بەفر ئاستەنگی هاتوچۆی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دروست نەکردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران یەکێکە لەو دەورازە سنووریانەی کە لەڕووی بارزگانییەوە ھەرێمی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەبەستێتەوە و ڕۆژانە زۆرترین جموجۆڵی بازرگانی لەڕووی ھاوردە و ھەناردەکردنەوە تێدا ئەنجام دەدرێت، ھەروەھا ٢٤ کاتژمێر گەشتیاران بەو دەروازەیەدا ھاتووچۆ دەکەن.

لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران سێ دەروازەی نێودەوڵەتی ھەن، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای ھەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
چەند ڕۆژێکە، بارستە ھەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە. سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ڕاستە لە حاجی ئۆمەران بەفر باریوە، بەڵام نەبووتە ئاستەنگ بۆ ھاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەو دەروازەیە.
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، گوتیشی: داوا لە شۆفێران دەکەین پابەندی ڕێنماییەکانی ھاتووچۆبن لە پێناو سەلامەتی خۆیان و سەرنشینان.