دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
قەڵەمێک بە دەستی خواوە
ڕووخساری مانگێکی چواردەیە
قەت ئاسمان بە خەونیش نەیدیوە
خەرمانەی گڕێکە ئەبەدی
بە زەبری زریانیش نایەتە دامرکان
بە بادەی ئەڤینی
ئەوەندە سەرمەستم
هەر دەڵێی
دەروون و دەمارم ئاگریان گرتووە
(مەولانا)

غەزەلی سۆفییانە، وەک دیوی دەرەوە هەر لە لیریک دەچێت، هەرچەندە ئەمیان باس لە عیشقی خودایی و ئەویان باس لە ئەڤینی نێوان دوو ئینسان دەکات. بۆچی شاعیری سۆفی بە هەمان کەرەسەی شاعیری لیریک دەنووسێت؟ چونکە هیچ ڕێگەیەکی لەوە باشتری دەست ناکەوێت، بتوانێت بە هۆیەوە، تەعبیر لە وەجدی خۆی بکات. نهێنیی باڵایی و مەزنیی شیعری فارسی لەوەدایە، دەربڕی عیشقێکە، هاوزەمان ئینسانی و خودایی، ئاخر خۆشویستنی ئینسان تاقە ڕێگەیە بەرەو خۆشویستنی یەزدانمان دەبات، ئاخر هەق هەر یەکێکە، بوونیش هەروەها. لە شیعری گەورەشاعیرانی سۆفیدا، هەر وشەکان هەڵگری مانای جیاواز نین، حەرفەکانیش مانای شاراوەیان هەیە.

مەولانا بە زمانی سۆز و خەیاڵ، نەک زمانی عەقڵ، تەعبیری لە ناخی خۆی کردووە و سووک سەرنجی ئەوەی داوە، دەرسی ئەم و ئەو دابدەین. خۆی لەسەروو دونیای شەرع و ڕەوشتەوە بینیوە و بە ئاسمانی وەجددا لە شەققەی باڵی داوە، بە پێچەوانەی غەزالییەوە (١٠٥٨ – ١١١١) کە وەک مامۆستای ئاکار و فیکر و فەلسەفە خۆی نمایش کردووە. ئەوەی غەزالی باسی کردووە، فێربوونی ئاسانە، بەڵام کەس لەڕێی خوێندنەوە و نووسینەوە، نابێت بە شاعیرێکی سۆفی. سۆفی کەسێکە پشت بکاتە دونیا و ڕوو بکاتە خوا، خۆی بزر ببێت و بە هۆی خواوە بمێنێت، تامەزرۆی نزیکبوونەوە بێت لە خوا و بەدەم وەجدەوە خەریکی موناجات بێت لەگەڵیدا و سیفەتەکانی مەخلووقی لەکیس بچێت و سیفەتەکانی خالیق جێیان بگرنەوە.

(ئەگەر ئینسان نەیپەرستبام
تامی بەختەوەریم نەدەکرد
ئاخر پەرستن دەرکەوتنی خۆری بەختەوەرییە)

(ئەوە منم بەسەر مێرگەکاندا دەبارێم)

لە نموونەی یەکەمدا مەولانا بە ناوی خواوە دەپەیڤێت و لە نموونەوی دووەمدا، بە ناوی خۆیەوە، بەڵام لە هەردوو نموونەکەدا، زمانی شیعر زاڵە، نەک زمانی فیکر. ئەوە چاوەڕوانکراوە مەولانا شیعر بە ناوی خالیقەوە بڵێت، ئاخر (دڵی خۆی بە قەڵەمێک دەزانی بە دەست خواوە.)

ئیبن قەسیی ئەندەلوسی کتیبێکی نووسی، ناوی نا: (داکەندنی جووتەسۆلەکە،) ئیبن عەرەبی بەو کتێبە دەستی بە خوێندن کرد، ئیبن خەلدوون ئەو کتێبە بە سەرچاوەی کوفر دەزانێت. ناونیشانی ئەو کتێبە لە قورئانەوە وەرگیراوە: (إنی أنا ربک فأخلع نعلیک إنک بالواد المقدس گوی. ئایەتی ١٢ سوورەتی تەها) خوا ڕووی دەمی لە مووسایە و پێی دەڵێت: (جووتەسۆلەکەت دابکەنە، تۆ لە دۆڵی پیرۆزی بناری کێوی تووردایت،) توور ئەو کێوەیە دەستبەجێ دەسووتێت، هەر کە خوا نووری خۆی پیشانی مووسا دەدات. ئەو جووتەسۆلە کە لە دەقی قورئاندا هاتووە و ناونیشانی کتێبێکیشە، پەڕیوەتە نێو شیعری (نالی)یشەوە:

خارایی سەوز و شینی لەبەر کردووە جەبەل
دامێنی وەردی سوورە دەستم بە دامەنی

وادی بووە بە وادیی پڕ نووری (گوور)ی نار
(نەعلەین) لە پێ فڕێ بدە، نالی بە ئەیمەنی

چیا بەرگی سەوز و شینی پۆشیوە، داوێنی (وەرد)ی سوورە، دەستم بە داوێنی. وەرد هەم گوڵە و هەم زەویی کێڵراو کە سوور دەچێتەوە. نالی گەمەیەکی جوانی لەگەڵ دامێن و دامەندا کردووە و باڵای یاری بە چیا شوبهاندووە. لای نالی دۆڵی نێو خاکی وەتەن، بووە بە دۆڵی پڕ لە نووری داوێنی کێوی توور کە بە نووری خوا ئاگری گرت. کەواتە تۆ کە لەو شوێنە پیرۆزەدایت، ناکرێت نەعلت لە پێدا بێت، بە هێمنی فڕییان بدە. (ئەیمەنی) هەم هێمنییە و هەم ئاماژەیشە بۆ ئایەتی: (ونادیناه من الجانب الگور الأیمن. لای ڕاستی کێوی توورەوە مووسامان بانگ کرد. ئایەتی ٥٢ سوورەتی مەریەم) نالی کە سوودی لە چیرۆکی ناو قورئان وەرگرتووە، وەسفی بەهاری زێدی خۆی پێ کردووە و خاکی نیشتمانی هێندە بە پیرۆز زانیوە، پێی حەیف بووە، بە پێڵاوەوە بەسەریدا بڕۆین. ئەحمەد موختار جافیش گوتوویەتی:
بەبێ قەدری بە سەریا ڕامەبوورن، حورمەتی بگرن
گوڵاڵەسوورەی ئەم (کێوانە) خوێناوی جگەرتانە