هاوژین رەسول
ئافره‌ت وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه، پێویستی به ئاماده‌سازیی هه‌یه بۆ ژیان، به‌ر له‌هه‌ر شتێك پێویسته خاوه‌ن متمانه‌بێت و نه‌خشه رێگای هه‌بێت بۆ چۆنیه‌تی ژیانكردن و به‌رده‌وام له هه‌وڵدابێت بۆ خۆ پێگه‌یاندن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیرییه‌كه‌ی، چونكه مرۆڤ چه‌ند رۆشنبیرتربێت ئه‌وه‌نده جوانتر ده‌ڕوانێته ژیان و زیاتر لێی تێده‌گات و په‌ی بهنهێنییهكانی ده‌بات، وردتر و ژیرانه‌تر كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی ده‌كات.
خاڵێكی دیكه‌ی سه‌ره‌كی بۆ هه‌موو مرۆڤێك دانانی پلانه بۆ سه‌ركه‌وتن له‌هه‌ر كارێكدا، چونكه هیچ مرۆڤێك به‌بێ پلان ناتوانێت سه‌ركه‌وتووبێت، ئه‌وه‌ی هه‌موومان ده‌گه‌یه‌نێت به ئامانج ئه‌و پلانه‌یه كه‌بۆ ژیانی خۆمان دامانناوه، ئیتر ئه‌و پلانه تایبه‌ت بێت به ژیانی ئاسایی و رۆژانه‌ی كه‌سێك، یان پلانێكی گشتگیره بۆ زه‌مه‌نێكی دورتر.
سوود وه‌رگرتن له هه‌ڵه‌كانی رابردوو، یه‌كێكه له‌نهێنییه‌كانی كه‌سانی سه‌ركه‌وتوو، كه پێویسته ئافره‌تان زیاتر سه‌رنجیان له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی ژیان هه‌بێت، ناكرێت مرۆڤ گیرۆده‌ی هه‌ڵه‌كانی رابردووی بێت، به‌رده‌وام له چوارچێوه‌ی لێكه‌وته‌كانی ههڵهیهكیدا بخولێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه مرۆڤی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت هه‌ڵه‌كانی بكاته پردێك بۆ په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و ژینگه‌یه‌كی شیاوترو سه‌ركه‌وتنی زیاتر، باشتر وایه بیكاته وانه‌و په‌ند بۆ رۆژان و هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی، پێویسته ئافره‌تی سه‌ركه‌وتوو كه‌سێكی نوێخوازبێت و له‌گه‌ل پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵگه خۆی بگونجێنێت، به‌ڵام خۆی له‌ده‌ست نه‌دات.
هیچ مرۆڤێك به‌بێ ركابه‌ر نیه و هیچ كارێكیش ئاسان نییه، نه‌خاسمه له كۆمه‌ڵگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه تیایدا ئافره‌ت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر كار‌و هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ره‌نگاری چه‌ندین ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه، بێگومان ئاسته‌نگ و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م ئافره‌تی كوردیش زیاتر‌و قورستره، نموونه‌ی ئافره‌تانی سه‌ركه‌وتوو له ژیاندا زۆرن، هه‌ر ئه‌وانیش ده‌زانن تا گه‌یشتوون به سه‌ركه‌وتن رووبه‌ڕوی چ ئاسته‌نگ و كێشه و گرفتێك بوونه‌ته‌وه.
زۆر باس له یه‌كسانی و ده‌رفه‌تی كار و یه‌كسانی ده‌كرێت له‌نێوان ئافره‌تان و پیاواندا، به‌ڵام له واقیعدا پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌بینین، كۆمه‌ڵگه رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه بۆ هاندانی ئافره‌ت تا سه‌ركه‌وتووبێت، هه‌رچه‌نده له‌ڕووی یاسایی و سیاسی و ریكخراوه‌ییه‌وه ده‌رفه‌تی زۆر بۆ ئافره‌ت ره‌خسێندراوه، به‌ڵام هێشتا كۆمه‌ڵگه پێویستی به‌هه‌وڵدان و كرانه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه به‌رامبه‌ر ره‌گه‌زی مێ بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و جیاكاری و ئاسته‌نگانه‌ی ده‌بنه رێگر له سه‌ركه‌وتنی ئافره‌ت.
ئافره‌ت داینه‌مۆی ژیانه و هاوبه‌شی سه‌ره‌كییه بۆ پێكهێنان و دروستكردنی خێزان، بۆیه ئه‌ركی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه پشتگیری له ئافره‌ت بكات تا بتوانێت له ئه‌ركه‌كانیدا سه‌ركه‌وتووبێت. ئافره‌تی كورد به‌درێژایی مێژوو، رۆڵی گرنگیی هه‌بووه‌و شان به‌شانی پیاوان كاری كردووه، ئیتر به‌شداریكردنه‌كه پێكهێنان و به‌ڕێوه‌بردنی خێزان و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ بێت، یان به‌شدابوون له شۆڕه‌ش و كایه‌كانی دیكه‌ی سیاسه‌ت و ریكخراوه‌یی و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری گشتیدا.
هیچ كات من له‌گه‌ل ئه‌وه‌دا نیم كه ده‌وترێت (ئافره‌ت لاواز‌و بێ ده‌سه‌ڵاته)، چونكه ئه‌وه ئێمه‌ی ئافره‌تین هه‌ندێكجار خۆمان وا پیشانداوه، بۆیه لێره‌وه ئافره‌تان به‌ر له هه‌ر كه‌سێك، پێویستیان به‌پشتیوانی و پشتگیری ئافره‌تانی تر هه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر ئافره‌تان نه‌بنه پشتیوان و پشتگیر بۆ یه‌كتر، ئه‌وا هیچ ده‌رفه‌تێك نامێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تان به‌رگری له‌خۆیان بكه‌ن و ناهه‌قی و نادادییهكانی پیاوان پیشان بدرێت و رای گشتی له‌به‌رابه‌ردا دروست بكرێت، ئافره‌تێكی زۆری داهێنه‌ر و خاوه‌ن پڕۆژه و بیرۆكه‌مان هه‌یه، به‌ڵام كێشه‌ی پشتگیری‌یان هه‌یه، به‌هۆی روانینی زۆرینه‌شه‌وه، ههووكاتێك و هه‌موو زه‌مه‌نێك ئافره‌تان، توانای گه‌یشتن به‌و پشتیوان و سه‌پۆرته كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی و ده‌وڵه‌تی و سیاسی و یاساییه‌ی نیه، بۆیه پێویسته سه‌ره‌تا ئێمه‌ی ئافره‌تان خۆمان بۆ سه‌ركه‌وتن له‌هه‌ر كارێكدا ئاماده‌ییمان هه‌بێت، ئینجا چاومان له پشتگیری و پشتیوانی ده‌وروبه‌رمان بێت، ئیتر هه‌ر له خێزانه‌وه تا هاوڕێ و هاوپیشه و ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر.