نامەکەتم هەر پێ دەگا

ئازا حەسیب قەرەداخی

ئێستا لەو دیو
شووشەبەندی شکاوی ساڵ
تروسکایی تۆ دەبینم
لە دوورەوە، وەک ئەستێرە
چاوت داخە
با خەیاڵت بەرز بفڕێ
سەرت بنێ وەبان خاک و
گوێ لە داوای دڵ ڕادێرە
ئەگەر ئەمشەو
وەکوو ئاسمان، مەیلت هەبوو
باوەش بکەی بە زەویدا
لەسەر سنگی پەڵە هەورێ
نامەیەکم بۆ بنێرە
کزەی سەرما
وەک دووری تۆ، تێمئاڵاوە
خێرت دەگا، بۆ تینی دڵ
هەناسەتی پێ بسپێرە
دەشێ مەل و ئاو و بەردیش
سەر هەڵگرن، لێت ون ببن
خەمت نەبێ
نامەکەتم هەر پێ دەگا
چونکە هەور، من ون ناکا
وەکوو جاران، ماوم لێرە

1/1/2022

ھەواڵی زیاتر