ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی
کارێکی ژەهراوی، ئەمەریکا و عێراق و گازبارانکردنی هەڵەبجە

کارەساتی هەڵەبجە؛ لە کارەستانە ترسناک و خەمهێنەرەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمە. ئەمە ئەگەر ئێمە وەکو کورد زۆرجار لە گەورەیی ئەم قەبارەیە تێ نەگەین، بەڵام لە واقیعدا قەبارەی ئەم کارەساتە گەلێگ گەورەیە و هیچی لە جینۆسایدی ئەرمەنیان یان جوولەکە کەمتر نییە، هەرچەندە بەدەر لە کارەساتی هەڵەبجە لە ژێر ناوی ئەنفالیشدا جینۆساید کراوین. بەڵام من بەتەنها باس لە کارەساتی هەڵەبجە دەکەم کە گەورەیی ئەم کارەساتە و لێکەوتەکانی کە تا هەنووکەش بە هەزاران کەس بە ئازارەکانییەوە دەناڵێنن لە کارەساتە لەبیر نەکراوەکانی سەر گەلەکەمانە.

ئەوەی ئەم کارەساتەی لە کارەساتێکی لۆکاڵییەوە نەکردۆتە کارەساتێکی جیهانی، یان بە جیهانی نەناساندووە (هەرچەندە لە چەند ئاستێکدا کاری لەسەر کراوە) بە پلەی یەکەم کەمتەرخەمی لۆبی کوردییە لە دەرەوەی کوردستان و نەبوونی پشتیوانی حکومەتی هەرێمیش بۆ ناساندنی ئەم کارەساتە، کە تا ئێستا لە ئاستی پێویستدا نییە. بۆ ئەوەی ئەک کارەساتە بناسێنین پێمە پێویستمان بە لۆبیکردنی کورردانی تاراوگە و هاوکات پشتیوانی حکوومەتی هەرێم هەیە، ئەمە بێجگە لە ناوخۆدا پێویستە ڕێکخراوە کولتووری و رۆشنبیرییەکان چالاکی نێودەوڵەتی ساڵانە لەو شارەدا و بەناوی ئەو شارەوە ڕێک بخەن تا ناساندنی کارەساتەکە پرۆسەیەکی بەردەوام بێت نەک پرۆسەیەکی وەستاو و لاواز.
لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە وەک دەنگدانەوەی ئەم کارەساتە لە دەرەوەی هەرێم دەردەکەوێت کتێبێکی “یوست هێڵتەرمان” سەبارەت بە کارەساتە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە چەند ساڵێک لەمەوبەر چاپی یەکەمی بە کوردی بڵاوکرایەوە و خۆشبەختانە لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپێکی نوێی بە دیزایین و چاپێکی قەشەنگ و شایستەوە و لە دوتوێی 724 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکردووەتەوە. ئەم کتێبە ناوازەیە لە وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق-ـە، کە یەکێکە لەو وەرگێڕانەی هەمیشە کاری دەگمەن و ناوازە بۆ کاری وەرگێڕان هەڵدەبژێرێت.
نووسەر کە پێشەکی بۆ چاپی کوردی کتێبە نووسیوە و کتیبەکە بە ئاگاداریی خۆی کراوە بە کوردی ئەوەی خستووەتەڕوو کە بەر لەوەی کتێبێک سەبارەت بە کارەساتی هەڵەبجە نووسێت، ئەو کتێبێکی سەبارەت بە جینۆساید لە عێراق و پرۆسەی ئەنفال بە نموونە نووسیوە، بەڵام لە ئەمەریکا و ئەوروپا هیچ پێشوازییەکی ئەوتۆ لەم کتیبە نەکراوە، لەکاتێکدا قەبارەی ئەم جینۆسایدە هیچی لە قەبارەی جینۆسایدەکانی دیکەی جیهان کەمتر نەبووە بەتایبەت هۆلۆکۆست. نووسەر بە ڕاشکاوانە دەڵێت کە بۆ ئەنجامدانی ئەم کتێبەش دڵسارد بووە، بەڵام هەر ئەنجامی داوە و وەکو بڕوایەک بە دۆزەکەی و بایەخە مرۆییەکەی. نووسەر ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئامانجی سەرەکی ئەم نووسینی ئەم کتێبەدا (کارێکی ژەهراوی) ئەوە بووە کە خوێنەرە رۆژئاواییەکان لە کارەساتەکە ئاگادار بکاتەوە و بە پشت بەستن بە چیرۆکی ئەوانەی لە کارەساتەکە ڕزگاربوون و زانیارییەکان لە زاری ئەوانە بێت.
بێگومان وەکو نووسەر خۆی دەیڵێت ئەم کتێبە تەنها بۆ خوێنەری رۆژئاوایی گرنگ نییە، وەکو خۆی دەیڵێت ئامانجی لاوەکی کتێبەکە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە مرۆڤی کورد تێبگات کێ چی بەرامبەر کردووە و چۆن بێدەنگی بەرامبەر دۆزەکەی هەڵبژێردراوە لەلایەن جیهانەوە. نووسەر دەخوازێت لەڕێی ئەم کتێبەوە تێگەیشتنێکی باشتر لە کارەساتی هەڵەبجە بۆ مرۆڤی کورد دروست بێت. نامەوێت سەرنجی زیاتری نووسەر بگوێزمەوە، بەڵام لە سەرەتاوە باسم لەوە کرد خۆمان وەکو کورد بەرپرسیارین سەبارەت بە نەناساندنی کارەساتی هەڵەبجە مەبەستم لەوە بوو کە لەگەڵ ئەوەی مافی مرۆڤی جیهانی لە ئاستی کورد بێدەنگە، بەڵام پێویستە ئێمە دەنگمان بەرزتر بێت. بێدەنگی ئەوان، کوێری ئەوان، نەبێتە هۆی ساردکردنەوەی خۆمان بۆ پێداگریی لەسەر دۆزەکەمان و ناساندنی بە جیهان.
کتێبی “کارێکی ژەهراوی” لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕوپڕە بۆ دیکیۆمێنتکردنی کارەساتی هەڵەبجە و تێگەیشتن لەوەی بۆچی جیهان (بەتایبەت ئەوروپا و ئەمەریکا) لە ئاستی ئەم کارەساتە بێدەنگن. لە کتێبەکەدا بە وردی ئەوەی خراوەتەڕوو کە هۆکاری ئەو بێدەنگییە چییە؟ بەتایبەت بێدەنگی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمەریکا لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق- ئێراندا لایەنگر و هاوکاری عێراق بووە، بۆیە زۆرجار و لە زۆر ئاستدا هەوڵی پەردەپۆشکردنی کارەساتەکە و بێدەنگیلێکردنی دەدرێت.
ماوەتە بڵێین کە کتێبەکە ئێستا بە چاپێکی نوێوە بەردەستە و شایستەی خوێندنەوە و کتێبێکە لە ئازاری کوردبوون نزیکمان دەخاتەوە، بۆیە پێویستە لە هەموو کتێبخانەیەک و ماڵێکدا هەبێت، چونکە لەوە تێمان دەگەیەنێت کوردبوون چەندە سەختە و مانەوە چەندە سەختترە.

ھەواڵی زیاتر