هاودەنگ فارووق
بەگوێرەی ئەزموونی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا، هەندێك بابەت و پرس ڕوونبوونەتەوە، بەو مانایەی، كە مەرج نییە هەر شتێك لە ڕووی تیۆرییەوە قسەی لەسەر بكرێت، لە ڕووی پراكتیكیشەوە نەگۆڕ بێت و شایستەی دەستكاریكردن نەبێت.
لەژیانی دیموكراسیدا، میدیا دەستەڵاتی چوارەمەو، زۆرینەی كەیس و بابەتەكان، میدیا یەكەمجار دەیزانێت و زانیارییەكان بە میدیاكان دەدرێن، ناوەندەكانی دروستكردنی بڕیار بەشێوەی ژەمبەژەم زانیاریی ئاراستەكراو بەمیدیاكان دەدەن تاكوو ئەوانیش بیدەنە جەماوەر و دەستكاری ڕای گشتی بكەن.
ئەوەی گوتمان لەژیانی دیموكراسی ساغڵەمدایە، كە هەموو شتێك بەگوێرەی سیستەم بەڕێوە دەچێت و، یاسا سەرجەم بابەتەكانی ڕێكخستووەو، دەزگا بەرپرسە سیاسی و یاسایی و ئیدارییەكان لەلایەك و میدیاكانیش لەلایەكی دیكەوە، ئەرك و ماف و سنووری بەرپرسیارێتی خۆیان دەزانن و بەهیچ پاساوێك و لەژێر هیچ زروفێكدا، سنووری یەكتر نابەزێنن و، مۆلەت بەخۆیان نادەن زیاد لەسنووری كاری پیشەیی ویاسایی خۆیان، پەل بهاون.
سەرجەم تیۆرەكانی جەدەلی نێوان دیموكراسیەت و میدیاش، جەخت لەوە دەكەنەوە. كەچی بەئەزموون دەركەوتووە لەكوردستان ئەم بابەتە بەو تەجریدییە سەركەوتوو نابێت.
لەڕاستیدا گلەیی یەكجار زۆر لەمیدیاكان دەكرێت. میدیا و میدیاكاران، لەزۆرینەی بابەتەكاندا لەسنووری كاری خۆیان دەردەچن و، ڕۆڵێكی زۆر خراپ دەگێڕن لە تێكدانی هەر ئاماژەیەكی باش و هەر كەشێكی پۆزەتیڤ لەكایەكانی ژیان لەكوردستان دێتە پێشەوە.
پێشتر بەچاولێكەری ئەو تیۆرانەی باس لە میدیا و دیموكراسی دەكەن، حزبەكانی كوردستان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی جڵەوی خۆیان بۆ میدیاكان زۆر شلكرد، بەجۆرێك لەوانەیە هەستیارترین زانیاری نێو كۆبوونەوە داخراوەكانیشیان گەیاندبێتە میدیاكان. كەچی میدیاكان لەبری ئەوەی ئەو زانیارییانە لە ڕووی میدیاییەوە بەرپرسانە بەكاربهێنن و، پیشەییانە سوودیان لێوەربگرن، بەپێچەوانەوە، بۆ تێكدانی شیرازەی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان و پێچەوانە بە ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان بەكاریان هێنا.
بۆیە وەك دەردەكەوێت، بەحوكمی ئەزموونی چەندین ساڵە، پارتی و یەكێتی گەیشتوونەتە ئەو بڕوا و بڕیارەی كە باشتر وایە (میدیا دوایەمین جار بزانێت) واتە ڕێگە نەدەن بەوەی زانیارییە هەستیارەكان بگاتە میدیاكان، چونكە میدیاكان نەیانتوانی لەماوەكانی ڕابردوودا پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو زانیارییانەدا بكەن، كە پێیان دەدرا.
بەخۆداچوونەوەی پارتی و یەكێتی لەچۆنێتیی مامەڵەی ڕاگەیاندنەكان و دانانی سنوورێك بۆ میدیاكان، خاڵی وەرچەرخانە لەپەیوەندیی نێوان میدیا و دەستەڵات لەكوردستاندا.
ئەوەش بەتەواوی لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی كوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە. یەكەم ئاماژەی سەركەوتنی ئەو گفتوگۆیانەش لەوەدا دەركەوت كە ڕێگەنەدرا بەوەی میدیاكان بەتایبەت میدیای پۆپۆلیست زانیارییان پێ بگات، نەوەك زانیارییەكان لەدژی ڕەوتی ڕێككەوتنەكان بەكاربهێنرێت وەك لەڕابردوودا ئەو ئەزموونە هەیە. بەڵكوو ئەمجارەیان پڕنسیپی ” میدیاكان دوایەمین جار بزانن” كاریگەری گاڵتە پێنەكراوی هەیە لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان بەشێوەیەكی ئیجابی و مژدەبەخش.
لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا میدیاكان لەم هەنگاوەدا چی دەكەن؟ متمانەو میسداقیەتی خۆیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە؟ ئایا بەخۆیاندا دەچنەوە و مامەڵەی خۆیان لەگەڵ واقیعی كوردستاندا دەگۆڕن؟ یان كوێرانە تیۆرە كۆنەكانی میدیا و دەستەڵات دەڵێنەوە؟