قائیمقامیەتی قەزای چۆمان لە ئاگادارییەکدا بڵاوی کردەوە: “ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ئەمڕۆ سنووری قەزای چۆمان و ناحییەکانی گرتۆتەوە، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ خوار( -9 تا -20) چۆمان و ناحیەکانی، بە ڕاوێژی شارەزاییانی کەشناسی کە مەترسی لەسەر هاتوچۆکردنی قوتابیان، بەهۆی بەستەڵەکی شەقام و ڕێگاکان ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی بۆ سەلامەتی مامۆستا، قوتابیان، فەرمانبەرانی دام و دەزگاکانی حکوومەت، لەسەر راسپاردەی قائیمقامی قەزاکەمان بڕیاردرا سبەی دووشەممە بکرێتە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت و قوتابخانەکانی (حکوومی) و پەیمانگەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی چۆمان.”
هەروەها ئەوەش خراوەتە روو: “پشووەکە ئەو قوتابیانە ناگرێتەوە کە بەشداری ئەزموونە دەرەکییەکان دەکەن.”
روونیش کراوەتەوە: “داوا لە هاووڵاتیان دەکەین بەبێ شارەزابوونیان بێ زنجیر و ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسڵ سەردانی شوێنە شاخاوییەکانی سنوورەکەمان نەکەن، هیوادارین لە ڕۆژانی داهاتوو دوای ئاسایی بوونەوەی کەشوهەوا ڕووبکەنە نێو بەفر و چێژ لە جوانییەکانی بەفر وەربگرن.”