وه‌رزی سه‌ما

دڵزار حه‌سه‌ن

دوو ژه‌م ته‌نیاییم
لەگەڵ پۆلێک مەلی ڕەنگ ئاڵی دەنووک بە خەندەم
نارد بۆ میوانی،
لە ڕێگادا بوون بە هاوسەفەری
دوو پەپولەی باڵ بە خەنەو
کۆترێکی ڕەش ئەسمەر،
لە گەڕانەوەدا بە بەردەم ماڵی پایزێک تێپەڕین.
لەوێ لە قەراخ ماڵباتی کوکوختیەکان و
لە نزیک هێلانەی هەتاوێک،
شیک شیک،
بۆ هەڵمژینی هەناسەی بەهار و
بۆ چێژوەرگرتن، لە کزەبای وەرزی سەما،
تا درەنگانێ دانیشتن.
بۆ بەیانی گەڕانەوە ژوورەکەم،
لەگەڵ خۆیان دوو لێو و تاڵێ قژو و ماچێک و
کەمێک زەنجەبیل و
مێخەک و بەیبون و
زەعفەرانیان خستبوە نێو ڕۆمانێکی شەکەت،
کە وەک قەرەجەکانی کەناری ژیان
سەمایان بۆ دڵنەوایی هەتاو ڕادەخست.
بە ئاسپایی، لە تەنیشت کتێبخانە ماندووەکەم،
لێوانیان خستە سەر گەردەنی وشەکان و
هەموویان، لەبەردەمم دانا.
منیش یەکە یەکە، ڕۆحیانم هەڵمژی و
دوو دێڕە شیعرم، بۆ یار پێنووسی.

ھەواڵی زیاتر