دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، جێگری وەزیری بازرگانی تورکیا ڕایگەیاند، عێراق لە پلەی یەکەمی لیستی هاوردەکارانی ئاردی گەنمی تورکیا دێت.
مەحموود گورجان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە “پشکی تورکیا لە هەناردەکردنی ئاردی گەنمی جیهانی، کە بەبەهای 6.96 ملیار دۆلار بووە، دەگاتە 21.2%، واتە لە ساڵی 2023دا، تورکیا بەبەهای یەک ملیار و 47 ملیۆن دۆلار ئاردی هەناردە کردووە.”
مەحموود گورجان، ئاماژەی بەوەش کرد “هەناردەی ئاردی گەنمی تورکیا لە ساڵی 2024دا بەبەهای یەک ملیار و 16 ملیۆن دۆلار بووە.” ڕاشیگەیاند “عێراق لەو هاوردەکردنی ئاردی گەنم، پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە، دوای ئەویش سووریا دێت پاشان سۆماڵ، جیبۆتی و ڤەنزوێلا دێن.”
لەو چوارچێوەیەدا، ئارن گونهان ئولسۆی، سەرۆکی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ئاردی تورکیا، ، پێشبینی کردبوو کە هەناردەی ئاردی گەنمی وڵاتەکەی بۆ سووریا لە ساڵی 2025دا، 400 هەزار تۆن تێپەڕێنێت.