كارزان گلی – ههولێر
ئەمڕۆ یەكشەممە، ٢٣ی٢ی٢٠٢٥، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)، دەچێتە ناو هەشتەمین كۆنگرەی ئاسایی خۆیەوە، تاكە بەربژێر بۆ سەرۆكی پارت، رەجەب تەییب ئەردۆغانە، لەو زیاتر هیچ كەسێكی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر ناكات.
لە گۆنگرەدا، فۆكەس دەخرێتە سەر زۆر بابەت، دیارترینیان هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی توركیایە، دەیانەوێت لە كۆنگرەدا چەندین كەسایەتی دوور بخەنەوە، لە شوێنی ئەوان كەسانی تر بهێننە پێشەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، هەر لە كۆنگرەدا، ئەردۆغان داوا لە چەند وەزیرێكی كابینەكەی دەكات، دەستبەرداری پۆستەكەیان ببن، سوپاسیان دەكات چەند ساڵێكە لەو پۆستەن و دەڵێت ئیدی دەستبەرداری ببن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، لە سەركردایەتی ئێستای ئاكەپە، گۆڕانكاری ریشەیی دەكرێت، باس لەوە دەكرێت زیاتر لە ٥٠٪ی سەركردایەتی ئێستا دەگۆڕدرێت و لە شوێنی ئەوان كەسانی تر دێنە پێشەوە.
هەر لە كۆنگرەدا، سەركردایەتی بڕیار دەدات، جێگری سەرۆكی پارت بۆ سێ جێگیر زیاد بكەن،چونكە بارودۆخ وا دەخوازێت جێگرانی سەرۆك زیاد بكرێت.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە جێگری سەرۆك زیاد بكرێت، بوونی سەرۆكی پارتە وەكوو سەركۆماری توركیا و بە كاری سەرۆكایەتیی سەرقاڵە، بۆیە دەبێت جێرەگرەكان كارەكانی پارت راپەڕێنن، بەمەش دەبێت ژمارەی جێگیر زیاد بكرێت.
ئەوەی بووەتە مایەی نیگەرانیی ئاكەپە، كەمبوونەوەی دەنگی ئەو پارتەیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، كە بۆ یەكەمجاربوو دوای ٢٢ ساڵ، ئاكەپە بووە پارتی دووەم و جەهەپەش بووە پارتی یەكەم.
ئاكەپە، دەیەوێت لە كۆنگرە دەستنیشانی خاڵە لاوازەكانی بكات، ئەو هۆكارانە بدۆزێتەوە بۆچی دەنگی ئەو پارتە كەمی كردووە، هەروەها كاریش لەسەر هۆكارەكان بكات و لە كۆنگرەدا بڕیاری چارەنوسساز بدەن.
وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، ئەردۆغان، بە ئاشكرا بە چەند بەرپرسێكی گوتووە، ئێوە هۆكاری شكستی ئاكەپە بوونە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، بۆیە دەبێت لە كۆنگرەدا باجی قورس بدەن، ئەویش لادانیانە لە سەركردایەتی پارت.
هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ ئاكەپە زۆر گرنگە، چونكە بەئەگەرێكی زۆرەوە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، بەربژێری جەهەپە دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، ئیمامئۆغڵوش خاوەن جەماوەرێكی بەرچاوە، ئەمە ئەركی ئەردۆغان قورس دەكات.
ئەردۆغان، دەیەوێت لەم كۆنگرەیەدا، ئەو كەسایەتییانە بهێنێتە پێشەوە كە خۆشەویستن لای جەماوەر، چونكە دەزانێت ئەگەر بچێتە كێبڕكێوە لەگەڵ ئیمامئۆغڵو، بەم حاڵەی ئێستای پارت، ئەردۆغان سەركەوتنی ئەستەم دەبێت.
كۆنگرەی ئەمجارەی ئاكەپە، ئامانجی سەرەكی چۆنییەتی سەركەوتنیانە لە هەڵبژاردنی داهاتوو، بۆیە وردبینانە كار لەسەر دەستنیشانكردنی سەركردایەتی ئاكەپە دەكرێت، دوای كۆنگرەش كار لەسەر ئەوە دەكرێت، دەنگی ئاپەكە زیاد بكەن و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پروپاگندەی هەڵبژاردن دەستپێدەكەن و جەماوەر لە خۆیان نزیك دەكەنەوە.
پێدەچێت وتارەكەی ئەردۆغان لە كۆنگرەدا، زۆر توند بێت و رووی دەمی لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بكات و رەخنەی زۆر جیدیان لێ بگرێت. هەروەها باس لە پرسی كورد دەكات، بەتایبەت ئەو هەنگاوەی دەستپێكردووە بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی، بەڵام نازانرێت ئاخۆ ئەردۆغان، هەڵوێستی كۆتایی خۆی لەبارەی پرسی چارەسەریی كورد، لەو كرنگرەیەدا یەكلایی دەكاتەوە.