیشەسازی گەشەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.