نه‌بات ئه‌حمه‌د
ڕوانین لە بەڕێوەبردندا توخمێکی سەرەکییە لە سەرکەوتنی هەر ڕێکخراوێک یان دەزگاو دامه‌زراوه‌یه‌كدا، ڕوانین تەنها مانای دانانی ئامانج نییە، بەڵکو دیدێکی ڕوون بۆ داهاتوو لەخۆدەگرێت کە یارمەتیدەرە بۆ ڕێنماییکردنی چۆنیه‌تی بڕیاردانی ڕۆژانەو ریزبه‌ندی ئه‌و ئامانجانه له گرنگترین، بۆ گرنگتر، بۆ گرنگ، کاتێک سەرۆك و سه‌ركرده‌و فه‌رمانڕه‌وایان و به‌ڕێوه‌به‌رانی دامه‌زراوه گه‌وره‌و ستراتیژییه‌كان، دیدێکی ڕوون و ئامانجێكی دیاریكراویان بۆ داهاتوو دەبێت، ئه‌وا ئاسانتر دەتوانن میكانیزمی گونجاوتر بۆ گەیشتن بەو ستراتیژ و دیدگایە دەستنیشان بکەن و ئه‌و هۆكارو وه‌سیله‌ی ئاسانكارییانه‌شی له‌به‌رده‌ستیاندایه، بە شێوەیەکی کاریگەر بخنه خزمه‌ت ئامانج و ستراتیژه سه‌ره‌كییه‌وه.
تێگه‌یشتن و شیكردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو، یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی ئومێد‌و متمانەبه‌خۆبوون لە نێوان تیمەکانی کار و سودمەندانی دامه‌زراوه‌كه، کاتێک هەمووان ئاگاداری ستراتیژ و ئامانجەکانی داهاتوو بن، ئه‌وا هەماهەنگی و رۆحیه‌تی هاوكاری لە نێوان ئه‌ندامانی تیمه‌كه‌و بەشە جیاوازەکانی دامه‌زراوه‌كه، هه‌م زیاتر و هه‌م ئاسانتر و جددی تر ده‌بێت، هەروەها ئەم جۆره له‌نه‌فه‌سی كاركردن و به‌شداریكردنی هه‌مووان، له‌داڕشتنی پلان و هه‌نگاوه‌كانی داهاتوودا، رۆڵی گرنگیی ده‌بێت له‌هاندانی خۆرسكانه‌ی ستافه‌كه، تا دڵسۆزانه‌تر و به‌رپرسیارانه‌تر كاره‌كانیان بكه‌ن و بیرله‌نوێگه‌ری و داهێنان ده‌كه‌نه‌وه، ئەمەش ڕۆحی تیمی بەرز دەکاتەوە و ئاست و كوالیتی بەرهەمهێنانیش زیاد دەکات.
بوونی روانین وپلان و دیدێکی ڕوون و ئامانجدار بۆ داهاتوو، ئاسانكاری ده‌كات بۆ ئاست و چۆنیه‌تی خۆگونجاندن لەگەڵ كۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ژینگەی كار‌و ژینگه‌ی دەرەکیدا ڕوو ده‌دەن. ئێستا ئێمه لە جیهانێکداین، توانای پێشبینیکردنی گۆڕانكاری و ده‌رهاویشته‌و لێكه‌وته‌كانی داهاتوو، هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی بڕیاردان لەسەر بنەمایه‌كی گرنگیی ستراتیژیی زۆر گرنگە.
ئه‌م نه‌فه‌سی كاركردن و بیركردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردنه، یارمەتیدەر ده‌بیچت له‌چۆنیه‌تی تێگه‌یشن له‌ئاست و جۆری مه‌ترسی و ئاڵنگارییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی ئه‌و مه‌ترسییانه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و كۆنترۆڵكردنیان، کاتێک تیملیده‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراوه‌كان، هه‌ڵسه‌نگاندن و تێگەیشتنێکی وردیان بۆ ئه‌رك و ئامانجەکانی داهاتوو دەبێت، ئه‌وا ئاسانتر ده‌توانن ڕێوشوێنی خۆپارێزیی پێویست بگرنەبەر و یارییه‌كه پێچه‌وانه بكه‌نه‌وه، بوونی مه‌ترسی و ئاڵنگارییه‌كان، بكه‌نه هه‌وێن و خاڵی گۆڕانكاری و به‌خۆداچوونه‌وه‌ی راسته‌قینه، ئەمەش سەقامگیریی ناوخۆیی دامه‌زراوه‌كه چه‌سپاوتر ده‌كات و قه‌باره‌ی هه‌ر جۆره ئاڵنگاری و قه‌یرانێكیش بچوكتر ده‌كاته‌وه كه دوور‌و نزیك رووبه‌روی ژینگه‌ی كاری دامه‌زراوه‌كه بووبێته‌وه.