ڕائیب جادر – هەولێر
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاگەیاند، تاکو ئێستا بابەتی ئاو لە ھەرێمی کوردستان نەکەوتووەتە دۆخێکی مەترسیدار، جەختیش دەکاتەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە دروستکردنی بەنداو و پۆند ھەموو ھەوڵەکانی خستۆتەکار، بۆ ئەوەی کە ئەو سەرچاوە گرنگەی ژیان نەکەوێتە قەیرانەوە.
یەکێک لە پلانە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاو دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بووە، لە ئێستادا بەنداو و پۆندێکی زۆر دروستکراون، بەشێکیشیان کارکردن تێیاندا لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، لە پلانی ستراتیژی حکوومەتی ھەرێم بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بڕیار دراوە چەندین بەنداو بەشێوەی جیاواز لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان دروست بکەن.
لە ھەرێمی کوردستان ٢١ بەنداو و زیاتر لە ١٢٠ پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو ھەن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ستراتیژیەتی زیادکردنی ئەو ژمارەیەی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قەیرانی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی داڕشتووە و لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، جگە لە پاراستنی سەرمایە، کۆکردنەوەیەتی بۆ سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری، پاڵپشتیکردنی جووتیاران، ڕەخساندنی ھەلی کار، زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی و پاراستنی ھاووڵاتییان لە لافاو.
لە دروستکردنی بەنداو لە ھەرێمی کوردستان یەکەم کەرت کە زۆرترین قازانج دەکات کەرتی گەشتیارییە، لە ھەر شوێنێک بەنداو دروست کرا بەتایبەت لەو ناوچانەی ئاووھەوایان لەبارە و ڕێگایەکی باشیان ھەیە کەرتی گەشتیاری دەبووژێتەوە و دەرفەتی کار دروست دەبێت.
لە مانگی ٩ی ساڵی ڕابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کاتی دانانی بەردی بناغەی بەنداوی دووین لە سنووری پارێزگای ھەولێر، ڕاگەیاند، ئەو پلانە ستراتیژییەی ئێمە لە بواری ئاو گرتوومانەتە بەر، بۆ ئێستا و داھاتووی وڵاتمان کاریگەریی زۆری ھەیە. گلدانەوەی ئاوی باران و کانیاوەکانمان، لە سەرەکیترین ڕێکارەکانمانە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا و لێکەوتەکانی وشکەساڵی، ئێمە لە پلانەکانمان بەردەوام دەبین.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا ڕەوشی ئاو زۆر باشە، ھەر بۆ ئەو مەبەستە کار دەکرێت کە بە چ شێوەیەک پارێزگاری لە ئاو بکەین، بۆ ئەوەی توشی قەیرانی کەم ئاوی نەبینەوە، دوای ماندووبوونێکی زۆر توانیومان ڕەزامەندی وەزارەتی پلاندانان و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەدەست بھێنین بۆ دروستکردنی چوار بەنداوی گرنگ لە ھەرێمی کوردستان.