لیا سەیفەدین
کایەی سیاسی کایەیەکی هەرە گرنگەو کاریگەری تەواوی لەسەر کۆی کایەکانی تری ژیان هەیە، سیاسەت و بابه‌ته سیاسییه‌كان بابەتێکی ڕەگەزیی نییە، واتا تایبەت نیە بەتەنیا ره‌گه‌زێك واتا پیاو یاخود ئافرەت، بەڵکو سیاسەت پەیوەندی بە ژیانی كۆی مرۆڤەکانەوە هه‌یه، به‌و مانایه‌ی هەموو مرۆڤێک لەژێر کاریگەری سیاسەت و لێکەوتەکانی پرۆسە سیاسییه‌كاندایه.
ئافره‌ت نابێت ببێته پاشكۆی پرۆسه‌ی سیاسی و لێكه‌وته‌ی سیاسی و شوێن هه‌نگاو و بڕیاره‌كانی پیاوه سیاسییه‌كان بكه‌وێت، چونكه ئافره‌ت ناكرێت بەو هەموو هێزو کاریگەرهیەوە، لەم پڕۆسە گرنگەی ژیان و ژیاری کۆمەڵگە ڕۆڵی یەکسانی نەبێت، بۆیە گرنگە، پێگەیاندنی ئافرەتان یەکێک بێت لە بەرنامە هەرە گرنگەکانی هەر پارت و ڕێکخراو و دامەزراوەیەک، کە ئامانجی بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو یەکسانی خوازبێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه تا ئێستا، بایه‌خێكی زۆری به‌رۆڵی ئافره‌تان داوه، پارتی جیاواز لە ئەزموونە سیاسییه‌کانی پێش خۆی، بۆ سەرپێخستنی مافی ئافرەتان لە لایەن شۆرش و خودی ڕابەری شۆڕش (بارزانی نەمر)ه‌وه، کۆمەڵێک هەوڵی بنچینەیی نا، بۆ پشخستنی پرسی ئافرەتان، بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر له‌به‌رده‌م ئافرەتان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، سه‌ره‌ڕای خه‌بات و تێكۆشانی سیاسی و سه‌ربازیی و چه‌كداری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمنه یه‌ك لهیهكهكان، بڕیاریدا به‌دامه‌زراندنی ( یەکێتیی ئافرەتانیی کوردستان) وه‌ك زه‌مینه سازییه‌ك، بۆ به‌شداریی كارا‌و كاریگه‌ری ئافره‌تان، له‌پرۆسه‌ی سیاسی و چالاكییه حزبییه‌كان و رۆڵبینیان لهگۆڕانكاری سیاس و گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانی كۆی كایه كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه.
دامه‌زراندنی ئۆرگان و رێكخراوێكی تایبه‌ت به‌ئافره‌تان له‌لایه‌نی پارتییه‌وه، له‌دوای ته‌نها 6 ساڵ، له‌دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەو هەلومەرجە سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا، هەنگاوێکی بوێرانه‌و كاریگهرو گرنگ بوو، نەک تەنها بۆ ئافره‌تانی كوردستان و دۆخی سیاسی كوردستان به‌تایبه‌ت، به‌ڵكو بۆ تەواوی عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێیەی لەو سەردەمەدا هزر و كلتوری نەریتی (پیاوسالاری و نەریتپارێزیی) بە تەواوی هەژموونی بەسەر بیری کۆمەڵایەتی و كلتوری و سیاسی ته‌واوی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا سه‌پاندبوو، دامەزراندنی یه‌كێتیی ئافره‌تانیی كوردستان و بوونی دەستەیەک لە ئافرەتی پێشەنگ و یەکسانیخواز بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەو ئەرکە، لە چوارچێوه‌ی ئایدیا‌و ئایدۆلۆژیا‌و پره‌نسیپه‌كانی پارتیی دیموکراتیی کوردستاندا، هەنگاوێکی بوێرانە و ڕچەشکێن بوو، لە هەمان کاتیش‌دا ڕەوایەتی زیاتر بە بەشداری سیاسی و خەباتی نیشتمانی ئافرەتان داوە.
ماوەی 72 ساڵە، یه‌كێتیی ئافره‌تانیی كوردستان، بەردەوامە لە خەبات و تێكۆشان له‌پێناو چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی یه‌كسانی جێنده‌ری و نه‌هێشتنی جیاكاری ره‌گه‌زی و داكۆكیكردن له‌مافه سه‌ره‌تایی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئافره‌تان، لە هەمان کاتیش‌دا بۆتە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی سەدان ئافرەت لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و حوكمڕانی و ئابووریدا.
ئەو ئافرەتە ده‌سته‌بژێرانه‌ی لەو سەردەمەدا (یەکێتیی ئافرەتانیی کوردستان)یان دامه‌زراند، ژماره‌یه‌ك ئافره‌تی پێشه‌نگ و كارا‌و كاریگه‌ربوون، جگه له‌وه‌ی له‌سه‌رده‌م و كایه‌ی خۆیاندا، خاوه‌نی پێگه‌و ناوبانگ و كه‌سایه‌تی بوون، هاوكایش له‌چوارچێوه‌ی خه‌باتی سیاسی‌دا، به‌رپرسیارێتی باڵایان هه‌بووه‌و دوانیان ئه‌ندامیی سه‌ركردایه‌تی پارتیی دیموكراتی كوردستان بوون لەو کاتەدا.
دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە له‌و سه‌رده‌مه‌دا، دەستپێشخەرییەکی گرنگ بوو، بۆ تێپەڕاندن و شکاندنی کۆسپی شەرمی کۆمەڵایەتی لەناو پیاوان و ئەندامانی پارتیدا، بە جۆرێک کادر و پێشمەرگە و شۆرشگێرێک، له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌جۆرێك باوه‌ڕیان به‌تواناو لێهاتوویی ئافره‌تان هه‌بوو، زیندانیكردنی دایک و هاوسەر و خوشك و كچیان بە عەیبە و شەرم و ناوزڕاندن و کەمبوونەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان نەدەبینی، به‌ڵكو بە پێچەوانەوە، بوبوون به مایه‌ی سەربەرزی و شانازیكردنیان، له‌وسه‌رده‌مه‌دا یه‌كێتیی ئافره‌تانی كوردستان، شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی وای به‌رپاكرد، پیاوان زیاتر له خودی ئافره‌تان باوه‌ڕیان به‌وه بێت پێویسته ئافرەتان بەشدارییه‌كی كارا له‌پرۆسه‌ی سیاسی‌دا بكه‌ن و هیچ جیاوازییەک لە نێوان تێکۆشانی ئافرەت و پیاودا بوونی نه‌بێت، ئەمە بووەهۆی ره‌خساندنی زەمینەیەکی لەبار، تا ئافرتان سڵ نه‌كه‌نه‌وه لە بەشدارییكردنیان له‌هه‌ر جوڵه‌و چالاكییه‌كی سیاسی و نهتهوهییداو هەوڵبدەن زیاتر تواناکانیان بەرەوپێش ببەن و ببنه نمونه‌ی دیار‌و به‌رچاو بۆ ئافره‌تان به‌تایبه‌ت و ته‌واوی كۆمه‌ڵگه به‌گشتی.