جیاکردنەوەی خوێنەری ڕووکەش لە خوێنەری ڕاستەقینە

بە پێناسەکردنی هەر یەکێکیان بۆمان روون دەبێتەوە و دەزانرێت، خوێنەری ڕووکەش و ڕاستەقینە کێن؟

خوێنەری ڕووکەش، ئەو کەسایەتییە کە هەمیشە دەیەوێت نمایشی خۆی بکات؛ هەروەها ئەو زانستەی لە پەرتووکەکان وەردەگرێت پەیڕەوی لە زانستەکە ناکات و نایکات بە مەعریفەت، مەعریفەت بریتییە لەو زانستەی وەرگیراو بەشێوەیەکی دروست و باش پەیڕەو بکەیت لە کاروبارەکانی ڕۆژانەی خۆتدا ئەویش بەمەبەستی سوودگەیاندن بە خۆت و ئینجا دەوروبەر و دوایی تێکڕای کۆمەڵگە و جیهان بە شێوەیەکی گشتی.
خوێنەری ڕووکەش بۆچوونی کەسانی تر قبوڵ ناکات و دەستەمۆی دەسەڵات دەبێت ئەگەرچی دەسەڵاتەکە دادگەریش نەبێت، خێرا دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکانی سۆشیاڵ‌میدیا و میدیا.
خوێنەری ڕاستەقینە، ڕێک پێچەوانەی خوێنەری ڕووکەشە، نایەوێت عەرز و نمایشی خۆی بکات؛ بەڵکو بە شێوەیەکی سادە و ساکار دەخوێنێتەوە و زانستەکە وەردەگرێت دوایی دەیکات بە مەعریفەت بەمەبەستی سوودگەیاندن بە خۆی و دەوروبەر و کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی بەگشتی؛ بەمەش کەسایەتییەکی بێوەی و باش دێتە بوون.
شایانی باسە ساڵانە بە دەیان پێشانگا و ڤیستیڤاڵی پەرتووک دەکرێنەوە و سەدان ڕێکخراو و ناوەندی زانستی هەن کە هەوڵ دەدەن تاک بکەنە خوێنەر و خوێندنەوە بکەن بە کولتوور، بەڵام بە داخەوە هیچ کاریگەرییەکی دروست و باشی ئەم ڤیستیڤاڵە و ناوەندە زانستیانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەدی نەهاتووە، چونکە کۆمەڵگەی کوردی ڕۆژ دوای ڕۆژ یەک هەنگاو بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و کێشە جۆربەجۆرەکان سەلمێنەری قسەکانمن چونکە ئەگەر کۆمەڵگەیەک ئەو هەموو خوێنەرەی هەبێت؟ ئەی بۆچی کەس کەسی قبوڵ نییە! ئەی بۆچی ئەو نوخبە خوێنەرە نابن بە داینەمۆی هەمەچەشنی کۆمەڵگە و شوێن پەنجەیان دیار نییە؟
لە کۆتاییدا دەڵێم کۆمەڵگەیەکی بێوەی و خاوەن شارستانیەت بە خوێنەری ڕاستەقینە دروست دەبێت و دێتە بەرهەم، بەپێچەوانەوە هەرکاتێک خوێنەر دەستەمۆی کایە و سێکتەرەکانی دەسەڵاتێکی ناداد بوو، مەحاڵە گۆڕانکاری ڕاستەقینە دروست بێت و کۆمەڵگە بەرەو داڕووخان و لەنێوچوونی بەها مرۆییەکان دەچێت.

ھەواڵی زیاتر