سوپای سووریای ئازاد خۆی هەڵوەشاندوەتەوە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

سوپای میللی سووریا، كە پێشتر سوپای سووریای ئازاد بوو، لەلایەن توركیاوە دامەزرا و ئامانج لەدروستكردنی ئەو سوپایە، دژایەتیكردنی یەپەگە بوو، هەروەها بەشێكی زۆری خاكی سووریا لەلایەن ئەو سوپایەوە داگیر كرا، لە نێوانیاندا عەفرینی رۆژئاوای كوردستان بوو.

دوای ئەوەی تەحریر شام، بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد شەرع، توانییان رژێمە دیكتاتۆرەکەی بەشار ئەسەد لەناو ببەن، یەكێك لە داواكارییەكانی شەرع ئەوە بوو، دەبێت هەموو ئەو هێزانەی لە سووریا هەنە خۆیان هەڵوەشێننەوە و بێنە ناو سوپای تازەی سووریاوە.
هەسەدە، كە بەشێكی سەرەكی ئەو سوپایە یەپەگەن، تاوەكوو ئێستا بەپیل ئەو داوایەی شەرع نەهاتووە، ئەوان دەڵێن تا مافی كورد نەدرێت و گفتوگۆیەكی فراوان لەنێوانیاندا نەكرێت، چەك دانانێن. هەروەها سوپای سووریای ئازاد، كە توركیا پشتگیری دەكات، خۆی هەڵنەوەشاندووەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەوەی توركیا بە تەواوی دەسەڵاتی بەسەر ئەو هێزەدا هەیە و نزیكیشە لە حكوومەتی ئێستای سووریاوە، بۆیە هەنگاوی هەڵوەشانەوەی سوپای سووریای ئازاد دەستی پێكردووە.
رێکەوتی ٢٧/١/٢٠٢٥ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنە سعوودیەکەی (شەرق) نەیشاردەوە كە سووریا ٨٠هەزار چەكداری سەر بە توركیای لێیە، بەڵام پێیان گوتراوە بڕۆنە ناو سوپای سووریاوە و پێویست ناكات ئیتر وەكوو هێزێكی سەربەخۆ بمێننەوە. بەڵام تاوەكوو ئێستا ئەو سوپایە بەتەواوی خۆی هەڵنەوەشاندووە، تەنیا لە چەند ناوچەیەكی وەكوو عەفرین و حەلەب كشاوەتەوە، لە شوێنی ئەوان سوپای سووریا جێگیر بووە.
حكوومەتی توركیا، لە ٢٠١٧، بەفەرمی سوپای سووریای ئازادی دامەزراند، ئامانجیش لە دروستكردنی ئەو سوپایە، دژایەتیكردنی یەپەگە بوو، بۆیە لە ئۆپەراسیۆنێكی گەورەدا، بە ناوی (چڵە زەیتون)، كە سوپای سووریای ئازاد بەشداریی تێدا كرد، عەفرینیان داگیر کرد، جیا لەوێش چەندین شوێنی تری سووریایان داگیر كرد.
بەڵام وەكوو ئەوەی شرۆڤەكارانی سیاسی باسی دەكەن، رەنگە ئەمەی توركیا دەیكات تەكتیك بێت و نەیەوێت لەم كاتەدا سوپای سووریای ئازاد هەڵوەشێنێتەوە، چونكە جارێ نەیتوانیوە ئامانجەكەی بپێكێت، ئەویش لەناوبردنی یەپەگەیە.
توركیا بەم هەنگاوانە دەیەوێت بە ڕای گشتی جیهان بڵێت، سوپاکەی سەر بە خۆیانیان هەڵوەشاندووەتەوە، بۆیە دەبێت ئەورووپا و ئەمریكا پاڵپشتی سووریا بكەن، بەوەی هەسەدە هەڵوەشێننەوە و چەكدارەکانیان بچنە ناو سوورپای تازەی سووریاوە.
سوپای سووریای ئازاد، بە فەرمی خۆی هەڵنەوەشاندووەتەوە، بەڵام نەرمە بەرامبەر بە حكوومەتی سووریا و چاوەڕێیە فەرمانیان پێ بكەن تا رووبەڕووی هەسەدە ببنەوە.
ئەگەربێتو هەسەدە و سوپای سووریای ئازاد رووبەڕووی یەكتری ببنەوە، شەڕێكی سەختی ناوخۆیی لە سووریا دێتە كایەوە و هەزاران كەسێش ئاوارە دەبن؛ ئەستەمە ئەو سوپایە بە ئاسانی خۆی هەڵوەشێنێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی (BBC)ی توركی، بەشێكی ئەو سوپایە لە چەند ناوچەیەكدا نەماون، چەند فەرماندەیەكیشیان چوونەتە ناو سوپای سووریا، لەوێ پۆستی باڵای سەربازیان وەرگرتووە، بەڵام ئایا ئەگەر هەسەدە بڕیار بدات خۆی هەڵوەشێنێتەوە و بچێتە ناو سوپای سووریاوە، ئایا وەكوو فەرماندەكانی سوپای سووریای ئازاد، فەرماندەكانی ئەوانیش لە كەرتی سەربازیی سووریادا پۆستی باڵای سەربازییان پێ دەدرێت؟