شیڤان شێرزاد – هەولێر
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ، دوای بەڕێوەچوونی حەوت خول و پێشکەشکردنی دەیان شانۆگەری و کوڕ و سیمینار لەسەر ڕەوشی شانۆی کوردی و جیهانی، لەبەر بێبوودجەیی چەند ساڵێکە وەستاوە.
“هیوا سوعاد یونس” بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر لە ئاخاوتنێکی تایبەت بە ڕۆژنامەی “هەولێر” مژدەی سازدانی هەشتەمین خولی ئەو فێسیڤاڵە نێودەوڵەتیە بە شانۆکارانی کورد دەدات و دەڵێت: لە ١٣ـی نیسانی ٢٠٢٥ هەولێر پڕ دەکەین لە شانۆ و بانگهێشتی چەندین وڵاتی عەرەبی و جیهانی کراوە و بە کار و بەرهەمە شانۆییەکانیان بۆ ماوەی یەک هەفتە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بەشدار دەبن، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزا لە هونەری شانۆ هەڵسەنگاندن بۆ شانۆگەرییەکان دەکەن و باشترینەکانی نێو فێستیڤاڵەکە دەستنیشان دەکەن و چەند خەڵاتێکی تایبەت بۆ باشترین شانۆ و ئەکتەر و دەرهێنان و سیناریۆ دەبەخشرێتە بەرهەمە بەشدارەکانی نێو فێستیڤاڵەکە.
جێگەی باسە، هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری وڵاتانی بیانی لە مانگی ٤ـی ئەمساڵدا ساز دەکرێت و میوانداری ئەکتەر و گەورە دەرهێنەرانی عەرەب و جیهان و پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکات.