هاووڵاتیانی کەرکووک، داوایەک لە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەت دەکەن

بەشێک لە هاووڵاتیانی کەرکووک داوای گەڕاندنەوەی خانووەکانیان دەکەن، کە لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر داگیر کراون و کراوەتە سەربازگە. 

دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، خەلیل ئیبراهیم، کە هاووڵاتیەکی زیانمەندی شاری کەرکووکە بە میدیاکانی گوت: “داواکارین  ئەو پەیامەمان بگاتە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان” کە ئێمە لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، خانووەکانمان لە شاری کەرکووک داگیر کراوە، گوتیشی، 25 ماڵ تاڵان کراوە و ئێمەش دەربەدەر کراوین و هەموومان کرێچین، کەسیش ئاوڕی لێ نەداوینەتەوە. بۆیە داوادەکەین سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێم شتێکمان بۆ بکەن.”

ئاماژەی بەوەش کرد “خانووەکانمان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی تێدایە و ئەوان داگیریان کردووە.”

هاووڵاتیەکی دیکەی زیانمەند گوتی: ئێمە هەموومان خانووەکانمان بەپارەی خۆمان کڕیووە. دەشڵێت: ئێمە 25 ماڵین کە خانووەکانمان داگیرکراوە، لەو 25 خانووە، 22یان شۆفڵی لێ دراوە.

گوتیشی: من پێشینەم لە حکوومەتی عێراق وەرگرتووە تاوەکوو ئەو خانووەم کڕیووە، بۆیە داوا لە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم دەکەین کارێکمان بۆ بکەن، خانووەکانمان بووەتە سەربازگە. ڕاشیگەیاند “من هەر لەخۆیانم لە فیرقەی 20ـم، خانووەکەمیان داگیر کردووە، ئەی دەبێ چی لەخەڵکی فەقیر بکەن؟”

ئەو هاووڵاتیە گوتیشی: سکاڵامان لە بنکەی پۆلیسی عەرەفە کردووە، کەچی سکاڵاکەمانیان ون کرد! ئێمە هاووڵاتیی سادەین و هیچ پشت و پەنایەکمان نییە و داوای خانووەکانمان دەکەینەوە.